بۆ: كوڕان و كچانی ڕۆژئاوای كوردستان

 

 

 

نەبەز گۆران
 

كە ئێوە دەبینین، شانازی بوون بە كوردبوونمانەوە، دەگاتە لوتكەی كێوەكان

ئێمەی باشووری، مەبەستم كوردە ڕاستەقینەكانە، ئەوانەی دەزانن كوردبوون چییە، دەزانن مێژوو چییە، دەزانن كولتوور و شوناس و زمان و خاك چییە، مەبەستم لە نۆكەرەكانی باشوور نییە، تكایە ئەو نۆكەرانەی لە باشووردا سەریانهەڵداوە و كاسەی خۆیان تێكەڵ بە كاسەی دوژمن كردووە، لەسەر ئێمە حیسابیان مەكەن، چونكە ئێمەش وەك ئێوە، بە نۆكەر تەماشایان دەكەین.

دەمەوێت بڵێم: لەم چركەساتە مێژووییەدا ئێوە نوێنەرایەتی ڕۆحە جوامێرەكەی كورد دەكەن. بەرگری لە خاك و لە بوون و لە شوناسەكەمان دەكەن، هەموو كوردێكی بە ئەمەك لەم باشوورەدا، هێندەی هەردوو چاوانی ئێوەی خۆشدەوێت. بە چەندین جۆر لەگەڵتانین، ئەوانەتان ئاگایان لێیە باش تێدەگەن چیدەڵێم. 

لەسەردەمی _كۆبانێ‌_ دا. بەرگرییەكانی ئێوە مانایەكی تری بە كوردبوون بەخشی، چونكە كەسایەتیتان دەناسین، پێمانوایە لەم قۆناغەشدا، مانایەكی دیكە بۆ كوردبوون دروست دەكەن، كە جێگای شانازی هەموومان بێت.

هەڤاڵان...
شەوڕۆژ چاومان لە ئێوەیە، سەركەوتنی ئێوە ئەو چارەنووسە بۆ كورد دەستنیشان دەكات، كە منداڵەكانمان بتوانن لە داهاتوودا بە كوردی گۆرانی بڵێن. من دەزانم لە فیكری ڕابەرەكەی ئێوەدا خاك چ مانایەكی هەیە. خاك لای ئێوە تەنها سەبەتەی خۆراك و شوێنی نیشتەجێ‌ بوون نییە، خاك لای ئێوە دایكە، مرۆڤی شكۆمەند دایكی جێناهێڵێ‌، ئێوە هەمیشە واتانكردووە، هەر بستێك خاكی كوردستانان بە دەستەوە بووبێت، یان بووە بە گۆڕتان، یان جێتان نەهێشتووە. هەر ئەم باوەڕە پتەو و ئازایەتییە سەنگینەتانە وایكردووە، جێگەی ئومێدی گەلی كوردبن. ئێوە باش دەزانن گەلی بێ خاك گەل نییە، بۆیە ئاوا سەربەرزانە شەڕ بۆ ئەو خاكە دەكەن و هەموو كوردێك بە شازانییەوە باستان دەكات. 

شەڕڤانە جوانەكانی ڕۆژئاوای كوردستان

ئێوە هەمیشە سەركەوتنتان پیشانی ئێمە و جیهان داوە، چیرۆكێكی مەزنتان دروستكردووە ئێستا هەموو جیهان گوێی لەو چیرۆكەیە، كە چیرۆكی كوردە و گەلی كوردتان كرد بە چیرۆكە مەزنەكەی دونیا. بۆیە ئەو چەند ڕستەیەم نووسی، بۆئەوەی بزانن، تەنها ئازایەتی ئێوەبوو توانی كورد بكات بەو چیرۆكە مەزنەی دونیا. 

ئێوە گەنجانێكی تێكۆشەر و پاك و كوردن. ئەو ماڵەی دروستانكردووە لە ڕۆژئاوای كوردستان، ماڵێكی كوردانەیە، مەهێڵن نۆكەری تێبكەوێت، با وەك باشوور ماڵەكەتان پیس نەبێت. ئێمەی باشووری پێویستمان بە خوانێكی پاشا _كیاكسار_ی ماد هەیە، تاكو ناوماڵەكەمان لە نۆكەرەكان پاك بكرێتەوە. بەڵام ئێوە خۆشبەختن، شەڕ بۆكۆمەڵێك بەها دەكەن، لە باشوور ئەو بەهایانە داڕزین و ڕۆژانە بێ‌ بەهایی و سیمای نۆكەرەكان ئازارمان دەدات.

هەرچۆنێك بێت شەڕڤانە مەزنەكان...

سەركەوتنی ئێوە سەركەوتنی كوردە، كەوتنی ئێوەش كەوتنی خەونی ئەم  قۆناغەی كوردە. ئەگەرچی ئێوە سەر بە هزری ڕابەرێكن هێندە بە بەهای بەرز پەروەردەی كردوون، نازانن شكست چییە، بۆیە هەموو كوردێكی پاك و خاوەن ئیرادە و هوشیار بە گەلەكەی، چاوەڕیی سەركەوتنی ئێوەیە، تاكو ئەم سەردەمە ببێت بە سەردەمی هەڵسانەوەی كورد. ئێمەی كوردی ڕاستەقینەی باشوور، لەبەر ئازایەتی ئێوە، جارێكی تر ناسنامەكەمان شكۆمەندی بۆ گەڕایەوە. چاوەڕوانین جارێكی دی، چیرۆكی سەركەوتنی _كۆبانێ‌_ بخەنەوە ناو هزری ئێمەی كورد و هەموو جیهان. 

دەزانین ماندوون، دەزانین خوێنتان لێدەڕوات، بەڵام ئەوەش بزانن گەلێك چاوەڕێی ئەوەیە، لەم سەردەمەدا ئَێوە چارەنووسی داهاتووی دیاری بكەن. بۆیە كە ئێوە دەبینین، بەخۆمان دەڵێین: پێدەجێت ڕۆحی هۆریایەكان و میتانییەكانی_سەرێ‌ كانی_ هەڵسابێتەوە. 

بەهیوای سەركەوتنتان

سەرچاوە : خەندان