بەبۆنەی دەیەمین ساڵرۆژی جینۆسایدییان: پرسی کوردبوون‌و نەبوونی ئێزیدییەکان..!

 

 

 

ئارام رەفعەت

 

 

 

ئەمرۆ دەیەمین ساڵرۆژی یەکێک لە گەورەترین و دڕندانەترین جینۆسایدەکانی سەدەی ٢١-ه. 

بۆ ئەوەی لەریشەی ئەم جینۆسایدە تێبگەیین دەبێت بەمێژووی هەڵاواردنی و جیاکردنەوەی کوردی ئێزیدی لە سەر بنەمای دین ئاشنا بین.

🔶لە حوزەیرانی ئەمساڵدا ١٨٢ پەرلەمانتاری عاڕەب، زۆرینەی شیعە، واژۆیەکییان بۆ پرۆژەی بەفەرمی ناسینی ئێزیدییەکانییان وەک نەتەوەیەکی جیاواز کۆکردەوە. ئەگەر ئەنجومەنی باڵای رۆحانی ئێزیدی نەهاتبایە سەرخەت، ئەم پرۆژە یاسایە بەئاسانی تێدەپەڕێندرا.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەوڵە نەزۆکەدا، عاڕەبە شیعەکان بە وردی و سیستەماتیکی کار بۆ دابڕینی کوردی فەیلی لە جەستەی نەتەوەی دایک دەکەن .

عاڕەبە شیعەکان، تا ئێستا لە جیاکردنەوەی کوردی شەبەکدا سەرکەوتوو بوون.

شەبەکەکان تێکەڵەیەکن لە کۆمەڵێک عەشیرەتی رەسەنی کوردی، لەوانەش زەنگەنە، باجەلان، رۆژبەیانی، داودە، لەک، ئۆمەربل و زراری و بەزاراوەی گۆرانی دەئاخفێن، ئێستا خۆیان بە جیاواز لە کورد دەناسێنن. 

🔶شەش سەدەیە هەوڵی دابڕینی ئێزیدییەکان شکست دێنێت

ریشەی هەوڵی دابڕینی کوردی ئێزیدی لە کوردی موسوڵمان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٤٥١ و بۆ سەردەمی سوڵتان محەمەدی دووەمی تورکەکان. 

لەو ساڵەدا سوڵتانی تورکەکان لەسەر بنەمای یاسای میللەت بۆ ئیدارەدان و حوکمڕانی کردنی نەتەوە ژێردەستەکان، لەوانەش کورد رێکخست.

یاساکە، نەتەوەکانی ژێردەستی تورکەکانی لەسەر بنەمای ئایین، نەک نەتەوە رێکخست. بەگوێرەی یاساکە نەتەوە ژێردەستەکان دابەشکران بۆ سەر سێ میللەت: موسوڵمان، کریستیان و جوو.

واتە تەنها پەیڕەوانی ئایینە ئیبڕاهیمییەکان وەک نەتەوە ناسێنران. 

🔶یاسای میللەت کۆمەڵگەی کوردی لەبەریەک هەڵوەشاند

هەرچەندە، بەهۆی سیستەمی میرنشینی، یاسای میللەت، کەمتر لە کوردستان کاری پێدەکرا، بەڵام لە ساڵی ١٨٣٩دا و لەچوارچێوەی یاسای تەنزیماتی تورکە عوسمانییەکاندا، کە لەبنەڕەتدا بۆ سەپاندنی حوکمی ناوەندی و راستەوخۆی تورکەکان بۆسەر کوردستان و نەتەوەکانی تر بوو، یاسای میللەت بەسەر کوردستانیشدا سەپێنرا.

◀ یەکەم لێکەوتەی ئەو سیستەمە روخاندنی میرنشینەکان بوو. 

لەماوەی ١٥ ساڵدا سەرجەم میرنشینەکانی کوردستان روخێنران و تورکەکان راستەوخۆ حوکمی کوردستانییان کرد. ئەمەش زەمینەی رەخساند سیستەمی میللەت بەسەر کوردستاندا بسەپێنرێت. واتە یەکەم گورز بەر کۆی نەتەوەی کورد کەوت.

