د. سەعید عەلی محمد
ساڵی 1984 ڕاپۆرتێكی ترسناكی نەتەوەیی لە ئەمریكا هەموو ئەمریكییەكانی لە خەوی پڕۆسەیەكی خوێندنی خەوتوو لەو وڵاتە ڕاچڵەكاند ! ئەوان لە جۆرە پڕۆسەیەكی خوێندن لە ئەمریكا بەئاگاهاتنەوە كە سەركردەكانی فیكرو فێركاریی و مەعریفە لەو وڵاتە وتیان : وا دیارە كاتێك ئێمە ئەم جۆرە پڕۆگرام و پڕۆسەیەمان بۆ خوێندن پەسەندكردووە لە هۆش خۆمان نەبووین و تەواو بێ ئاگا بووین!
ڕەمزە گەورەكانی مەعریفە دەیانووت : دوژمنەكانمان بۆ ڕووخاندن و لەناوبردنی ئیمپراتۆرییەتەكەمان هیچ شتێكی تریان دەست ناكەوێ باشتر بێ لەم پڕۆسەی خوێندنە لاوازو دواكەوتوو و شكستخواردووە!
ئەوان لە ئەنجامی سووربوونیان لەسەر گرنگیدان بە بەهێزكردن و پێشخستنی پڕۆسەی خوێندن لە وڵاتەكەیان ، چیتر ڕێگەیان نەدەدا هیچ جۆرە هەڵەیەكی تر لە بواری زانست و خوێندن و فێركاریدا بەسەریاندا تێپەڕێت!
ئەوان بڕوایان وابوو هەر هەڵەیەك لە پڕۆسەی خوێندندا زۆر زۆر گەورە و كارەساتبارترە لەهەر هەڵەیەكی تر لە بوارەكانی تردا.
با واز لە ئەمریكا بهێنین و ئەم پرسیارە لە خۆمان بكەین :باشە ئەگەر خوێندن لە وڵاتدا دواكەوت و پاشەكشەی كرد چی ڕوودەدات؟!
پرسیارەكە بە دەربڕینێكی تر : ئایا ئەو چارەسەرانە چین كە خوێندن دەتوانێ پێشكەشی هەر وڵاتێكیان بكات ئەگەر هاتوو پڕۆگرام و پڕۆسەی خوێندن لەو وڵاتەدا لاوازو سەقەت و بێ بەرهەم بوو؟!
لە وەڵامدا دەڵێین : ئەگەر پڕۆسە و پڕۆگرامەكانی خوێندن لەهەر وڵاتێكدا پێشكەوتوو بوون ، بەهێز و زیندوو و هاوچەرخ بوون ، لەگەڵ گرفت و پێداویستی و داواكارییەكانی كۆمەڵگە و سەردەمەكەدا دەهاتنەوە ، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو پڕۆسەیە دەبێتە دەرمان و چارەسەر بۆ سەرجەم گرفت و كێشەكانی تری وڵات و كۆمەڵگە!
بۆ نمونە : هەر كاتێك خەڵك نەیتوانی مومارەسەی گفتوگۆیەكی لۆژیكیی عەقڵانیی بكەن ، ئەوا تەنها خوێندن چارەسەرە! ئەگەر تۆ ئەو تواناو بەهرە تایبەتانەت لەبەردەستدا نەبوو كە (بازاڕی كار) پێویستیان پێیەتی ، ئەوا تەنها خوێندن چارەسەرە!
كاتێك تۆ تواناو سەلیقە و میكانیزمەكانی چارەسەركردنی كێشەكانت نەزانی ، ئەوا تەنها خوێندن چارەسەرە ! كاتێك ئاستی مامەڵەی ئەخلاقیی و ئینسانیی لەنێوان مرۆڤەكاندا بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی ، ئەوا تەنها خوێندن چارەسەرە!
كاتێك دڵسۆزیی و خەمخۆریی و ئینتیما بۆ نیشتمان و وڵات لاواز بوو، ئەوا تەنها خوێندن چارەسەرە!
كاتێك سەرچاوەی ژیان و داهاتی مانگانەی تۆ ڕووی لە كەمی و كزی كرد ، ئەوا تەنها خوێندن چارەسەرە! كاتێك دەتەوێ لە گیانی دەمارگیریی و جیاكاریی و ڕەگەزپەرستیی و ئەنانییەت ڕزگارت بێت ، ئەوا تەنها خوێندن چارەسەرە! ئەگەر دەتەوێ گرنگی بە ژیان و تەندروستی خۆت بدەیت ، ئەوا تەنها خوێندن چارەسەرە! كەواتە بەكورتی و بە پوختی : چارەسەرەكان بۆ هەموو كێشەكان تەنها لە خوێندندا دەست دەكەون.
