بێ دەوڵەتی/ ئیدیۆلۆژی هەنجاری/ فرەیی هێزە سیاسییەکان

سینیشا مێلاشۆڤیچ دوو ئاست بۆ ئیدیۆلۆژی دادەنێت. یەکەم ئاستی هەنجاری و دووهەم ئاستی بەکردەوەکراوی (عەمەڵیاتی). مێلاشۆڤیچ پێی وایە ئیدیۆلۆژی بەکردەوەکراوی و زاڵی سەردەمی مۆدێرن ناسیۆنالیزمە.

ئیدیۆلۆژی لە ئاستی هەنجاریدا زۆردار پەرە بە بیروباوەڕێک ئەدا بۆ داهاتوو، بیروباوەڕێک کە زۆر لەگەڵ ئێستای کۆمەڵگادا ناگونجێت و زۆر جار ڕەنگ و بۆی یۆتۆپیای پێوە دیارە. بە وتەی سینشیا ماڵشۆویچ ئیدیۆلۆژی لە ئاستی هەنجاریدا بە شێوەیەکی ئاشکرا پەرە بە کۆمەڵێک ڕێنوێنی ئەخلاقی ئەدا کە زۆربەیان جیهان گەرایانەن. لەم ئاستەدا ڕووی ئیدیۆلۆلۆژی لە مرۆڤایەتییە کە زۆر جار لە ڕێگای چینێکی تایبەتەوە ئەجێندای خۆی دەورووژێنێت. پێکهێنانی کۆمۆنیسم و یان لەباری ئایینییەوە پێکهێنانی ئوممەتی یەکەی ئیسلامی و...

بەڵام ئیدیۆلوژی بەکردەوەکراوی بە پێچەوانەی هەنجاری جیهان گەرایانە و هەمەکی نییە و هەندەکییە. بەو مانا کە بۆ جوگرافیا یان فەرهەنگ و کانتێکستی تایبەت دەدەوێت. بە وتەی میلاشۆڤچ چونکە ئیدیۆلۆژی بەکردەوەکراوی واتا ناسیۆنالیزم لە چاخی مۆدێرنیتەدا زاڵە، کەوابوو بایەخ و ئێژایی ئیدیۆلۆژی هەنجاری گرێ دراوە بەوەی تا چەندە دەتوانێت ببێتە هەوێنی پارێزگاری و بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی ئیدیۆلۆژی بەکردەوەکراوی. میلاشۆڤیچ پێمان دەڵێت هەر سێ ئیدیۆلۆژی لە سێ وڵاتی  ئێران، بەریتانیا و یەکیەتی سۆڤیەت (یووگێسلاوی) واتا ئیسلام و لیبراڵیسم و مارکسیسم لە ئاستی هەنجاریدا پێکەوە تەبا نین، بەڵام لە ئاستی کردەییدا هەر سێ وڵات یەک ئەجێندا دەبنە پێش ئەویش پارێزگاری لە نەتەوە و ئاوات و ئامانجەکانییە. هەنووکەش نموونەی هەرە بەرچاوی ئەردۆغانە کە زۆرێک لە کوردە موسڵمانەکان پشتگیری دەکەن بە بیانووی ئیسلامییگەری، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو چەشنە ئیدیۆلۆژییە تەنیا کاتێک بۆ ئەردۆغان و تورکەکان بایەخدارە کە ببێتە هەوێنی پارێزگاری لە نەتەوەی تورک و ئاوات و ئامانجەکانی گەلی تورک. لە ئاستی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش هەر بەو چەشنەیە. بۆ ئێرانیش چ لە ئاستی حکومەتەوە چ لەئاستی کەسایەتی و هێزە سیاسییەکانیانەوە ئەم بۆچوونە ڕوون و ئاشکرایە.

