لەتیف فاتیح فەرەج
شەڕو هەراکەی کاکە حەمەو عەبدوڵای برای ، شەڕو ئاژاوەی پێشتری نێوان ئامۆزاکان و براکان و خزمەکانی نێو حزبە کوردیەکانی باشور، هیچی لەسەر هزر و فکروبیر و باوەڕ نیە، شەڕی پۆست و پارەو دەسەڵات و یەکخزاندن و یەک بۆڕدانە، لەدوای ڕوخانی بەعسەوە له 9ی 4ی 2003 پارەی خەیاڵی دێتە کوردستان و عێراقەوە و ملیۆن دۆلار بوە بەکەروێشکی میسری و بەملیۆن دەڵێن یەک، جا ئەو هەموو ملیارد و ملیۆنە هاتونهتە کوردستان و كهچی پایتەختەکەمان دوای دوو بارانبارین دەبێتە ڤینیسا کۆڵانەکانی، ڤینیسیای ئاوی باران و بێ کارەبا و بێ پیتزا، نەک بوندوقیەی ئیتاڵیا، موچە و خزمەتگوزاریش سفر نەبێت، ئێ خۆ ههرێمهكهمان نەیتوانیوە سۆماڵ تێپەڕێنێت، پاسەوانە ناشرینهكانیشی هەمیشە ئامادەن بۆ منەتكردن بەسەر میللەتدا، شەڕی ئامۆزاکانی نێو حزبە زەبەلاحەکان، شەڕی براکانی نێو حزبە وردەکان، هەمووی لەسەر پارەیە، کەچی پارە نیە بۆ پاکەوانەکانی چەمچەماڵ و دوکان.
من دڵنیام ئەم شەڕانە سەری زۆر کەس دەخۆن، ئەو ڕۆژەش دەبینین کە دەستوەردانی حزب و دەزگا جاسوسیەکانی حزب لەتێکدانی نێو ماڵی حزبی تر دەبێتە هۆی هەلاهەلابونی خۆی، چما کەس لەفیرعەونەکان زلتر بوو كهچی ئهوهتا هەر دیرۆک و ئەهرامەکانیان ماوە، خۆ هیتلەر ئەوەشی نەماوە مەگەر لاسایکردنەوەكهی، وەک ئەوەی کابرای سوڵتان دەیەوێت نەک هەر لاسایی بکاتەوە و تێشیپەڕێنێت، خوابکەم گۆڕەو شاری ئەویش ببینین.
شەڕ لەسەر پارە هەمیشە سەری شەڕکەرەکانی خواردوە و پارەکەش بووە بەماڵی خەڵکی دیكه، وەک دۆلارەکانی سەدام و قەزافی، ئەو شەڕەی کاکە حەمە و کاكه عهبدوڵا لەسەر هەرچی بێت، ناکرێ پێمانخۆش بێت و بڵێین شەیتان ناوبژیکەریان بێت، هیوادارم هیچ پیلانێک لەپشت شەڕەکەوە نەبێت و براکانیش بیر لەو دایکە بکەنەوە کە شیری داوەتە هەردوکیان، ماڵتان خەرابێ ئێستا ئێوە چەند ساڵتان ماوە وادەکەن؟ بابە وەڵا ئەوەی ماوتانە چارەکی چارەکی ناخۆن کەسیش منەتی پێ نیە بۆی بەجێبهێڵن.
سەرچاوە : خەندان