نازە عەوڵا لە كوردستان چەند ساڵێكە ناسراوە بە تابلۆ گوزارشتی و سیحرییەكانی. ئەو بەچڕی هەست و بینینمان دەكوتێتەوه، سۆزمان دەكولێنیێتەوە، بەوەش شەیدایانی زۆرتر و زۆرتر دەكات. نازه وانەی ئەكادیمیی نیگاركێشانی له هیچ شوێنێ نەخوێندووە. خۆی مامۆستایێكی باشی خۆی بووە. ئەو زۆر خێرا پێش كەوت و شێوازی خۆی له ناو شێوەكانی تر دۆزییەوە. توانی ببێته درەوشاوەترین ژنی شێوەكار لە باشووری كوردستان.
پاڵەوانەكانی خانمی نیگاركێش زۆر مەست و بەخرۆشن. له هەندێ تابلۆیدا له مەستیدا بێهۆشن و لەسەر كەپری دارەكان گینگڵ دەدەن یا دەفڕن یا سەراوبنن و خەریكی عیشق و سەمای مەرگ و نەمرین. لۆكەیشنی شوێنەكان نادۆزرێنەوە، چ شوێنێكن لەو دونیایەدا، ئەوەش ئەوەندەی تر خەیاڵ و بەرینی بیر یادگاریمان حەیران و ئازاد دەكا. پاڵەوانەكانی له هەندێ تابلۆی غار دەدەن بە لۆقه درێژەكانیان له ناو دارستان و ئاسمانی بێسنوور باز دەدەن و خۆیان لێمان دەشارنەوە. دەستگوشین و مەینۆشین و خۆهەڵسووین و جۆشدانی ژووان بە وردەماچی دزراو، دەبنه ناوەندی تابلۆكانی. جوانیی ئاسمان و خەیاڵی نەبینراو له ڕەنگی ئاسمان و گەلەئەستێران هێنده جوان نیگاری كێشاوه بەر له هاوێنەی جێمس وێب بووە.
پیاو و ژن هەڵدێن له ناو هۆز و ماڵ و خێزان بۆ دورگه و ژێردارێكی پیری وەكی (دارەقووته). له تابلۆكانیدا هەندێ جار بە ڕەوەس پەپوولە و گوڵ و باڵنده دەبینی. شوێنه وروژێنەرەكان بە گەڵا و گوڵ دادەپۆشێ، وەك له تابلۆ كلاسیكییەكانی سەردەمی ڕێنیسانس و بارۆك و ڕۆمانتیكدا. تا هێز و مۆڵەت بە تابلۆكانی بدەن، بێنه ناو دیوەخان و پشتی
لاپەڕەكانی نێتەوه. بە شێوەیێكی بینراو گۆشەكانی تابلۆكانی بە تۆنێكی هارمۆنی وەك جوڵەی دووكەڵ و گازی گەردوونی، دەورە دراون بە ڕەنگێكی پەمەیێیكی شەرابی یا پیرۆزەیی تۆخ یا شینێكی تاریك. نازە، پانتاییەكان وەك منداڵ یا وەك شاگال پڕ دەكاتەوە و هەستێكی نیگاركێش لەو ساتەدا سەرخۆش و خووماره.