◀دووەم لێکەوتەی ئەم سیستەمە جیاکردنەوەی کوردانی کریستیان، یان تەیاری و نەستۆرییەکان بوو لە نەتەوەی کورد. 

وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، سیستەمی میللەت ناسنامەی نەتەوەیی سڕییەوە و هاوشێوەی نەتەوە ژێردەستەکانی تر، کوردیشی لەسەر بنەمای موسوڵمان و جوو و کریستیان دابەش کرد.

دابڕینی کریستیانە تەیاری و نەستۆرییەکان لەجەستەی نەتەوەی کورد لەو ساوە دەست پێدەکات. بەهاوکاری تەبشیرییەکانی رۆژاوا، جیاوازی ئایینی لە کریستیانییەوە گۆڕدرا بۆ ئاشوری و سریانی و کلدانی. 

◀ سێیەم لێکەوتەی سیستەمی میللەت بەناکورد کردنی کوردانی موسوڵمان بوو

سیستەمی میللەت هەر کوردە کریستیانەکانی لەجەستەی کورد دانەبڕی، بەڵکو کوردی موسوڵمانیشی لە ناسنامەی کوردی و کوردستانی نامۆ کرد. 

گەنگەشەی تورکە لاوەکان لەسەردەمی ئیتیحاد و تەرەقیدا کە کوردیش هەر تورکن، یان کورد و تورک یەک نەتەوەن بێ بنەما نەبوو.

ئەم ئارگۆمێنتەی کە کوردیش هەر تورکە لەسەر بنەمای ناسنامەی ئایینی، لە کاتی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی باشوری کوردستان (ویلایەتی موسڵ) بەهێزترین ئارگومێنت تورکەکان بوو. 

هەر لەسەر بنەمای ئەوەی کوردیش هەر تورکن مادام هەردووکییان موسوڵمانن، زییا گۆکلابی کورد تیۆری تورکبوونی کورد دادەڕێژێت و ئەم تیۆرە لە سەد ساڵی رابردوودا ببووە ئایدیۆلۆژیای فەرمی دەوڵەتی تورک.

لەسەدەی رابردوودا و لەباکوری کوردستاندا ناسنامەی موسوڵمانبوونی کورد هاوتا بووە لەگەڵ بەتورکبوونی کورد.  ئەمە بێ هەڵاواردن بۆ هەردوو سەردەمی ئەتاتورکیزم و ئەردۆغانیزم راستە.

هەتا ئێستاش ملیۆنان کوردی باکور لەسدەر بنەمای موسوڵمانبوون کێشەیان لەگەڵ تورکبووندا نییە و لە زاهیردا موسوڵمان بوون و لە دەرەنجامیشدا تورکبوون ناسنامەی سەرەکییانە و سیستەمی داگیرکاری تورکی لەکوردستان لەسەر ئەو بنەمایە وەستاوە. 

ئەم "ناکوردبوونە"ش بۆ کوردە موسوڵمانەکانی باشور، ئەوانەی لەژێر کاریگەری گرووپە فیرقەییەکاندان راستە. بۆ دەیان هەزار کوردی فریقەیی باشور، بەتایبەتی فیرقەی ئیخوانی، فەلەستین قەزییەی میحوەرییە و وەک ئەبوبەکر هەڵەدنی، کادیری ئەو فیرقەیە بە رەخنەوە دەڵێت، دۆزی کورد بۆ فیرقەی ئەوان هیچ بایەخێکی نییە. ئەمەش لە چەندرۆژی رابردوودا لەپەیوەست بەکوشتنی هەنییە و خیتابی شەهیدی ئۆممەت، بەراشکاوی بینیمان. 

