ئەمڕۆ 48 ساڵ بەسەر بۆردوومانكردنی شاری قەڵادزێ لەلایەن رژێمی بەعسەوە تێدەپەڕێت كە بەوهۆیەوە دەیان كەس شەهیدو برینداربوون.
چلوهەشت ساڵ لەمەوبەر و لەرۆژی 24-4-1974، كاتژمێر (9:45) سەرلەبەیانی، فڕۆكە جەنگییەكانی رژێمی بەعس، بوردومانی (قەڵادزێ)یان كرد و بەچەكی قەدەغەكراوی (ناپاڵم) شوێن و جێگا مەدەنییەكانیان كردە ئامانج و لەماوەیەكی دیاریكراودا، ژمارەیەك شوێنی حەوانەوەی خوێندكاران، سەرۆكایەتی زانكۆ، بەشێك لە نەخۆشخانەی قەڵادزێ، قایمقامییەت و فەرمانگەی شارەوانی و خوێندنگاكان و نزیكەی (27) ماڵ و (40) شوێنی كاركردنی هاوڵاتیان ئامانجی ئەم هێرش و پەلارمارە دڕندانە بوون.
لەو پەلامارە دڕندانەیەدا (134) هاوڵاتی شەهیدبوون و (152) هاوڵاتی تریش برینداربوون. زۆربەشیان لە ژن و مناڵ و بەساڵاچوو بوون، لەگەڵ كۆمەڵێك خوێندكارو مامۆستا، كە بەمەبەستی خوێندن و وانەوتنەوە روویان لە شارەكە كردبوو.
لەساڵی 1982 لەكاتی یادكردنەوەی 24-4 خەڵكی قەڵادزێ لەدژی رژێمی بەعس ڕاپەڕین و پیاوانی ڕژێم بەگولـلە وەڵامیان دانەوەو لە ئەنجامدا دوو كەس بە ناوی خوشكە سنەوبەرو دایە ئامینە شەهیدبوون و 5 كەسیش بریندار بوون.