بۆ ئێمەی کورد زۆر جار ئەمە بە پێچەوانە بووە، مرۆڤی کوردی موسڵمان، کوردی مارکسیست و لیبراڵ و... ئەوەندە چوونەتە ناخی ئیدیۆلۆژی هەنجارییەوە، ئەوەندە بەشوێن ڕزگار کردنی هەموو کرێکاران و هەموو موسڵمانی جیهاندان کە خۆی و دۆخی خۆی لە بیر چووەتەوە. ئەمە لە دروشم و ستراتیژی بەشیکی بەرچاو لە هێزە سیاسییەکانی کوردیش ڕەنگدانەوەی هەیە، کە نموونەی هەرە بەرچاوی دروشمی برایەتیی گەلان و بردنە ژێر پرسیاری دەوڵەت- نەتەوەیە. ئەیووب کەریمی مامۆستای زانکۆ لە وتارێکیدا تیشک دەخاتە سەر ئەو ئیدیۆلوژی و قوتابخانە فیکریانە کە لە درێژایی مێژوودا لە پێش سەردەمی مۆدێرنەوە هەتاکوو ئێستا کورد گیرۆدەیانە و زۆر جار قوربانیی ئەم ئیدیۆلۆژییانە بووە. کەریمی پێی وایە "ئیسلامی خەلافەتی"، "مارکسیسمی جیهان سێیەمی" و "دیموکراسی-باوەڕی" سێ ئیدیۆلوژین کە لە سەردەمی پێش دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن و سەردەمی شەڕی سارد و پاش شەڕی سارد، کورد خۆی کردووەتە سووتەمەنی ئەم بیر و هزرانە. هەر سێی ئەم ئیدیۆلۆژییانە کە کەریمی باسی دەکات، بە پێی ئەو پۆلێنبەندییە کە میلاشوڤیچ دەیکات، دەتوانین وەک ئیدیۆلۆژی هەنجاری پێناسەیان بکەین. بەو جیاوازییە کە بۆ نەتەوەکانیتر ئەم ئیدیۆلۆژییانە بوونەتە هەوێنی گەشەسەندی بیری نەتەوایەتی، یان لە ڕاستای بەرژەوەندی نەتەوەیی کەڵکیان لێ وەرگیراوە. بەڵام لە کوردستان تاکی کوردیان لە نەتەوە و کوردایەتی دوور خستووەتەوە.

کوردایەتی کانییەک بووە، کە هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان هەوڵیان داوە لەو کانییە بێبەش نەبن. بەڵام لەم نێوەدا بەشێکی بەرچاو (نە هەموو) لە هێزە سیاسییەکان لەم کانییە بۆ تێرکردنی ئیدیۆلۆژی هەنجاری کەڵکیان وەرگرتووە. یەکێک لە لێکەوتەکانی ئیدیۆلۆژیی هەنجاری لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، فرەیی هێزە سیاسییەکان بووە. ئەم فرەیییە زۆر جار چەمکی "بەرژەوەندی نەتەوەیی" لە کوردستان تووشی ئاڵۆزی کردووە. فرەیی هێزە سیاسییەکان لە نەبوونی دەوڵەتدا، فرەیی بەرژەوەندی لێ کەوتووەتەوە. بەڵام لێرە فاکتەری دەوڵەت یەکلاییکەرەوەیە. بەرژەوەندی نەتەوەیی و دەوڵەتی نەتەوەیی گرێ دراوی یەکترن. یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی دەوڵەتی مۆدێرن پارێزگاری و پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی بووە/هەیە. لۆژیکی سیاسەتی دەوڵەتەکان چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە پارێزگاری و گەشەسەندنی بەرژەوەندی نەتەوەیی بووە.

وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا زۆر جار لە ئیدیۆلۆژی هەنجاری بۆ پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی کەڵکیان گرتووە. بەڵام چەمکی بەرژەوەندی نەتەوەیی لە کوردستان ئاڵۆزە، لەبەر: 1) نەبوونی دەوڵەتێکی یەکە کە پارێزەر و پلان داڕێژی بەرژەوەندی نەتەوەیی بێ. 2) پارچەپارچە بوونی جوگرافیایی (وێڕای لاوازی ژئۆپۆلتیک). 3) فرەیی هێزە سیاسییەکان (فرەیی ئیدیۆلۆژی هەنجاری).

ئەم سێ فاکتەرە کە هەر کامەیان بۆ خۆی هەڵگری باسێکی دوور و درێژن، گرنگترین هۆکاری ئاڵۆزی چەمکی بەرژەوەندی نەتەوەیین لە کوردستان. (ئەمە باسێکی دوور و درێژە و پێویستی بە خوێندنەوەیەکی جددی هەیە و با بمێنێت) ئەم ئاڵۆزییە لە کاتە هەستیارەکاندا زۆرتر ڕەنگدانەوەی هەیە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوابەدوای هێرشی تورکیا بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان ئەم ئاڵۆزییە زۆرتر دەرکەوت. لە حاڵێکدا کە سەرۆکی جەهەپە کە گەورەترین حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیایە پاڵپشتی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی وڵاتەکەی دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان ڕاگەیاند؛ لە کوردستان شەڕێکی خۆ خۆرانە و بێ ئاکام لە نێوان دوو جەمەسەری پارتی-پەکەکە هاتووەتە کایەوە و لە واقیعدا هێرشی دەوڵەتی تورک خراوەتە پەراوێزی ئەم شەڕە ڕەوانییەی ناوخۆ. هەموو جارێک لەگەڵ شەڕی نێوان کورد و نەیارانی، شەڕی کورد-کوردیش هەڵدەگیرسێت. دیارە جیاوازی بیروڕا زۆر ئاسایییە و دەکرێت لایەنگرانی ئەم دوو حیزبەش ڕا و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، بەڵام خاڵی جێی تێڕامان ئەوەیە کە، لە کاتی هێرشەکاندا فەزای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان زۆرتر شەڕی نێوان کورد و کوردە تا شەڕی کورد و داگیرکەرانی. ئەمە ئەسڵێکی نەگوڕە لە هەموو دونیادا، کاتێک نەتەوەکەت لە ژێر هێرشی دوژمنان و نەیاران بوو بۆ ماوەیەکی کورتیش بووە هەموو جیاوازییە ناوخۆییەکان بەلاوە بنردرێت و ڕووی هێرشت تەنیا بۆ داگیرکەر و نەیار بێت. «وەختێک نیشتمان نەمێنێت، هیچ شتێک نامێنێت،» بۆیە ئەگەرچی چەمکی بەرژەوەندی نەتەوەیی لە کوردستان ئاڵۆزە، ئەگەرچی هەر کاممان دەتوانین سەر بە ڕێبازێکی فکری ببین و جیاوازی بیروڕامان هەبێت، بەڵام دەکرێت هەموومان لەسەر ئەم قسەی ئارێنت کۆک ببین کە« وەختێک وەک جوویەک لە ژێر هەڕەشەداین، دەبێت وەک جوویەک لە خۆمان بەرگری بکەین.» پێم وایە لەو ڕستەدا لەباتی جوویەک، دەتوانین بنووسین کوردێک. وەک چالاک و هەڵسووڕاوی توڕەکۆمەڵایەتییەکان دەبێت بە وشیارییەوە هەڵوێست بگرین، کە ئەمەش بە مانای پاشگەز بوونەوە لە بیر و ڕای خۆمان نییە، بەڵکوو تەنیا هەست بە بەرپرسیارەتی و سەرەتایەکە بۆ بنیاتنانی گفتوگویەکی نەتەوەیی و کاڵکردنەوەی شەڕی خۆ خۆرانە لە دۆخی هەستیار و ئاوارتەدا.

ئارام کەیخەسرەوی
2022/4/25

 

 

سەرچاوە: parantez