تەیروتواڵ دەجریوێنن و چەهچەهەی عەونیی شاعیر دەبیستی، دەبینی، نه سێو پێگەییوە، نه تلیاكی ئەفیون تا هاوار كەی بڵێیت، حەرامزادەكان بڕۆنه دۆزەخ! كه شێكی خامۆش خامۆش.. بەڵام بۆنی دارستان و گوڵەباغەكان ئادەم و حەوای كاس كردووه و بە بۆنی خستین. پیاو و ژنەكە ئیرۆتیك نین، هێندەی بێتاوان و نەزانن. واز له ماچ و نۆشكردنی شەراب ناهێنن. قاچیان له بۆشاییدایە و لەناو گوڵەباغەكانی باغی بێخاوەن له باغی شەقڵاوەن بەڵاام سەردارێ نادۆزنەوه ماچ، عاشقان شێت و هەژارن. نه زارۆیان هەیه، نە ماڵ؛ نە مێزیان هەیه، نە كورسی؛ نه سەرەككۆمار، نه سەرۆكشارەوانی؛ نه گیرفانیان هەیە، نه سەرەویرك و چارۆگ؛ نه بوخچە، نه كارتی بانكی؛ نه فەسبووكیان هەیە، نه سناپچات؛ نه مۆبایلیان هەیه، نه ژمارە. دوو مرۆڤی كێویی هۆشمەند، له ئەفریقاوە ملیان ناوە بۆ هەرێمی (سۆبارتۆ) كوردستان، گەیشتوونەته نزیك شیوەكەی، دەڕوانێ بەسەر كانی بێ یا شیوی ڕەزان. نه قابیلیان هەیە، نە هابیل و نه پەرتووكی پیرۆز. نه ئاینییان هەیە، نه كاتی نوێژ دابەستان لەسەر تاتەبەردی دەم كانی. نە هاحاخام، نه مەلا، نه قەشه و نە سەردار، له دوو هەتیمەوچەتیمه دەچن وازی بە جەستە و هۆش و لینگ و باڵیان بكەن. مەلەكان دەخوێنن، بە نەغمه سەرقاڵی جوداوازیكردنی دوو جەستەن؛ مێ و نێر له یەك ناكەنەوە.. تەنهایی و جەنگ نابینن له نێوانیان. هەڵپەڕوداپەڕی سینگوڕان و بزە و چەپوڕاستی چاویان بە نۆتەیێكی میوزیكی نەشاز دەخوێنن. چاكەتی ئادەم و ئاوەڵكراسی حەواش دەشەكێتەوە.. بۆنی گوڵەباغ و ماچ و پونگەیان لێ دێ. ماچی ڕۆخی چەم و جۆگەی دەشتی لێ دێ.. وەكی لێیان بەجێ مابێ، بۆته داوەڵ بۆته بوكەڵه تا تەیروتەواڵ شیلەی گوڵان نەخۆن. كەچی شەرمیان شكاوە لەسەر چاكەت و كراسی زاوا و بووكێ هەڵكورماون و ماچ و پێكی شەراب دەژمێررن و گوڵیان بێ شیله كردووە.
من ئاوا تابلۆكانی نازه دەبینم. هەست ئەكەم هەندێ تابلۆی هی شاگاڵە و نازە وەك شاگردی ئەو هاتووه تەواوی دەكات.. بەڵام بە هەست وغەم و كولتووری نەتەوەییی خۆی. چونكه شاگاڵ زۆر گرینگی بە دابونەریت و ئەفسانە و ژیانی نەتەوەی جوویەتیی خۆیانی داوه. چەند تابلۆیەكی لەسەر ئەفسانەی شاماران كێشاوە، هەست ئەكەم من سكێچەكەیەك كردووه ئەو بە ڕەنگ و فانتازیای خۆی تەواوی كردوه.. ئەو شێوەكارانەی له كوردستاندا كار لەسەر فۆرم و مۆتیڤی كوردی یا ئەفسانه كوردییەكان دەكەین، بە ژمارە زۆر كەمین و زۆرترین تانە و ناحەزیمان پێ دەكەن. پێگە و ناسنامەی نەتەوەییمان لاوازه و ئازادیی ئێمه لەو هەرێمه زۆر زیاتره له بەشەكانی دیكەی كوردستان، بۆ گوزارشت له جەستە و بابەت و ئازادیی ناونیشانه نەتەوەیییەكان، بەڵام كار و داهێنانێكی كەم و خاو دەبیندكرێ. ساڵانه له كۆلیژ و پەیمانگاكان سەدان دەردەچن كەچی (ناز)یان لێ نابینین.. بەڵام نازه بە بڕینەوەی دارێكی دوور دووری شاخ و قەدپاڵەكان دەشێوێ و دەگری، هەر بۆیه ڕەنگه شین و شین و ڕۆڕۆی ئەو بۆ خۆشەویستیی نیشتمانە.
سوپاسی نازە دەكەین كه بێبەشی نەكردین لە داهێنان و دونیابینیی ناخی خۆی.. سوپاسی ڕێبینی هاوسەری دەكەین كه كەش و كێڵگەی بۆ ئاماده دەكا تا شۆی زەوییەكه داچێنێ، چونكه دروستكردنی كەش و شوێنوكات و هۆكار و پشتیوانە بۆ داهێنان.. پێچەوانەكەی، كوشتنی هونەرمەندە.
نووسینی: ئاغالە
سەرچاوە: galawej