بەشداریی كورد لە ڕاپەڕینەكانی دژ بە خەلیفە هارون ئەلڕەشیددا

 

 

كەیوان ئازاد  

بە درێژایی (23) ساڵی ماوەی دەسەڵاتی ئەو خەلیفەیە، چەندین ڕاپەڕین لە دژی خۆی و دەوڵەتەكەی سەریان هەڵدا. زۆربەی ئەو ڕاپەڕینانەش لەلایەن كۆمەڵانی خەواریجەوە ئەنجام دران، كە لە نەیارە سەرسەختەكانی دەوڵەت و بنەماڵەی عەباسی بوون، لە دیارترین ئەو ڕاپەڕینانەش، ئەمانەی خوارەوە بوون:

1- ڕاپەڕینی (سەحساحی شەیبانی): ئەم ڕاپەڕینە لە ساڵی (178ك/787ز) لە هەرێمی جزیرە و لەلایەن ئەو كەسایەتییەوە ئەنجام درا، بەڵام دوای چەند مانگێك لە هەوڵ و تەقەلاكانی بۆ دژایەتیی دەوڵەتەكە، بەهۆی شاڵاوێكی سوپای عەباسییەكانەوە لێ درا. ئەوەش دوای ئەوەی (نەسری كوڕی عەبدوڵای زووبی) سەركردایەتیی كرد و كۆتایی پێ هێنا. خودی (سەحساح)یش لەلایەن هەوادارنییەوە كوژرا. ئەوەش كاتێك (نەسری كوڕی عەبدوڵا) توانی لە رێگای سیخووڕەكانییەوە دزە بكاتە نێو چەكدارەكانی و هەندێكیان بكرێت و سەركردەكەیان بكوژن.

2- ڕاپەڕینی (فەزڵی كوڕی سەعیدی ڕادانی): ئەم كەسایەتییەش ساڵی (173ك/ 789ز) بە (20) سوارەوە لە هەرێمی جزیرە راپەڕی و شاری (نوسەیبین)ی گرت. دواتر پشتگیریی خێڵەكانی ناوچەكەی بەدەست هێنا و فەرمانڕەوای شاری (دارا)ی بە (پێنج هەزار دینار) ڕازی كرد شارەكە بەدەستەوە بدات. ئەوەش بووە هۆكاری بەدەستەوەدانی شارەكانی (ئامەد، میافارقین، ئەرزن) لەلایەن فەرمانڕەواكانی بە بڕێك پارە، بەو شێوەیەش (فەزڵ) توانیی بەشێكی هەرێمی جزیرە بخاتە ژیڕ دەسەڵاتی خۆی، پاشان بەرەو ئەرمەنستان كەوتە ڕێ و شاری (ئەخڵات)ی گرت، دواتر كەوتە رێكخستنی ئەو ناوچانەی كەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی و بۆ هەر شارێك فەرمانڕەوایەكی دانا و كاروبارەكانی رێك خست.

بەوەش توانیی حكوومەتێكی خۆجێیی دابمەزرێنێت و هێزێكی چەكدار دروست بكات، تا ڕووبەڕووی سوپای عەباسییەكان بێتەوە. سەرباری ئەو كارانەیش، نەیتوانی ڕووبەڕووی سوپای عەباسییەكان خۆی ڕابگرێت، چونكە دواجار ئەوان دەوڵەت و خاوەن هێزێكی چەكداری باش بوون. هەر بۆیە دواجار لەلایەن خەلیفە (هارون ئەلڕەشید)ەوە لەژێر سەركردایەتیی (محەمەدی كوڕی عیسای عەبدی) سوپایەكی گەورە نێردرایە سەری و دوای شەڕێكی سەخت بەرامبەر سوپای عەباسییەكان تێكشكا و خۆیشی بەدیل گیرا و كوژرا. بە كوژرانیشی، دەسەڵات و ڕاپەڕینەكەی كۆتایی پێ هات.

3- ڕاپەڕینی (عەتافی كوڕی سوفیانی ئەزدی شاری): ئەم ڕاپەڕینەش ساڵی (177ك/ 793ز) لە شاری (مووسڵ) ئەنجام درا. قورسایی ڕاپەڕینەكەش لە ئاستێكدا بوو كە خودی خەلیفە ناچار بوو بە سوپایەكەوە بەرەو شاری مووسڵ بكەوێتە ڕێ. لە بەرامبەریشدا (عەتاف) داوای لە دانیشتوانی شارەكە كرد، لە دژایەتیكردنی خەلیفەدا هاوكاریی بكەن، بەڵام دانیشتوانی شارەكە ڕوویان لە (عوتاف) وەڕگێڕا و پشتیوانییان لە سوپای دەوڵەت كرد، بەمەش (عوتاف) ئەوەندەی پێ كرا بەرەو هەرێمی ئەرمەنستان ڕابكات، بەوەش ڕاپەڕینەكە دامركایەوە.