🔶یاسای میللەت سەرەتای دۆزەخ و فەرمانی ئێزیدییەکان

یاسای میللەت ئێزیدییەکانی نەگرتەوە، چونکە لە ئایینە ئیبراهیمییەکان هەژمار ناکرێت. ئەمەش دەروازەی دۆزەخ و کوشتاری بۆ ئێزیدییەکان کردەوە. لەسای سیستەمی دەوڵەتدا، کریستیان و جوو جۆرێک لە ئۆتۆنۆمییان هەبوو و پارێزراو بوون (هەرچەندە دواتر زۆربەیان جینۆساید و دەربەدەرکران، لەوانەش ئەرمەنی و نەستۆری و تەیارییەکان). بەڵام ئێزیدییەکان هیچ پارێزبەندییەکییان نەبوو. دابڕین و پۆلێنکردنی ئێزیدییەکان وەک "شەیتانپەرەست" لێرەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئەمەش لە دوو سەدەی رابردوودا دەروازە بۆ هەموو کردەیەکی رەگەزپەرەستی و دوژمنکارانە لەدەژیان دەکاتەوە.

هەرچەندە، شەرەفخانی بەدلیسی، لەشەرەفنامەکەیدا (١٥٩٦)دا نوسیوییەتی، چەمکی شەیتانپەرەست بۆ ئێزیدییەکان بەکاردێنێت، بەڵام وەک کورد دەیانناسێنێت و لەکوردی موسوڵمان جیایان ناکاتەوە. لەبەرئەوەی هێشتا یاسای میللەتی تورکەکان لە کوردستان کاری پێ نەدەکرا.

کوشتاری ئێزیدییەکان لە ساڵی ١٩٣٥، لەلایەن سوپای قەوارەی عێڕاقییەوە و جینۆسایدی ٢٠١٤ش لەلایەن عاڕەبی سوننەی سەر بە فیرقەی داعشەوە درێژکراوەی هەمان پۆلێکردنن کە لە سیستەمی میللەت سەر دەگرێت.

🔶بەناکوردکردنی کوردی ئێزیدی وەک سیاسەتی مەرکەزی عێڕاق و ئەرمەنستان

◀ ئەرمەنستان

لەسەردەمی سۆڤییەتدا و تا ساڵی ١٩٨٩ کوردی موسوڵمان و ئێزیدی لە مامەڵەی دەوڵەتی سۆڤییەتدا، لەوانەش سەرژمێرییەکاندا، لەیەک جیانەکراونەتەوە. لەگەڵ سەرەتاکانی سەربەخۆیی ئەرمەنستان، ئەرمەنییەکان سیاسەتی دابڕانی کوردی موسوڵمان و ئێزیدی کرایە سیاسەتی سەرەکی ئەرمەنییەکان. 

◀ قەوارەی عێڕاق

لە سەرژمێرییەکانی پەیوەست بە یەکلاکردنەوەی ویلایەتی موسڵ، کە هەریەک لە تورکەکان و ئینگلیزەکان بۆ کۆمەڵەی گەلانییان ئامادەکردبوو، ئێزیدی بە کورد هەژمار نەکرابوون، واتە نە تورکەکان و نە ئینگلیزەکان ئێزیدییان بەکورد هەژمار نەکردبوو.

تورکەکان لە روانگەی سیاسەتی میللەتەوە و پێداگرییان لەوەی کە تورک و کورد یەک ئاینییان هەیە و بۆیە یەک نەتەوەن، واتە کوردیش هەر تورکە و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵەیان لە گەڵ ژمارە و رێژەی کورد دەکرد. بۆ ئەو مەبەستەش دەبوایە ئێزیدی لەکورد داببڕن.

ئینگلیزەکانیش بۆ بەتاڵکردنەوەی ئارگومێنتی تورکەکان و بۆ ئەوەی رێژەی ناکوردەکان، واتە نا تورکەکان، لە ویلایەتی موسڵ زیاد بکەن، ئێزیدییەکانیان لەکورد دابڕی.

دەوڵەتی دەسکردی عێڕاق، هەر لەدوای دامەزراندنییەوە و لەهەموو سەرژمێرییەکانییاندا، ئێزییدییان بەجیا لە کورد هەژمار کردووە.

بەڵام، لە سەرژمێری گشتی ساڵی ١٩٧٧دا و لەسەردەم داگیرکاری بەعسدا، ئەم جیاکارییە چووە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. لەم سەرژمێرییەدا ناسنامەی عاڕەبی بەسەر ئێزیدییەکاندا سەپێنرا.

