كتێبی (كتێبە نەفرەتلێكراوەكان) ئامادەیە بۆ چاپ

نووسەرو وەرگێڕ (ئازاد بەرزنجی) لەنووسینێكدا ئاماژە بەتازەترین بەرهەمی وەرگێڕانی خۆی دەدات كە لەئێستادا ئامادەیە بۆ چاپ.
دەقی نووسینەكە: 
تازەترین بەرهەمم كە لەم ماوەیەدا وەرگێڕانیم تەواو كردووە و ئامادەی چاپە، كتێبی "كتێبە نەفرەتلێكراوەكان"ە كە لە نووسینی "عەلی حوسەین"ە و لەعەرەبییەوە كردوومە بەكوردی، كتێبێك كە پێویستە لە هەموو كتێبخانەیەكدا هەبێت. ئەمەش پێشەكییەكە كە خۆم بۆ كتێبەكەم نووسیوە.
كتێبە نەفرەتلێكراوەكان یان كتێبە مەزنەكان؟
خوێنەر كاتێك چاوی بە ناونیشانی ئەم كتێبە دەكەوێ، پرسیاری ئەوەی لا دروست دەبێت، ئاخۆ ئەو كتێبانە كامانەن نەفرەتیان لێ كراوە و بۆچی نەفرەتیان لێ كراوە و كێن ئەوانەی نەفرەتیان لێ كردوون؟
لەسەرەتای سەرهەڵدانی ژیاری مرۆڤایەتییەوە، هەمیشە گوتنی هەقیقەت باجی خۆی هەبووە، ئیدی گوتنی ئەو هەقیقەتە لە هەر بوارێكدا بووبێت؛ فەلسەفە، زانست، ئەدەب و هتد... بەڵام لە هەر سەردەمێكیشدا دژایەتیی هەقیقەتێك و ئاشكراكردنی كرابێت، دواجار و گەر لەڕۆژگاری خۆیشیدا نەبووبێت، سەركەوتن هەر بۆ ئەو هەقیقەتە بووە.
لێ ئەوانە كێن كە دژایەتیی ئاشكراكردنی هەقیقەتیان كردووە و دەكەن؟ بێگومان ئەوانەی دژایەتیی ئاشكراكردنی هەقیقەتێكیان كردووە و دەكەن، یا دەسەڵاتێكە كە دەزانێ بەئاشكراكردنی ئەو هەقیقەتە، دیوە ڕاستەقینەكەی كەشف دەبێت و بەمەش پێگەی دەكەوێتە مەترسییەوە، یا تاقمێك دژایەتیی دەكەن كە دەمارگیرن و بە یەقینەكانی خۆیانەوە گیرۆدەن و حەز بە هیچ شتێكی ناكۆك بەو یەقینەی خۆیان ناكەن و بۆیان قبووڵ ناكرێ، یانیش ئەوانەن كە كۆیلەی دابونەریتی باو و سەقامگیری ناو كۆمەڵگاكەیانن، بە دابونەریتی ئایینیشەوە. خۆ گەر بڕوانینە مێژووی هەر كۆمەڵگایەكی مرۆیی، نموونەی ئەم دژایەتیكردن و نەفرەتلێكردنە لە هەقیقەتبێژان دەبینینەوە، بە كۆمەڵگای كوردییشەوە.
لە زۆربەی قۆناغەكانی مێژوودا دەسەڵاتی سیاسی و دینی و دابونەریتی كۆمەڵایەتیی چەقبەستوو، هاوشان لەگەڵ یەكدا ڕووبەڕووی ئەو بیرمەند و زانا و فەیلەسووف و نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەندانە بوونەتەوە كە هەڵوەدای گەڕان بەدوای هەقیقەت و گۆڕانكاریدا بوون لە كۆمەڵگادا و زۆربەشیان باجی گەورەی كەشفكردنی هەقیقەتیان داوە، جا چ بە دادگایی و زیندانیكردنیان بووبێت، یان بە كوشتن و لەسێدارەدانیان و یاخود بە قەدەغەكردن و سووتاندنی كتێبەكانیان. ئەوەتانێ سوكرات لە ئەسینای پێش زاییندا دادگایی دەكرێ و تۆمەتی شێواندنی ئاكاری لاوانی دەدرێتە پاڵ و لەنێوان پاشگەزبوونەوە لە بیروبۆچوونەكانی و ژەهرخواردندا، ژەهرەكە هەڵدەبژێرێت. گالیلیۆ گالیلی لەژێر هەڕەشە و گوشارێكی زۆری كڵێسادا، لە دادگا ناچار دەكرێ لە تیۆرییەكەی پاشگەز بێتەوە، بەڵام دوایی هەر پێداگری لەسەر تیۆرییەكەی دەكاتەوە، بەوەی