4- ڕاپەڕینی (وەلیدی كوڕی تەریفی شاری): نموونەی ڕاپەڕینێكی دیكەی خەواریجەكان بوو لە هەرێمی جزیرە، كە ساڵی (182ك/ 798ز) بە ڕووی خەڵافەتی (هارون ئەلڕەشید)دا ئەنجام درا. دیارە ئەگەرچی سەرەتا تەنیا (30) كەسی لەگەڵدا بوو، بەڵام دوای زنجیرەیەك سەركەوتن، ژمارەی لایەنگرانی زیادی كرد و چەندین شاری هەرێمەكانی جزیرە و ئەرمەنستانی داگیر كرد. كەسایەتی و بەتوانایی (وەلید) بە ڕادەیەك بوو كە زۆربەی شارە گەورەكانی جزیرە و ئەرمەنستان و ئازەربایجانی بە پارە كڕی و ملی بە دەسەڵاتدارانی كەچ كرد. لەوانە شارەكانی (ئامەد، میافارقین، ئەرزن)، كە هەریەكەیانی بە (20 هەزار) درهەم كڕی. هەروەها دەستی گەیشتە ناوچەی شارەزوور و سوپای عەباسییەكانی بە سەركردایەتیی (یەحیای قرشی) لە شاری (حولوان) تێكشكاند، كەچی دوای ئەو سەركەوتنانە، بە پیلانێكی ناوخۆیی لێی درا و كوژرا، بەوەش كۆتایی بە جووڵانەوەكەی هات.

5- ڕاپەڕینی (ئەبوو عومرۆی شاری): ئەم ڕاپەڕینەش لە ناوچەی شارەزوور و لە ساڵی (184ك/ 800ز) بە سەركردایەتیی ئەم كەسایەتییە ڕووبەڕووی خەلیفە و دەوڵەتەكەی بووەوە، بەڵام كۆتایی ئەمیش وەك ئەوانی پێشوو شكست بوو. ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن سـوپایەكـی عەباسییەكانەوە لـەژێر سـەركردایەتیی (زوهیری قەسـاب) لێی درا و سـەركوت كرا، ئەوەش دوای سەركردەی ڕاپەڕینەكە لە هەمان ساڵدا كوژرا و كۆتایی بە ژیانی هات.

7- ڕاپەڕینی (عەبدولسەلامی ئامەدی): ئەم ڕاپەڕینەش لە ساڵی (187ك/803ز) و لەلایەن ئەو كەسایەتییەوە لە شاری (ئامەد)ی هەرێمی جزیرەوە سەركردایەتیی كرا، بەڵام لەلایەن سوپایەكی خەلیفەوە و لەژێر سەركردایەتیی (یەحیا كوڕی سەعیدی عەقیلی) لێی درا.

كۆی ئەم ڕاپەڕینانەش لە سەردەمی ئەم خەلیفەیەدا بۆیان سەلماندین كە دەنگی ناڕەزایی لە دژی دەوڵەت هەبوو. بەتایبەت لە هەرێمەكانی (جزیرە، ئەرمەنستان، چیا، سەجستان). ئەوەش لە كەمتەرخەمیی دەوڵەت بووبێت، یان لە هەڵە و كەموكوڕیی بەرپرسانی دەوڵەت و والی و فەرمانڕەوای شارەكان بووبێت، سیمایەكی خراپیان بە دەوڵەتەكە و ئەو خەلیفەیە دا.

بە شێوەیەكی ئاساییش بەشێكی زۆری هەڵەكە كەوتبووە ئەستۆی بەرپرسان و والی و فەرمانڕەوای شارەكان، چونكە ئەگەر وا نەبوایە، فەرمانڕەوای شارەكان مامەڵەیان پێوە نەدەكرا و ئامادە نەدەبوون لەپێناو دەسكەوتێكی ماددی پۆستەكانیان بفرۆشن! وەك ئەوەی (وەلیدی كوڕی تەریفی شاری) ئەو كارەی كرد. هەروەها بەو پێیەی سنووری ئەو ڕاپەڕینانە كەوتبوونە ناوچە و مەڵبەندە كوردنشینەكان و بەشێك لە كوردەكانی ئەو ناوچە و هەرێمانە پشتیوانییان لەو ڕاپەڕینانە كرد، مانای ئەوە بوو كە دەنگی ناڕەزایی لەنێو پێكهاتە و كۆمەڵگای كوردیدا هەبوو و ئەو دەوڵەتەیان بە كەمتەرخەم لەئاست داواكانیان دەزانی.

 

سەرچاوە : دابڕان