خۆبەزلزانی؛ چۆن دیکتاتۆرەکان ترس و دەسەڵات بەکاردێنن؟

 

 

 

اد. ژان ئیلهان کزڵهان
د. ژان ئیلهان کزڵهان

 

لە جیهانێکدا کە پڕە لە نادڵنیایی، قەیرانی ئابووری و ناکۆکی جیۆپۆڵەتیکی، سەرکردە دیکتاتۆرەکان دەسەڵاتی زیاتر بەدەستدێنن. هۆکارە دەروونییەکانی پشت ئەم گەشەسەندنە قووڵن. سیاسەتڤانە پۆپۆلیستی و دیکتاتۆرەکان دەزانن چۆن ترس و نادڵنیایی خەڵک بەکاربهێنن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان. ئەوان دووژمن دروست دەکەن، بانگەشەی ئەوە دەکەن تەنیا ئەوانن دەتوانن نەتەوەکەیان بپارێزن و، وەڵامی سادە بۆ کێشە ئاڵۆزەکان دەخەنەڕوو. ترس لە کۆچ، گۆڕانی کولتووری، ناکۆکیی نەتەوەیی، یان داڕمانی ئابووری بە تەنیا بەکارناهێنرێت لەلایەن ئەم سەرکردانەوە - بەڵکو بەمەبەست چڕتر دەکرێتەوە.

یەکێک لە تاکتیکە باوەکانی دیکتاتۆرەکان پێچەوانەکردنەوەی رۆڵی قوربانی و تاوانبارە. بۆ نموونە، رووسیا شەڕەکەی دژی ئۆکراینا بەوە پاساو دەدات کە ئۆکراینا وەکو داگیرکەر دەنوێنێت. ستراتیژیی هاوشێوە لە وڵاتانی دیکەش دەبینرێت کە تێیدا سەرکردەکان وێنەی دووژمن دروست دەکەن بۆ یەکخستنی لایەنگرەکانیان و بێدەنگکردنی بەرهەڵستکاران. ئەوان عەقڵیەتی "ئێمە بەرامبەر ئەوان" دروست دەکەن، کە کۆمەڵگەکان دابەش دەکات و رێگری دەکات لە دیالۆگی بنیاتنەر. خەڵکانێک کە هەست بە هەڕەشە دەکەن مەیلیان بۆ سەرکردایەتیی بەهێز دەبێت. 

توێژینەوە دەروونییەکان دەریدەخەن لە کاتی قەیران دا، تاکەکان روونکردنەوەی روون و سادەیان پێباشترە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵۆزیی کەتوار (واقع). ئەمە بەتەواوی ئەوەیە کە دیکتاتۆرەکان پێشکەشی دەکەن: جیهانێک کە تێیدا کێشەکان دەخرێنە پاڵ بیانییەکان، "خائینەکان" یان کەمینەکان، لەکاتێکدا خۆیان وەک سەرکردەیەکی بەهێز دەنوێنن کە نەتەوەکە لە مەترسی دەپارێزن.

زۆر لە سەرکردە دیکتاتۆرەکان خەسڵەتی روونی خۆبەزلزانی دەنوێنن. ئەوان باوەڕیان وایە کە چارەنووسیان بۆ سەرکردایەتیکردن دیاریکراوە، تواناکانیان زۆر گەورە دەکەن و، رەخنە وەک هێرشی کەسی دەبینن. پێویستییان بە ستایشکردن و کۆنترۆڵکردن دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەیەکی مەترسیدار لە کەتوار. ئەم هەستی باڵادەستییە زۆرجار لەگەڵ پارانۆیادا هاوتەریبە— ترسێکی قووڵ کە دەسەڵاتیان بەردەوام لەژێر هەڕەشەدایە. ئەوان سەرقاڵی تاقیکردنەوەی دڵسۆزی دەبن، دەرکردنی هەرکەسێک کە پرسیار لە دەسەڵاتیان بکات و، دروستکردنی تیۆرە پیلانگێڕییە وردەکان بۆ پاساودانی کردەوە سەرکوتکەرەکانیان. پارانۆیاییەکەیان وایان لێدەکات دووژمن لە هەموو شوێنێک ببینن، بەشێوەی راستەقینە و خەیاڵی، کە دەبێتە هۆی بڕیاری ناجێگیر و زۆرجار دڕندانە. کاتێک دەسەڵاتیان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، بە دووژمنکاری، سەرکوتکردن، یان تەنانەت بەشێوەی تووندوتیژانە کاردانەوە نیشاندەدەن. هەستیان دەتوانێت لە نێوان لەخۆباییبوونی زۆر و نادڵنیایی قووڵ دا بگۆڕێت، کە سەرکردایەتییەکەیان ناڕوون دەکات. 