ڕاستە پڕۆسەی خوێندن لە ئەمریكادا تا ئێستەش باشترین و بەهێزترین پڕۆسە نیە ، بەڵام ئەمریكا توانی ئەو لاوازی و بۆشاییەی كە لە ڕابردوودا پێیەوە دەیناڵاند بە ڕاكێشانی باشترین نوخبەی زانستیی و مەعریفیی و فیكریی و ئەكادیمیی لە جیهانەوە پڕبكاتەوە و، هەموو جۆرە یارمەتی و ئاسانكاریی و هەلێكی گونجاویشی بۆ ڕەخساندن تا كۆمەڵگە و وڵاتی ئەمریكایان بەو ئاستە بەرزەی گەشەكردن و پێشكەوتن برد كە هەمووان ئێستا هەستی پێدەكەن و چاوی لێدەكەن!
یەكێك لە بیرمەندە بەناوبانگەكان دەڵێ : پێش 32 ساڵ لەمەوبەر سەردانی (سەنگافۆرە)م كردو هەندێ دەزگاو دامەزراوەی گەورە و پێشكەوتووم بینی ، ئێستاش - كە ئافرەتێكی باڵاپۆش سەرۆكایەتی ئەو وڵاتەی گرتۆتە دەست - بەردەوام لەبارەی ئەو پێشكەوتن و ئارامیە سەرسوڕهێنەرەی (سەنگافۆرە)وە دەخوێنمەوە و، گەیشتومەتە ئەو بڕوایەی كە بەڕاستی ( پێشكەوتن و گەشەكردنی گەورە و ڕاستەقینە ) لە پێشخستن و بەهێزكردنی دوو بواری سەرەكیدا خۆی دەبینێتەوە :
یەكەمیان : پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی سەر ڕاست و سەركەوتوو و كاریگەر!
دووەمیان : پڕۆسەیەكی بەهێزو پێشكەوتووی خوێندن و فێركاریی .
زلهێزەكان و دەسەڵاتدارەكان چاك دەزانن خراپی و لاوازیی پڕۆسە و پڕۆگرامەكانی خوێندن دەبێتە هۆی دواكەوتن و سەرلێشێواوی تاكەكان ، دواكەوتن و سەرلێشێواوی تاكەكانیش دەبێتە هۆی دواكەوتن و شپرزە بوونی خێزان ، شپرزە بوونی خێزانیش دەبێتە هۆی تێكچوون و پووكانەوەی كۆمەڵگە ، دواكەوتن و پوكانەوەی كۆمەڵگەش دەبێتە مایەی زەلیلی و سەرشۆڕی و ملكەچ بوون بۆ كەسانی خاوەن بڕیارو لایەنی دەسەڵاتدارو ئەجێندا مەترسیدارەكانیان!
ماوەتەوە بڵێم : لە كوردستانیشدا پڕۆسەی خوێندن لە قەیرانێكی حەقیقی قوڵدایە و، كاتی ئەوە هاتووە زانكۆكان و پەیمانگاكان و ناوەندەكانی خوێندن بە گشتی لەجیاتی ئەوەی هەموو بەرهەم و دەستكەوت و داهێنانێكی ساڵانەیان تەنها ئامادەكردن و پێگەیاندنی كارمەندی فەرمانگە و دامەزراوەكانی حكومەت بێت و، دەرچوواندنی سوپایەك بێت لە بەتاڵە و كەسانی لاوازو بەخشینەوەی هەزارەها بڕوانامەی بێ ناوەڕۆك ، با لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی زانستیی گشتگیری تۆكمەی هاوچەرخدا پڕۆسەی خوێندن جارێكی تر دابڕێژێتەوە و، ڕۆح بە لاشەی مردوویدا بكرێتەوە و بەرگێكی نوێی بە بەردا بكرێ! بۆ ئەوەی هەم کوردستان گەشە بکات و پێشکەوێ ، هەم کێشەو گرفتەکانی تریشمان بەیەکجاری چارەسەرو بنەبڕ بکرێن
سەرچاوە : سپی میدیا