فارس نەوڕۆڵی
کێ بڕکێی سیاسی بنەمایەکی سەرەکی سیستەمە دیموکراسییەکانە، میکانیزمێکە بۆ پابەندبوون و دڵنیابوون لەوەی کە ڕای جیاواز نوێنەرایەتی کۆمەڵگە دەکات و سیاسەتە گشتییەکان ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵکە.
لە کۆمەڵگا دیموکراسیەکاندا، کێبڕکێی نێوان پارتە سیاسیەکان و کاندیدەکان ژینگەیەکی دینامیکی دروستدەکات، کە تێیدا بەرنامەو کارنامەی هەر حزبێک دەکەوێتە بەر ڕەحمەتی گفتوگۆ، تاک هاوڵاتی بەپێی وشیاری خۆی دەتوانێت سیاسەتەکان و پرۆژەی هەر لیست و کاندیدێک هەڵبسەنگێنێ و دواجار قبوڵی بکات، قبوڵکردنێک بەر مەبنای پرۆژەی مانادار و ئەخلاقی بەرزی سیاسی و کۆمەڵایەتی، پرۆسەی پێشبڕکێی مانادار و ڕەسەن نەک تەنها وزە بە دەنگدەران دەبەخشێت، بەڵکو هانی ئەکتەرە سیاسیەکانیش دەدات بۆ تێکەڵبوون و چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی بەشە جیاوازەکانی خەڵک و پێداویستییەکانیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیندو ڕاگرتن و بە بەهێزی مانەوەی، کێبڕکێی سیاسی ئەرێنی ئەمەش زۆر گرنگە بۆ کارکردنی دیموکراسییەکی تەندروست، چونکە هەلومەرجێک دەهێنێتە پێش، کە پانتاییەک دابین بکات بۆ ئەوەی دەرفەتی ئەلتەرناتیف بڕەخسێنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر میکانیزمی کێ بڕکێ زانستی و ئەخلاقی نەبێت دەشێت لەبری ڕکابەری بگۆڕێ بۆ ناکۆکی و دوژمنایەتی، لەبری بنیادنان وێرانە بەرهەم دەهێنێت. لێرەوە پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەشێوێنێ و حوکمڕانی کاریگەر نابێت و لاواز دەبێت. کەواتە لە کاتێکدا کە کێبڕکێی سیاسی بۆ دیموکراسییەکی چالاک چەندە گرنگە، هێندەش زیاتر دەبێت ڕەچاوی ئەو هۆکارانە بکەین کە دەبنە هۆی جوانکردنی پرۆسەی دیموکراتی بۆ دروستکردنی هاوسەنگی و بەڕێوەچوونی کێ بڕکێیەکی بەهێز و گفتوگۆی بەهێز، نەک شاتەشاتی سەر شاشەکان.
دواجار پێویستە چی حزبەکان و چی کاندیدەکان دەرکی ئەوە بکەن، کە ئەوان ڕکابەرن نەک دوژمن. لێرەوە دەتوانین ژینگەیەکی دروست بۆ کێ بڕ کێ دروست بکەین و بناغەی حوکمڕانیەکی دروست دابڕێژین کە خزمەت بە چاکەی گشتی بکات.
سەرچاوە : خەندان