زەوی چەقی گەردوون نییە و ئەوە ئەمە  بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە، نەك بە پێچەوانەوە. بۆدلێر بە شاعیرێكی بەدكردار و بەدڕەفتار  لە قەڵەم دەدرێ، دەبێتە یەكێك لە شاعیرە گەورەكانی نەك هەر فەرەنسا، بەڵكو هەموو جیهان. تەها حوسەین لەلایەن ئەزهەر و دەسەڵاتی ئەوسای میسرەوە سووكایەتیی پێ دەكرێ و ئازار دەدرێ، بەڵام دواتر دەبێتە عەمیدی ئەدەبی عەرەبی. دی. ئێچ. لۆرەنس بەوە تاوانبار دەكرێ كە پەردە لەسەر هەستیارترین پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو هەڵدەماڵێت و بە ڕەوایەتیدان بە ژنێك كە لەگەڵ باخەوانەكەیدا سەرجێی دەكات، هەڕەشە لەسەر بونیادی خێزان دەكات، كە ئەمانەش بە هیچ جۆرێك لەگەڵ دابونەریتی ئەوسای كۆمەڵگای بەریتانیدا نەدەگونجان، بەڵام دواتر ڕۆمانەكەی دەبێتە شاكارێك و خۆیشی دەبێتە یەكێك لە گەورە ئەدیبەكانی بەریتانیا. داروین لەلایەن كڵێساوە سووكایەتیی پێ دەكرێ و تۆمەتی ئەوەی دەخەنە پاڵ كە دەڵێت ئەسڵی مرۆڤ مەیموونە و ئەوەش ئیهانەكردنی كتێبی پیرۆزە، بۆیە بە بێباوەڕ و تێكدەر هەژمار دەكرێ، وەلێ دوایی دەبێتە یەكێك لە زانا گەورەكانی سەردەمی نوێ. هەروەها ڤۆڵتێر، كە دیسانەوە لەلایەن كڵێساوە بە بێباوەڕ تۆمەتبار دەكرێ، دواتر دەبێتە یەكێك لە ڕابەرە فیكرییەكانی هزری ڕۆشنگەری وشۆڕشی فەرەنسایی. ژان ژاك ڕۆسۆش بە هەمان شێوە. لە میسریش، دوای فەتوادان لەسەری و بەنیازی كوشتنی، لە لایەن كەسێكەوە هێرش دەكرێتە سەر ڕۆماننووسی مەزن نەجیب مەحفووز، كە هێرشكەرەكە تاقە كتێبێكی ئەویشی نەخوێندبووەوە، بەڵام لەو هەوڵی تیرۆركردنە ڕزگاری دەبێت و دەبێتە براوەی خەڵاتی نۆبڵیش.
لەم كتێبەدا بە سەربردەی ژیان و كاری ئەم بیرمەند و نووسەرانە و دەیانی تریش ئاشنا دەبین، كە چۆن بە جەسارەتەوە ڕووبەڕووی جەهل و تاریكی و ستەم و دابونەریتی كۆن بوونەتەوە و كەوتوونەتە بەر هەڕەشەی گرتن و ئەشكەنجەدان و تیرۆركردن و كتێبەكانیشیان یان قەدەغە كراون و یاخود بە نەفرەت كراون و سووتێنراون.
ئەم كتێبە ڕۆشنایی دەخاتە سەر ململانێی نێوان ئەقڵە گەورە و داهێنەر و ڕۆشنگەرەكان و ئەقڵە داخراو و چەقبەستووەكان؛ ململانێی نێوان ئەوانەی وەكو پرۆمیسیۆس ڕووناكییان بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی هێناوە و ئەوانەی ویستوویانە مرۆڤایەتی لەناو جەهل و تاریكیدا بهێڵنەوە و ملكەچی ستەمكاریی بكەن؛ گەشتێكە بەناو مێژووی كتێبە مەزنەكاندا؛ ئەو كتێبانەی ڕۆڵیان لە گۆڕینی ڕوانین و تێگەیشتنماندا گێڕاوە بۆ گەردوون و ژیان و بوون و ئینسان، ئەو كتێبانەی گەر نەبوونایە، ئێمەش ئەم مرۆڤەی ئێستا نەدەبووین، چونكە ئەو كتێبانە بوون یارمەتییان داین بە هزر و چەمكەكانماندا بچینەوە و ڕۆڵێكی گرنگیان لە فۆرمەلەكردنی هۆشیاری و جیهانبینیی مرۆڤی هاوچەرخدا بینی.

ئازاد بەرزنجی

 

 

سەرچاوە: galawej