جووەکانی هەرێمی کوردستان نیگەرانن لە تۆڵەسەندنەوەی گرووپە توندڕەوەکان

 

هێرشە لەناکاوەکەی گرووپی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دواتریش هێرشەکانی توڵەسەندنەوەی ئێسرائیل بۆ سەر غەززە، نەوەک تەنها خەڵکی ئەو ناوچەیەی ڕووبەڕووی مەترسی و دڵەڕاوکێ کردووەتەوە، بەڵکو نیگەرانی زۆری بۆ جووەکان لە هەموو دنیا دروستکردووە.

کۆمەڵگەی جووەکانی هەڕێمی کوردستانیش بێبەری نییەن لەو نیگەرانیانە سەبارەت بە سەلامەتی و پاراستنی خۆیان لە ناوچەکە بەرامبەر بە هەڕەشەکانی موسڵمانە توندڕەوەکان و ملیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر ئەندامانی ئەو کەمایەتییە ئائینییە لە ناوچەکەدا.

بەشێک لە جووەکانی هەرێمی کوردستان کە نەیانویستووە ناسنامە و شوێنەکەیان ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاندووە نیگەرانن لە هەڵوێستی هەندێک کوتلەی ناو حەشدی شەعبی بەتایبەت گروپە چەکدارە عێراقییەکانی وەک عەسائیبی ئەهلی حەق(عصائب أهل الحق) و حزبولڵای عێراقی کە ستایشی هێرشەکانی حەماس دەکەن بۆ سەر ئیسرائیل و بە موجاهید و خەباتکاری ڕێگای ڕزگاری قودسیان ناودەبەن.

جگە لە مەترسی ئەو گرووپانە، هەڵوێست و لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی حزبە ئیسلامییەکان لە هەرێمی کوردستان دژ بە جووەکان و ستایشکردنی حەماس بووە بە جێگای نیگەرانی کۆمەڵگەی جووەکان. لێدوانی ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سەرکۆنەکردنی ئیسرائیل و بەرگریکردنی لە فەلەستین بە شێوەیەکی بەرفراوانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەیەکی بەرفەراوانی دروستکردووە و جووەکان دەترسن کە ئەو جۆرە لێدوانانە خەڵک هان بدات لە دژیان.

ڕێکخراوی ئارامیک(Aramic) بۆ خزمەتگوزاری کۆمەڵگەی جووەکان لە هەرێمی کوردستان کە چالاکی ئایینی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی دەکەن، لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکەوە کە بۆ دەنگی ئەمەریکاشیان ناردووە، ڕایانگەیاندووە "ئێمە وەک ڕێکخراوی ئارامیک نیگەرانین لە تۆڵە و کوشتنی جووەکان لە لایەن توندڕەوەکانەوە، بۆیە داوا لە دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان دەکەین کاربکەن بۆ پاراستنی جووە کوردەکان بەرامبەر بە هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو کە ڕەنگە ڕووبەڕوویان ببێتەوە."

هەروەها ئەو ڕێکخراوەیە داوا دەکات پەرستگاکانیان لە عێراق بپارێزرێت.

هێرشی بێ وێنەی چەکدارانی حەماس ڕۆژی شەممە 7ی ئەم مانگە بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیل بوو بە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 1300 ئیسرائیلی. سوپای ئیسرائیلیش لە کاردانەوە بەو هێرشە، پێگەکانی ئەو گرووپەی لە کەرتی غەززە کردە ئامانجی توندترین هێرشە ئاسمانییەکان. بۆردومانی ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ سەر ئامانجەکانی حەماس لە کەرتی غەززە نزیکەی هەزار و 800 کوژراوی لێکەوتووەتەوە.

سەرچاوە : دەنگی ئامریکا