جانەوەری شەڕ

بۆ وڵات ببێ بە دەریای خوێناو؟
مردن ببارێ بە گوژم و بەتاو!

ڕەش دابگیرسێ ئاسمانی شینم!

وشک هەڵبگەڕێ دەشتی ڕەنگینم!

زەردباو بنوێنێ پەڕەی گوڵاڵەم!

لێم تاریکتر بێ ئەم ژینە تاڵەم!

بۆ بە بێ تیشکی ڕۆژی بەهارم!

بتاوێتەوە بەفری نزارم!

بڕووخی لانەی بولبولەکانم!

تێک بچێ خۆڕەی سەر چاوەکانم!

بۆ سوور بنوێنێ تریفەی مانگم!

نقوم بێ دەنگ و ئاواز و بانگم!

بە بێ پاییز و زەردەی خەزانم!

بوەرێ گەڵای درەختەکانم!

لە جێی سروودی مەلی سەردارم

بایەقووش بێتە یار و غەمخوارم

بۆ ماڵ بڕووخێ شار هەرەس بێنێ؟

بێ ئاگر و نەوت کڵپە بسێنێ

بۆ گرد دروس بێ لە ئێسکی سووتاو؟
لە لەش و لە سەر لە گۆشتی برژاو

لە مەچەک لە قاچ لە دەستی پەڕیو

لە پرچ لە گۆنا لە پێستی ڕزیو!

بۆ سەر یەک کەوێ لاشەی مردوان!

کەڵەکبێ هەتا ئەگاتە ئاسمان

هەرچی بە ڕەنج و بە عارەق ڕێژان

هاتۆتە بەرهەم لە مێژووی ئینسان

تەفرو توونا بن تێکڕا نەمێنن

سەر لە نوێ تۆوی دیلی بچێنن

بۆ خیزانن ژنان، کفتە کەناران

پێ پەتی، لەش ڕووت، وێڵ و سەرگەردان

ئاوارەی چۆڵ و ڕێی تووناوتوون بن

لە ژێر بۆمبادا سەرەونگوون بن

بۆ قوتابخانە و کۆشک و تەلاران

ببنە خەڵوزی کوورەی بەدکاران

بۆ؟ بۆچۆ؟ بۆ کێ؟ ئەم بەڵای ڕەشە!

لە بەر کێ بڕژێ ئەم خوێنە گەشە؟

لە بەر زەوتکەری خاک و سەروەتمان

هۆی دەردی سەر بوو بەختی نەگبەتمان

هۆی ئازاردان و چەوساندنەوە

هۆی خوێن و مژین، ڕووتاندنەوە

زەنجیری زل و پێوەندی پێمان

کۆسپی بەر لووت و چقڵی ڕێمان

بە تاڵان بەری هەبوو نەبوونمان

شیشی داخ بۆ ناو ئێسکی زیندوومان

بە کورتی لە بەر ئەمپریالیزم

خوای دەرەبەگی و باوکی فاشیزم

هەر لە بەر چاوی ڕەشی زۆرداران

لە بەر خوێنمژان یا گوناهکاران.

نا نەخێر ئەمڕۆ میللەتان یەکسەر

ڕێگای ئاشتیان وا گرتۆتە بەر

میللەتی ئیمڕۆ هی دوێنی نییە

ئەزانی شەڕ و شڕخواهی چییە

زۆر چاک ئەزانێ دوژمنی کێیە

کێ شەڕی ئەوێ کێ مژدەی پێیە؟

 

(محەمەد ساڵح دیلان)