بە پەروەردەکردنی تاک دەتوانین ڕێگری بکەین لە توندوتیژیی


 

 

 

باران گەرمیانی

 

بەشێک لە ژنانی سلێمانی باس لەوە دەکەن، ناهۆشیاریی کۆمەڵگە سەبارەت بە توندوتیژیی دەروونیی هێشتا لە ئاستێکی لاوازدایە، هەروەها هۆکاری زۆربوونی توندوتیژییەکان لە دژی ژنان دەگەڕنەوە بۆ زهنییەتی پیاوسالاریی، دەشڵێن: بە پەروەردکردنی تاک دەتوانین ڕێگری بکەین لە توندوتیژیی دژی ژنان.

لە ٢٥ـی نۆڤەمبەر نزیک دەبینەوە، کە دەستپێکردنی هەڵمەتی جیهانیی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنانە، لەبارەی توندوتیژییەکان لە دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان و هۆکارەکان و ڕێگە چارەسەری کەمکردنەوەی ڕێژەکەی، ژنانی سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

لانیاس عەتا
لانیاس عەتا

لەو بارەیەوە لانیاس عەتا، چالاکوانی ژنان وتی: پێناسەیەکی ڕاستەقینەمان نییە بۆ پرسی توندوتیژیی، پێمان وایە، کە توندوتیژیی دەکرێت تەنیا زەبرە جەستەییەکان بێت یاخود ئەو ڕفتارانە بێت کە کەسێکی بێگانە بەرامبەر بە ژن دەیکات لە کاتێکدا توندوتیژیی دەکرێت ئەو ڕەفتارانە بێ کە لە ناوخۆی خێزاندا دەکرێت.

باسی لە توندوتیژیی دەروونیی کرد و وتی: توندوتیژیی دەروونیی لە دژی ژنان ئەنجام دەدرێت بەڵام ناهۆشیاریی کۆمەڵگە لەوەی کە ئەم پڕۆسەیە وەکو توندوتیژیی پێناسە بکات هێشتا لە ئاستێکی لاوازدایە، بۆیە دەبێت بەردەوام لە هەوڵی تێکۆشانی زیاتردا بین، بتوانین لە ڕووی هزرییەوە، پێناسەیەکی نوێ بۆ توندوتیژیی دابتاشینەوە.

باسی لەوەش کرد، کاتێک کە توندوتیژیی ئەنجام دەدرێت ناتوانین تەنها پیاو بە تاوانکار دابنێین، چونکە توندوتیژییەکە بەهۆی زهنییەتی پیاوسالارییە، ئەمەش دەکرێت هەردوو ڕەگەز هەڵگری بن، بۆ چارەسەرکردنیشی دەتوانین پشت بە زانستی ژنۆلۆژی ببەستین، کە کار دەکات بۆ نەهێشتن و ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە ئەنجامدانی توندوتیژیی لەدژی ژنان.

شەیدا مەعروف
شەیدا مەعروف

هەروەها، شەیدا مەعروف، سکرتێری ڕێکخراوی ژنانی زەحمەتکێشانی کوردستان وتی:  بێگومان کوشتنی ژنان لە جیهان بە گشتی وەک ئاوخواردنەوەیەکی لێهاتووە هەر ڕۆژ دەبێتەوە یەکسەر بە هەواڵێکی کوشتنی ژنێک چاومان دەکرێتەوە و دەڵێن ئەمڕۆ ژنێک کوژرا، دەرەنجامیش ناگەینە ئەوەی بزانین لەسەر چی هۆکارێک ژنەکە کوژراوە، هەرچەندە هۆکاری جیاواز جیاوازی بۆ درووست دەکرێت و زۆرجار بابەتەکە ون دەکرێت.

شەیدا، بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان، پەروەردەکردنی تاک بە پێویست دەزانێت و وتی:  گەر پەروەردەیەکی درووست هەبێت ئەم توندوتیژییانە بەم شێوازە فراوان نابێت، ئێستا کوشتن و توندوتیژیی بەرامبەر ژنان بەرەو هەڵکشان دەچێت، داوا لە هەموو ژنان دەکەم یەکڕیز و  یەکدەنگبین تا چیدیکە نەڵێین ژنێک کوژرا، ڕێگر بین لەو کردەوەیانە و ئەو ڕێژە کەم بکەینەوە، دەبێت کۆدەنگییەکی ژنان درووست بکەین.

ش. ئـ

سەرچاوە : ڕۆژنیوز