خانمە شێوەكارێکی كورد: ده‌مه‌وێت ژیانی راستەقینەی ئافره‌تانی كورد نیشانی جیھان بده‌م

هونه‌رمه‌ند بەفرین رەشید: یەكێكە لە خانمە شێوەكارەكانی كورد و لە دەرەوەی وڵات دەژیت، لە بەشێكی كارەكانیدا دەیەوێت ژیانی ژنانی كورد نیشانی بدات.

هونه‌رمه‌ند بەفرین رەشید کە خانمە شێوەكارێکی كورد بە (باسنیوز) راگه‌یاند: بۆ ئاشنابوون به‌ دونیا هونه‌ری شێوه‌كاری و په‌یكه‌رتاشی له یه‌كێك له‌ په‌یمانگاكانی رۆژئاوای شاری له‌نده‌ن به‌ناوی هامرسمس له‌ بواری هونه‌ری دا خوێندنێم ده‌ستپێكرد كه‌ فێری سكێچ كردن و مۆدێل وێنەگرتن كردن بووم، به ‌رێگا ئه‌كادیمه‌یه‌كه‌ی، دواترئاشنا بووم به‌ به‌كارهێنانی بۆیاخی زه‌یتی، كه‌ به‌سه‌ركه‌وتووی خوێندنه‌كه‌م ته‌واوكرد. جارێك دووبارە گه‌ڕامه‌وه‌ كوردستان، ئه‌مجاره‌ هه‌ڵی باشترم بۆ ره‌خسا كه‌ وه‌ك مامۆستای وانه‌ی هونه‌ری له‌ یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كانی سلێمانی وانه‌ی هونه‌ری به‌ قۆناغی بنه‌ره‌تی بڵێمەوە.

گوتیشی: کارەکانی من تێکەڵەیەکی هونەرین، هەر بەتەنها جەستە نین لەسەر ئافرەت و جەستە قسەی زۆر ھەڵدەگرێت لە هەموویان گرنگ تر پەیامی یەکسانی لە کۆمەڵگەدا و ئازادی تاک و ئافرەت بەتایبەتی بەکارهێنانی جەستە لێرەدا مانای بێگەردی ئافرەتی کورد دەگەیەنێت، ئێمە وەک گشت گەلان بە سەربەرزییەوە بەبێ شەرمانە دەتوانین باس ژیان و ئافره‌ت بکەین.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، زۆر لەمێژە جەستە نەخشێنراوە و پەیکەری لێدا تاشراوە، من داهێنەری ئەم بوارەنیم، لەوانەیە من رێچكه‌شکێنی کۆمەڵگەی خۆمان بم، بەڵام بە دڵنیاییه‌وە چیتر من تەنیا نیم لەم بوارەدا، هەردەم وەک شێوەکار حەزم بە دروستکردنی پردێک لەنێوان ژیانی راستەقینەمان وەک کورد و هونەرەکەم کردووە.

ئاماژەشی بەوەدا، لەم کارەدا زیاتر دەرخستنی وێنەیەکی جوانی ئافرەتی لادێ نشین و بەرجەستەکردنی ژیانی رۆژانەیان کە پڕە لە چیرۆکی ئازایەتی و میهرەبانی تاک لە کۆمەڵگای سادەو كاری سەخت ده‌مه‌وێت نیشانی جیهان بده‌م، چەند جارێكی دیكەش ئەم بیرۆکەیە هەوێنی کاری شێوە کاریم بووە، ھەمووكات پڕۆژە و کاری هونەریم لەبەردەستدایە، ئەوەی زیاتر من گرنگی پێدەدەم ئێستا کارە شێوەکاریەکانمە .

سەرچاوە : ماڵپەری باسنیوز