ئەم تێکەڵەی خۆبەزلزانی و پارانۆیایە دەبێتە هۆی شێوازێکی ناسک، بەڵام دووژمنکارانەی حوکمڕانی، کە تێیدا بڕیارەکان لەسەر بنەمای نادڵنیایی کەسی دەدرێن نەوەک ستراتیژیی سیاسیی هۆشمەندانە. ئەوان خۆیان بە کەسانێک دەورە دەدەن کە خۆبەزلزانییان بەهێز دەکەن و، ئەوانەش لادەبەن کە هاوڕانین لەگەڵیان دا، کەشێک دروست دەکەن کە تێیدا چیدیکە رووبەڕووی راستی نابنەوە.

هۆکارێکی دیکە بۆ سەرنجڕاکێشیی سەرکردایەتی دیکتاتۆری لە برینی مێژووییدایە. نەتەوەکان کە شەڕ، سەرکوتکردن، یان لەدەستدانی دەسەڵاتی پێشوویان ئەزموون کردووە - وەکو رووسیا دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت یان تورکیا دوای کۆتایی ئیمپراتۆری عوسمانی، زۆرجار ناسنامەیەکی ناسیونالسیتیی تووند پەرەپێدەدەن. سەرکردەکان ئەم برینە بەکاردێنن بۆ پاساودانی سیاسەتی دیکتاتۆری، خۆیان وەکو پارێزەرێک دەنوێنن کە شکۆی پێشووی نەتەوەکە دەگێڕنەوە. رابردوو دەستکاری دەکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئێستا.

لە ئاستی تاکەکەسی دا، بیرکردنەوەی دیکتاتۆری زۆرجار لەلایەن ئەزموونەکانی منداڵییەوە شێوە دەگرێت. توێژینەوەکان پیشان دەدەن ئەو کەسانەی لە ژینگەی تووند و دیکتاتۆری دا گەورە دەبن، زیاتر پشتیوانیی لە سەرکردە بەهێز و کۆنترۆڵکەرەکان دەکەن. ئەمە بەتایبەتی راستە لەو کۆمەڵگەیانەی کە سزای جەستەیی و پێکهاتەی هیرارکی باون. ئەنجامەکە بازنەیەکی مەترسیدارە کە تێیدا بەهاکانی دیکتاتۆری لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێنەوە.

مەترسیی راستەقینە کاتێک دێت، کە دیکتاتۆرەکان هێزە سەربازییەکان، دەزگا هەواڵگرییەکان و، تەنانەت چەکی ئەتۆمی کۆنترۆڵ دەکەن. پارانۆیایان لەبارەی لەدەستدانی دەسەڵات دەتوانێت وایان لێبکات ناعەقڵانی و تووڕە بن. لەجیاتی گونجاندن لەگەڵ رەخنە یان سازش، زۆرجار ناکۆکییەکان چڕتر دەکەنەوە بۆ پاراستنی کۆنترۆڵەکەیان. ئەو ساتەی هەست دەکەن دەسەڵاتیان لە دەست دەچێت، زیاتر مەترسیدار دەبن، خۆپیشاندانەکان سەرکوت دەکەن، دژبەرەکان دەستگیر دەکەن، یان دەستپێشخەری سەربازی دەکەن بۆ ئەوەی سەرنج لەسەر کێشە ناوخۆییەکانیان لابدەن.

مێژوو، پیشانی دەدات؛ دیکتاتۆرەکان کاتێک ناڕوونتر دەبن، کە حوکمەکەیان لەژێر هەڕەشەدا بێت. بۆ پاراستنی دەسەڵات، ئامادەن رێوشوێنی تووند بگرنەبەر، بەبێ گوێدانە تێچووی گەلەکەیان یان سەقامگیریی جیهانی. ئەگەر کۆمەڵگەکان بیانەوێت ئەم بازنەیە بشکێنن، دەبێت سەرنج بخەنە سەر گۆڕانی درێژخایەن. پەروەردە کلیلە . خەڵک دەبێت فێربن چۆن دەستکاریکردن و پڕوپاگەندە بناسنەوە. ئاسایشی ئابووری و سەقامگیریی کۆمەڵایەتیش یارمەتیی کەمکردنەوەی ترس و سەرنجڕاکێشیی دیکتاتۆریش دەدەن.

لە کۆتاییدا، ئەوە بەندە بە کۆمەڵگەکانەوە کە داهاتوویان دیاری بکەن. دیموکراسییەکان بە شەو و رۆژێک روونادەن، بەڵکو وردە وردە کاول دەبن، کاتێک بیرۆکە دیکتاتۆرییەکان ئاسایی دەکرێنەوە. ئەگەر خەڵک بیانەوێت کۆمەڵگەی کراوە و فرەڕەنگ بپارێزن، دەبێت چالاکانە دژی ئەم مەیلانە بوەستن. یەک شت روونە: دیکتاتۆرەکان چاوەڕێی ئەوە ناکەن دەسەڵاتیان بۆ بێت، ئەوان دەسەڵات دەگرن و بە ئاسانیش دەستبەرداری نابن.

سەرظاوە : ڕووذاو