تراژیدیای ئەنفال بە هێڵکاری دۆکیۆمێنت دەکرێت

ئێوارەی شەممە 7ی ئایاری 2022، تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، لەهۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، کۆڕێکی   بەناونیشانی "بەدۆكیۆمێنتكردنی ئەنفال و كۆمەڵكوژی كورد بەهێڵکاری" بۆ هونەرمەند د.عوسمان قادر رێكخست.
لە سەرەتای کۆڕەکەدا، د. عوسمان، بەشێکی ئەو هێڵکاریانەی پیشاندا کە تایبەت بوون بە چیرۆکە تراژیدیاکانی ئەنفال و کۆمەڵکوژی کورد. لەوبارەیەوە وتی: ئەمەی لێرە پێشكەشی دەکەم بەشێكە لەپڕۆسەی بەدەستهێنانی نامەی دكتۆراكەم و لەلایەن سەرپەرشتیارەكەمەوە كە پڕۆفیسۆرێكی سكۆتلەندیە بایەخی یەكجار زۆری پێدراوە و ستایشی كردووم.
ناوبراو باسی لەوەکرد، خۆی لە ساڵی 1988 پێشمەرگە بوەو شایەتحاڵی روداوەکانی ئەنفال بوە، بۆیە هەر لەوکاتەوە بەڵێنی داوە کار لەسەر بە دیکیۆمێنتکردنی ئەنفال بکات و بە هونەر بیگەیەنێتە دونیا و رایگشتی جیهانی. سەرئەنجامیش بەڵێنەکەی بەجێهێناوەو توانی لە گەلەری و مۆزەخانە بەناوبانگەکانی جیهان کارەکانی نمایش بکات.
یەکێک لەو مۆزەخانانەی ککارە هونەریەکانی د. عوسمانی تێدا نمایش کراوە مۆزەخانەیەکی تایبەت بە جەنگە لە لەندەن. لەوبارەیەوە د. عوسمان وتی: لەو مۆزەخانەیەی بەڕیتانیا كە یەكێكە لەدێرینترین مۆزەخانەكانی جیهان و مێژووی دروست بوونەكەی بۆ ساڵی 1917 دەگەڕێتەوە، تابلۆكانمی تێدا نمایش کراوەو ستایشێكی زۆر كراوم.
لەبەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا، د. عوسمان رایگەیاند:  لەرێگەی هێڵكارییەوە مەبەستم بووە یادەوەری نەتەوەیەك بكێشم، لەگەڵ بەشێكی قوربانیەكانی پڕۆسەی ئەنفال قسەم كردووە لەرەگەز و تەمەنە جیاوازەكان، دیوی ناوەوەی رووداوەكانم وەرگرتوەوە و دواتر كێشاومە.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. عوسمان، بەشێک لە ئامادەبوانی کۆڕەکە سەرنج و پرسیارەکانی خۆیان خستەڕوو کە بەشی زۆریان رەخنە و گلەییان ئاراستەی حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان کرد بەوەی نەیتوانیوە لە ئاست گەورەیی تراژیدیای ئەنفال و جینۆسایدا بێت. مەلا بەختیار یەکێک بوو لە بەشداربوانی دیالۆگەکان و لە قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە شەرمەزاریە بۆ حکومەت لەناوچەکانی ئەنفالکراودا رێگە بە بەرپرسانی حکومەت نادرێت بەشداری لە یادکردنەوەی قوربانیەکان بکەن. وتیشی: چاوەڕێی حکومەت و حیزبەکان مەکەن لەمەی کردویەتی کاری زیاتر بۆ ئەنفال بکات، بۆیە پێویستە هونەرمەندان و داهێنەران خۆیان ئەو ئەرکە گەورەیە لە ئەستۆ بگرن.

 

سەرچاوە : چاودێر