بەردێكی مێژوویی لە بەردەڕەش دەدۆزرێتەوە کە نووسینی بزماری لەسەرە

لە کاتی کارکردنی کرێکاران لە کێڵگەیەکی پەتاتە لە گوندی گربدەو لە سنووری قەزای بەردەڕەش، بەردێکی مێژوویی دۆزرایەوە کە بە نووسینی بزماری نەخشێندراوە. پانیی بەردەکە 40 سانتیمەتر و درێژییەکەشی 50 سانتیمەترە، بەگوێرەی شوێنەواری ئاکرێ، مێژووەکەی بۆ سێ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
ھیوا شەمال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە لایەن لیژنەیەکی پسپۆڕ و هونەرییەوە لێکۆڵینەوە لەسەر بەردەکە دەکرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زانستی دیاریبکرێت کە مێژووەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە."

بەردەکە رۆژی 29-07-2022 لە کاتی کارکردنی کرێکارەکان لە کێڵگەیەکی پەتاتە دۆزراوەتەوە، عومەر حوسێن، شوێنەوارناس لەبارەی قەبارە و شێوازی نووسینی سەر بەردەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چوارگۆشەیە و مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە."

بەشیر ئەحمەد، پاسەوان لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری ئاکرێ دەڵێت، "گردی ئاوا [شوێنەواری] لە سنووری بەردەڕەش زۆرە" و دەشڵێت، چەندین جار لە لایەن قایمقامەوە ئاگادارکراونەتەوە کە کار لەو زەوییانە نەکەن، بەڵام بەگوتەی ئەو، ئەو زەوییانە کشتوکاڵین و خەڵک بۆ مەبەستی کشتوکاڵ بەکاریان دەهێنن.

لە سنووری هەردوو قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش، زیاتر لە 500 ناوچەی مێژوویی و شوێنەواری تۆمارکراون، ئەوە جگە لە چەندین ناوچەی دیکەی شوێنەواری کە تاوەکو ئێستا تۆمار نەکراون.

عومەر حوسێن، شوێنەوارناس باس لەوەش دەکات کە لە ئێستادا دوو تیمی شوێنەواری ئیتاڵی و فەرەنسی لێکۆڵینەوە لە ناوچە شوێنەوارییەکانی سنوورەکە بەتایبەت گوندی ئامیان، گردی شوێنەواریی ئاسنگران لە گوندی پیرچاوش و چەند شوێنێکی دیکەی شوێنەواری لە سنوورەکە دەکەن، دەشڵێت، لە مانگی داهاتوودا لێکۆڵینەوەکانیان فراوانتر دەکەن.

 

سەرچاوە: rudaw