هاوڕێ جەمال
گەر کەمێک زۆرنا ، بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی نەوەتەکان، کاتێک خزمێکمان یا ھاوڕێ و ناسیاوێکمان لە ھەندەران ئەگەڕایەوە، و ئەو پرسیارانەمان لێی ئەکرد کە تایبەت بوون بە بواری خزمەتگوزاری و ئۆقرەیی سیاسی ئەو وڵاتەی کە لێی نیشتەجێیە، زۆر بە باشی باسی ھەندەرانی ئەکرد، و ئەیوت ھیچ کێشەیەکمان نیە، ھەموو شتەکان بەپێی سیستم ئەڕوا بەڕێوە، بەڵام کاتێک پرسیاری پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانمان ئەکرد، ئەوەمان دەسئەکەوت، کە ئەوروپاییەکان بەشێوەیەکی گشتی لە رووی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانەوە لاوازن، بە جۆرێک زۆرجار نموونەی ئەوەیان بۆ ئەھێناینەوە، کەسێک لە ماڵەکەی خۆیدا مردووە، پاش چەند مانگێک ئینجا پێیان زانیوەو شارەوانی و دەزگا پەیوەندیدارەکان تەرمەکەیان بەخاک سپاردووە، یا لێمان ئەبیستن کە بۆ بۆنەی زۆر تایبەت نەبێ ھاتووچۆی یەکدی ناکەن، یاخود ئەو گیانی ھەرەوەزییەی کەلای خۆمان ھەبوو بۆ ئەنجامدانی کارێک لای تاکی رۆژئاوایی نیە، کاتێک لە ھۆکاری ئەوەمان ئەپرسی زیاتر بۆ یەک ھۆکاریان ئەگەڕاندەوە، ئەویش نەبوونی کات بوو، بەجۆرێک خەڵکی لە بەیانی زووەوە تاوەکو ئێوارە ھەر خەریکی کار و سەرقاڵی ئیشن، بەجۆرێک سەریان ناپڕژێتە سەر ھەواڵپرسینی خزم و ناسیاو و گرتنەوەی کاتی خۆیان لە پێناو ھاوکاری کردنی ئەوانی تر.
ئێریش شێورمان، نووسەری کتێبی (پاپا لەنگی: پیاوە سپییەکە) کەلەسەر زاری یەکێک لە سەرۆکی خێڵەکانی زەریای باشور، بەناوی توییاڤی، باس لە تاکی رۆژئاوایی ئەکا، و بە پاپا لەنگی گوزارشتی لێ ئەکا، ئاماژە بەوەئەدا کە پاپا لەنگی کاتی نیە، ھەر خەریکی کۆکردنەوەی پارچەتەنەکەی خڕو کاغەزە قورسەکانە (مەبەست لێی پارەیە) ، لە شوێنێکی تردا ئەڵێ (پاپا لەنگی ھەمیشە ناڕازیە لەکاتی خۆی و سکاڵا لەدەست گیانە مەزنەکە دەکا {مەبەستی خوایە }، کە کاتێکی زۆرتری پێنەبەخشیوە، بە سوکایەتیەوە لە خواو حیکمەتە گەورەکەی دەنواڕێ، چونکە ھەر رۆژێکی نوێ، بەپێی پلانێکی تایبەت دابەش و لەتوکوت دەکا.)*
پاپا لەنگی کەسێکە جوانیە جەوھەریەکانی ژیان تاڵانفرۆش ئەکاو ئەیانگۆڕێتەوە بە جوانیە رووکەشەکان، ئەو کەسێکە ھەڵوەداو بێ وچان ھەڵپەی وەدەسختن و کۆکردنەوەی سامانیەتی، بێ ئەوەی ئاوڕ بداتەوە لە سامانی حەقیقی، سامانی تێگەیشتن و مەعریفەی جوانیەکانی سروشت و وەدیھێنەرەکەی، پاپالەنگی بەمرۆڤی ئەم سەردەمە دەوترێ کە ویستی لە رێگەی عەقڵەوە خوای راستەقینە بکوژێ، و بەبیانووی باڵابوونی مرۆڤەوە رەتیکردەوە سەری بۆ نەویکا، بەڵام ھەر ئەو سیستمەی زادەی ئەو عەقڵەیە، ھەزاران خوای ساختەی لەبەردەمدا قووتکردەوە، کە نەک رۆژانە پێنج جار ، یا ھەفتەی رۆژێک، بەڵکو بەردەوام ملکەچی داخوازیەکانیەتی.
تاکی رۆژئاوایی بە تێگەیشتنەکەی فەیلەسوفی ئەمریکی (ئەریک فرۆم) بەھۆی سیستمی سەرمایەداری و شۆڕشی تەکنەلۆژی، رۆژ دوای رۆژ ئازادیە رووکەشیەکانی ئەگۆڕێتەوە بە ئازادیە جەوھەریەکان، ھەر ئەمەشە وای لێدەکات کە بەردەوام خۆی لە تەنھاییدا ببینێتەوە، ئەو ھەموو پێداویستیەکانی ژیانی لەبەردەمدا فەراھەمکراوە، بەڵام بایی ئەوە لە ژیاندا دڵخۆش نیە، ئەو توانی لەدەست جەبەروتی کلێسە و حکایەتە بێ فەڕەکانی قەشە خۆی ئازاد بکا، بەڵام مەلی ئازادی خۆی خستە ناو فارگۆن و کارگەو ماشێن و براندە بازرگانیە زەبەلاحەکانی سیستمی سەرمایەداریەوە.
ئەوەتا ئێمەش بێ ئەوەی ھەست بەخۆمان بکەین، خەریکە ھەمان مێژوو دووبارە دەکەینەوە،خەریکە یاخود بووین بەپاپا لەنگی، بەبیانووی ئیش و نەبوونی کات دۆست و خۆشەویستانمان پشتگوێ خستووە، ھەموو ھەر راکەراک و ھەناسە بڕکەی ژیانیەتی، ھێشتا پێشی ناگات، پێشی بگا داوای زیاترو زۆرتر ئەکا.
پاپا لەنگی ئێمەین، کە سیستمی سەرمایەداری وایلێکردن، مردووەکانمان لە زیندووەکانمان لا خۆشەویستربێ، و تەندروستی خۆمان لەسەر حسابی دەوڵەمەندبوونمان دانێیین، و ئەوەی پەیامانکرد دووبارە لە تەندروستیماندا خەرجیبکەینەوە.
ئەوە ھەر تاکی ئەوروپی نیە، بەھۆی بوون بە رۆبۆت لەناو سیستمی کاری کارخانەیەک یا کۆمپانیایەک، جوانی خۆر ھەڵاتن و خۆر ئاوابوون نابینێ، ئەوە ئێمەشین کە لەبەر خۆپەرستیمان، لەبەر حەزوو ھۆگریەکانمان بەدەوری کەمالیاتی ژیان، لێدەگەڕێیین ئاوەکە لیخن بێ، بێ ئەوەی لە خەمی ئەوەدابین رەنگە لەو خوارە کۆترێک ئاوی لێ بخواتەوە، یا لە ئاواییەکا گۆزەیەکی لێ پڕبکرێ، یاخود دەستی دەروێشێ نانێکی وشکی پێ تەڕبکا**.
*کتێبی پاپا لەنگی: پیاوە سپییەکە،نووسینی ئێریش شێورمان
**ئاماژەیە بە چوارینەیەکی شاعیری ئێرانی ( سوھرابی سپھری)
سەرچاوە ئاوێنە