لەو سەرژمێرییەدا هەر ئێزیدییەکان نەبوون، کاکەیی و کوردە کریستیانەکان و عەشیرەتەکانی شەبەک و گەرگەری و کیکانی و پاڵانی و ساڵەیی و گێژ و شێخبزەینیش بە عاڕەب هەژمار کران.

کاکەییەکانی لێدەربچێت، تا ئێستاش لەناو عەشیرەتەکانی وەک شێخبزێنی و گەرگەری و ساڵەیی خەڵکانێک هەن کە خۆیان بە عاڕەب لەقەڵەم دەدەن، وەک چۆن هەندێک ئێزیدی لە بنەماڵەی بەگەکان خۆیان بە عاڕەب لەقەڵەم دەدەن.

هەوڵی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان لە ٢٠١٤دا و هەوڵی حوزەیرانی پارلەمانتارە عاڕەبەکانی پەرلەمانی قەوارەی عێڕاق و یاسای سەرژمێری ساڵی ١٩٧٧ی بەعس لەگەڵ سیستەمی میللەتی تورکەکان تەواوکاری یەکترین. لەهەموو ئەمانەدا خودی کورد وەک نەتەوە ئامانجە، نەک تەنها ئێزیدییەکان. وەک هەر نەتەوەیەکی تر، کوردیش بێ گروپە کەلتوری و دینی و مەزهەبییە جۆراوجۆرەکان، پلەبەندی نەتەوەیی لەدەست دەدات و دەبێتە گروپ و کەمینەیەکی ئەتنیکی، کە لەدوارۆژدا نەک هەر ناتوانێت وەک نەتەوەیەک پێداگری لەسەر مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بکات، بەڵکو وەک گروپێکی ئەتنیکیش توانای مانەوەی نامێنێت.

◀ ئێزیدییەکان و نیگەرانییان

ئەوەی کە پەیوەستە بە سایکۆلۆژیا و جیهانبینی خودی ئێزیدییەکانەوە دەکرێت بڵێین، کە ئێزیدییەکان کێشەیان لەگەڵ کوردبووندا نییە، کێشەیان لەگەڵ ئەو میراتە فاشیستە قێزەونە هەیە کە لە یاسای میللەتی تورکەکانەوە ماوەتەوە، میراتێک کە ناتوانێت زامنی ناسنامە ئایینیە جیاوازەکان لەناو قەوارەی نەتەوەیەکدا بکات. 

داگیرکەر لە هەریەک لە رۆژاوا و باکوری کوردستان نەیتوانییوە یاری بە ناسنامەی کوردی ئێزیدی بکەن، وەک چۆن قەوارەی عێڕاق دەیکات. هۆکارەکەیشی سادەیە، تەڤگەری باکور و رۆژاڤا، کوردی ئێزیدی وەک خۆیان قەبوڵدەکەن و هاوتای کوردی موسوڵمانن.

بەواتایەکی تر، ئەو خودنامۆیی و خۆ جیاکردنەوەیەی کە لەناو بەشێک لە کوردی ئێزیدیدا هەیە هێندەی پەرچەکردارە بۆ ئەو بەدێوەزمەکردن و تەکفیر و رەگەزپەرەستیی و رەتکردنەوەی ئەوی تری کوردی نا موسوڵمان، لەوانەش ئێزیدیە لەلایەن کوردی موسوڵمانەوە، هێندە بژاردەیەکی خوازراوی ئێزیدییەکان نییە. کە ئەمە لە کەیسی دوعا و زەمینەخۆشکردن بۆ جینۆسایدی شەنگال بە ئاشکرا دەردەکەوێت. 

دواجار، سەرەرای فاشیزمی سیستەمی میللەت کە تا ئێستاش ئاسەوارەکانی ماوە و سەرەرای برینە قوڵەکانی شەنگال، هێشتا خوێنی دەروێشی عەڤدی و مەحمود ئێزیدی ئەفسانەیی و شیخ حوسێنی بابەشێخ لەجەستەی زۆربەی ئێزیدیەکاندایە و ئەمەش لە هەڵوێستی مەردانەی ئەنجومەنی باڵای رۆحانییەتی ئێزیدی لە حوزەیرانی ئەمساڵدا بە ئاشکرا بینیمان.

 

سەرچاوە : سپیمیدیا