ئارێز عەبدوڵا
بەرپرسیار یان لێپرسراو ئەو کەسەیە کە ئەرکێکی لەسەر شانە و دەبێ بەو شێوەیە جێبەجێی بکات کە بەیاسا و ڕێنمایی بۆی دیاریکراوە. ئەگەر هەر بەرپرسێک بۆ بەرژەوەندیی گشتی کاریکرد و بەرپرسانە یاسا و ڕێنماییەکانی جێبەجێکردن ئەوا شایستەیە و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ نەک لێپرسراوی خەڵکی تر. لەبواری بەڕێوەبردنی کاروبارە تایبەت و گشتیەکان پرانسیپێکی جیهانی گرنگ هەیە (کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو) واتە هەر کەسێک بەپێی ئاستی توانا و لێهاتوویی خۆی ئەو کارەی پێ بسپێردرێ کە لێی دەزانێ و شارەزایە.
جێبەجێکردنی ئەو پرانسیپە مەرجی سەرەکی سەرکەوتن و بەرەوپێش چوونە، بەڵام کاتێک پرانسیپەکە جێبەجێ ناکرێت ئەوا شیرازەی کاروبارەکان تێكدەچن و لە باشترین باردا دامەزراوە، کۆمپانیا یان فەرمانگەکە چەق دەبەستێ.
بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە زۆر کەم بەچاویلکەی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو سەیر دەکرێ، بۆیە هەندێ ئیعتباری تری وەک خزمایەتی، ملکەچی، هاوبەشی و ناوچەگەریەتی و حزبایەتی .... دێنە پێشەوە و لەو بارەشدا کەسانێک پێگە و پۆست وەردەگرن کە لەلایەک ناتوانن ئەرکەکانی خۆیان بەباشی جێبەجێ بکەن و زیانی گەورە لە بەرژەوەندیی گشتی دەدەن، لە لایەکی دیکەش توانا و لێهاتوویی کەسانی تر ناخرێتەگەڕ و بەفیڕۆ دەڕوات، کە ئەوەش سامانێکی نیشتیمانی گەورەیە.
ئەو بابەتە تەنیا کاریگەری لەسەر دامەزراوە و کەسە پەیوەندیدارەکان نییە، بەڵکو بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری بۆ سەر گەل هەیە و لە ئەنجامیش هەستکردن بە نادادپەروەری و نامۆ بوون و دروستبوونی ئاراستەی جیاواز دەبێ.
لە کوردستان پێگە و پۆستە گشتیەکان بە هەرپاساوێک بێ موڵکی تایبەتی ئەم و ئەون، بۆیە ئەوانیش بە زۆری بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان تەخشان و پەخشانی پێ دەکەن، ئەنجامیش ئەرکدارەکان تەنیا ڕۆبۆت و کۆیلەی بەستەزمان دەبن.
سیاسەت و بەڕێوەبردن دوو زانستی زۆر گرنگن، هەر کاتێک لە لایەن نەشارەزایانەوە ئاراستە بکرێن تەنیا ماڵوێرانی بەدوای خۆیاندا دێنن.
چۆن دەکرێ کەسێک ئەزموونی بەڕێوەبربردنی نەبێ بەڕێوەبەرایەتیەکی گرنگی پێ بسپێردرێ؟
چۆن دەکرێ کەسێک سیاسەت نەزانێ پێگەیەکی سیاسی گەورەی پێ بدرێ؟
چۆن دەکرێ لە پێگە و بەرپرسیارەتەکان ئەوەندەی ڕێنمایی و ڕاسپاردەی تایبەت لەبەرچاو بگیرێن ئەوەندە ڕێسا و یاساکان نا؟
ئەم وڵاتەی ئێمە گیرۆدەی دەستی هێزێکە کە وەک ئایین خۆی نمایش دەکا، گوایە دەست بۆ بردنی لەکەدارکردنی پیرۆزیەکانە و بڤەیە.
ئەم وڵاتەی ئێمە گیرۆدەی عەقلیەتێکە لە مۆدێلی ئوتومبێل و بۆینباخ و قاتی مارکە جیهانیەکان لە ڕۆژئاواییەکان شارەزاترە، بەڵام لە بیرکردنەوە و کرداردا سەد ساڵ لە دواوەیە.
تا بیرکردنەوە و هەڵومەرجەکانی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەش بەم شێوەیە بن و ناڵێم شۆڕش بەڵکو چاکسازییەکی ڕاستەقینە نەکرێ، نابێ خۆزگە بە باشتر بخوازین، چونکە لێیان چاوەڕوان ناکرێ.
سەرچاوە : خەندان