بۆنسای" ڕۆمانێکی فرەدەنگیی سلاڤۆ کەریم

وەشانی نووسیار بەم دواییانە وەرگێڕانێکی کوردی بۆ ڕۆمانی "بۆنسای" ی نووسەری دانیمارکی کریستن تۆروپ بڵاوکردۆتەوە کە لە لایەن ئالان پەری لە دانیمارکییەوە  وەرگێڕدراوەتە کوردی.  ئەوەی من ئاگادارم "بۆنسای" لە کاتی بڵاوکردنەوەیدا لە دانیمارک بە  ڕۆمانێکی زۆر سەرکەوتوو لەقەڵەم درا کە دوای بڵاو کردنەوەی مشتومڕێکی گەرم وگوڕی لێکەوتەوە. ڕوداوی چیرۆکی ڕۆمانەکە لەبارەی ستیفان و نینا دەسوڕێتەوە کە دوای ئەوەی نینا لادێیەکەی خۆی بەجێ دەهێلێت و ڕوو دەکاتە  شارێکی گەورە (کۆپنهاگن) بەئامانجی سەرەکی پاککردنەوە و بڕینی ڕەگ و ڕیشەی لادێییەتییەکی و ستیفان تا ڕادەیەکی زۆر یارمەتی ئەو کارەی دەکات. هەرچەندە ستێفان لە زۆربەی کات  ئەم هاوکارییە وەک بیانووییەک بەکاری دەهێنێت بۆ جێبەجێکردنی خیانەتە شاراوەکانی.
ئێمە لەوانەیە دەبێت ئەم ڕۆمانە لە خانەی ڕۆمانی فرەدەنگیی دابنێین. بە سەرنجدان بەوەی کە هەر دەنگێک ئەوی تر بەرهەم دەهێنێتەوە و لێکیدانەوە بۆ یەکتری دەکەن و لە تەنگانەدا یەکتری دەخەنە ژێر پرسیارەوە لەوەی لەبییرکراوە یان وا پێشبینی دەکرا کە لەسەردەمی خۆی بێ بایەخ بووە. زمانی ددانپێدانانی کەسایەتییەکان فۆرمی گێڕانەوە لە بۆنسای دروست دەکات، بە جۆرێک ددانپێدانانەکان بە شێوەیەکی تاک لایەنانە دەمێننەوە و پاساوی کەسایەتی خۆیان دەهێننەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی لە وشیارییەکی درەنگ وەختدا ڕوو دەدەن، بۆیە گەڕانەوەیان بۆ نییە. نە پێداچوونەوە و نە پەشیمانی هیچ سوود و زیانێکیشی نییە.

 ڕۆمانێکە تا ئاستێکی دیار لەسەر فۆرمی نووسینی چین چین بنیاتنراوە، هەرچینێک دەنگ و هەڵڕشتنی ناخی خۆی هەیە. کپکردنی شوناس; کەسایەتی نینا کە دەیەوێ ڕەچەڵەکی لادێیەتی خۆی بسڕێتەوە و وەک پەناهەندە و کۆچەرییەک بێت و لە هەوڵی هەڵکەندنی ڕەگ و شونسای خۆیدایە. هەستی بەرزی مرۆڤانەی کیرستن تۆروپ لە ڕێگەی گێڕانەوەیەکی ناوازە و بەقوڵداچوونەوەی ناخی خۆی لەم ڕۆمانە بەدەر دەکەوێت.

هەر لەبەر ئەوەیە پەیوەندییەک هەیە لە نێوان  ناونیشانی ڕۆمانەکە "بۆنسای" و چیرۆکی نینا کە وەرگێڕ بەم شێوەیە ئاماژەی پێداوە:  ''درەختی بۆنسای ژاپۆنی، کۆپییەکی درەختێکی سروشتییە بە قەبارەیەکی بچوک کە بە بڕینی ڕەگەکانی دروستکراوە.  ناونیشانەکە هێمای بێ ڕەگ و ڕیشەی "نینا" پاڵەوانە ژنەکەیە کە گوندەکەی خۆی بەجێهێشتووە و ڕووی لە شارێکی گەورە کردووە، بەمەش پەیوەندی لەگەڵ ڕەگ و ماڵەکەیدا بچڕاندووە.''

بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاستی گێڕانەوە و نووسینی ڕووداو و ئامادە و نائامادەیی کەسایەتییەکان کەمێک ئاڵۆز دیارن و لە هەندی کاتدا زەین پێویستی بە پشوویەک دەبێت، بەڵام دەرفەتێکی باشە بۆ ناسینی شیوازێکی نوێ و هاوچەرخی نووسین و ناساندنی ژیان و ئەدەبی دانیمارک کە تا ئێستا بۆ ئێمەی خوێنەری کورد نامۆیە.

نووسەر لە بەرگی  کتێبەکەوە:
کیرستن تۆروپ خانمە نووسەری دانیمارکی، ساڵی ١٩٤٢ لە دایک بووە. تۆروپ یەکەمین بەرهەمی کۆمەڵەشیعرێکە بە ناوی ”ناوەوە-دەرەوە“ (١٩٦٧). دوای ئەوە چەندین کۆمەڵەچیرۆک و ڕۆمانیش دەنووسێت. زیاتر بە ڕۆمانەکانی ناسراوە. وەک خانمە نووسەرێک لە نێوەندی ئەدەبیی دانیمارکیدا پایەیەکی بەرزی هەیە. چەندین خەڵاتی ئەدەبیی وەرگرتووە و لە دیارترینیان خەڵاتی گەوەری ئەکادیمای دانیمارکی و خەڵاتی ئەنجومەنی ئەدەبیی باکوور. ڕۆمانەکانی بۆ چەندین زمانی جیهان وەرگێڕدراون. دیارترین ڕۆمانەکانی: خودای هەڵکەوت، یادی ئەوین، بۆنسای، هەتا شێتی هەتا مردن.

 

 

سەرچاوە: galawej