بەهۆی هەبوونی گرفتەوە بەشی فیلمسازیی لە زانکۆی سلێمانیی ڕادەگیرێت

بەشی فیلمسازیی لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی بۆ ماوەی ساڵێک ڕاگیرا و بۆ ساڵی نوێی خوێندن خوێندکار وەرناگرێت، هۆکاری ڕاگرتنەکەش دەگەڕێندرێتەوە بۆ نەبوونی ستافی ئەکادیمیی و پێداویستییەکانی خوێندن لە بەشەکەدا.
بەبڕیاری ڕاگری کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی، ئەمساڵ بەشی فیلمسازیی لە زانکۆی سلێمانی داخراوە و هیچ خوێندکارێک بۆ وەرزی نوێی خوێندن وەرناگرێت، ڕۆژنیوز بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی داخستنی بەشی فیلمسازیی دەکات.

ساڵی 2016 بۆ یەکەم جار بەشی سینەما لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی کراوەتەوە، ئەمساڵ ڕاگری کۆلێژی هونەر بڕیاریداوە فۆرمی وەرگرتنی خوێندکاران دابەش نەکرێت و بەشەکە سڕبکرێت، کە ئەوەش بەوتەی سەرچاوەیەک لە زانکۆی سلێمانیی، “هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی گرفت لە دیارییکردنی ڕاگری کۆلێژی هونەر”.

بڕیاری داخستنی بەشی فیلمسازیی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و خوێندکارانی بەشەکەی لێکەوتووەتەوە، مامۆستایانی بەشەکە لە یاداشتێکدا دژایەتیی خۆیان بۆ هەڵپەساردنی بەشی فیلمسازیی دەربڕیوە و داوا دەکەن کارەکانی بەشەکە بەردەوام بێت.

محەمەد کەرکوکیی، فێرخوازێکە و خۆی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ فۆرمی خوێندن لە بەشی فیلمسازیی زانکۆی سلێمانی پڕبکاتەوە، بەڵام بڕیاری داخستنی بەشەکە نیگەرانی دەکات و دەڵێت: هەواڵی ڕاگرتنی بەشی فیلمسازیی شۆکی کردم، داوا دەکەم بە زووترین کات فۆرم دابەشبکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین بخوێنین و ساڵێکی خوێندنمان نەبێت بە قوربانیی.

محەمەد کەرکوکی

 بڕیاری ڕاگرتنی بەشی فیلمسازیی دەگەڕێندرێتەوە بۆ سێ هۆکار، لەوانەش نەبوونی مامۆستا و ستافی ئەکادیمیی پێویست، پێدانی مۆڵەتی درێژخایەن بە چوار مامۆستای بەشەکە، لەگەڵ نەبوونی پێداویستییەکانی خوێندن و کارکردن.
لە بەشی فیلمسازییدا 60 بۆ 80 خوێندکار دەخوێنن، خویندکارانی کۆلێژەکە و هونەردۆستان یاداشتێکیان دژی داخستنی بەشەکە داوەتە سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی و تێیدا داوا دەکەن، بڕیاری هەڵپەساردنی بەشی فیلمسازیی ڕابگیرێت و فۆرم بۆ ساڵی نوێی خوێندن دابشبکرێت.

دکتۆر دڵشاد مستەفا، کاندید بۆ ڕاگری کۆلێژی هونەرە جوانەکان و مامۆستا لە بەشی فیلمسازیی کۆلێژی هونەر، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: پێشتر ڕاگری کۆلێژ لەگەڵ بەشی فیلمسازیی باسی ئەوەی کردووە، بەهۆی نەبوونی ستافەوە، ئەمساڵ بەشی خوێندنی سینەما ڕابگیرێت، بەڵام بەشی فیلمسازیی ئەوەی ڕەتکردووەتەوە، هەر بەهۆی ئەوەوە سەرۆکی بەشی فیلمسازیی لە کارەکەی لابراوە، ڕاگری کۆلێژ بێ گەڕانەوە بۆ بەشی فیلمسازیی، تاک لایەنانە بەشەکەی ڕاگرتووە.

دکتۆر دڵشاد مستەفا

لە بەرامبەردا دکتۆر سەربەست ڕەسوڵ، مامۆستا لە بەشی فیلمسازیی و یاریدەرەی ڕاگری کۆلێژی هونەر لەبارەی هۆکاری داخستنی بەشەکەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: هەڵپەساردنەکە تەنیا پەیوەندیی بە کەمیی ستافەوە هەیە بە هیچ شتێكی دیکەوە نییە، دوو مامۆستامان هەیە ماستەریان هەیە بەڵام شیوازی وانە وتنەوەیان جیاوازە و ناتوانن وانە بڵێنەوە، سێ مامۆستای دیکەش مۆڵەتیان وەرگرتووە و ئێستا لە دەرەوەی وڵاتن، یەکێكی دیکە لە مامۆستاکانمان عەرەبە و ناتوانێت وانە بڵێتەوە لەبەر ئەوەی وانەکانی ئێمە کوردییە.

سەربەست ڕەسوڵ

سەرچاوە: rojnews