د. سەعید عەلی محمد
هەرەسهێنانی هێزەكانی (بەشار ئەسەد) لەبەردەم هێرش و پەلامارەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دیمەنی كەوتنی شارو ناوچە جیاجیاكانی ئەفغانستان و، خۆبەدەستەوەدانی بەلێشاوی هێزەكانی حكومەتە كارتۆنیەكەی كابول بەهێزەكانی بزووتنەوەی تاڵیبانمان دێنێتەوە پێش چاو و ، ڕووخانی دەسەڵاتە فشەڵ و لەرزۆكەكەی چەند ساڵ لەمەوبەری (ئەشرەف غەنی)مان دێنێتەوە یاد كە ئەمریكا چەندین ساڵ بوو بە زەبرو هێزی سەدان ملیار دۆلار دروستی كردبوو!
ئەوەی ئێستا لە سووریا ڕوودەدات – وەك لە شاشەكان و كەناڵەكان و سۆشیال میدیا دەردەكەوێ – زۆر كاریگەرترو خێراترە لەوەی لە ئەفغانستاندا ڕوویدا!
سەرەڕای ئەوەی سەرهەڵدانی ئەم پەلامارو هێرشانە لەم ئان و سات و تەوقیتە تایبەت و هەستیارەدا كە ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێ ، هەروەها فراوانبوونی پانتایی هێرش و پەلامارەكان بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو كۆمەڵێ پرسیاری وردو گرنگ دەوروژێنێ ، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێ لەبیرمان نەچێ هەروەك چۆن مرۆڤەكان بە قۆناغەكانی (لەدایكبوون / لاوێتی/ پیربوون/ مردن)دا تێپەڕ دەبن ، بە هەمان شێوە ئیمپراتۆریەتەكان و دەسەڵاتەكان و حكومەتەكانیش بە هەمان ئەو قۆناغانەدا تێپەڕدەبن ، كە پێدەچێ ڕووداوەكانی سوریاش نیشاندەری سەرەتای كۆتا قۆناغەكانی تەمەنی دەسەڵاتەكەی (بەشار ئەسەد) بێ لە سووریا ! ئەو دەسەڵاتەی كە لە ساڵی 1970وە تا ئێستا فەرمانڕەوایەتی ئەو وڵاتە دەكات!
• پاڵنەرەكانی ئەم ڕووداوانە :
یەكەم / پیربوونی ڕژێم و دەسەڵاتەكەی (بەشار ئەسەد) هاوشێوەی پیربوون و پووكانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی جاران و زۆرێكی تر لە ڕژێمەكان و دەسەڵاتەکانی تری ناوچەكە كە كۆتاییان هات ، واتە لاوازبوونی دامەزراوەكانی دەوڵەت وەكدەزگای ئەمنیی و ، دامەزراوەی سوپا و، پۆلیس و، دەسەڵاتی دادوەریی و، كەرتی خوێندن.... تاد، هاوكات لاوازبوون و داڕمانی كۆمەڵگە بەهۆی شەڕە یەك لەدوای یەكەكان و كەڵەكەبوونی زوڵم و ستەم و تاوان و پەراوێزخستنی پێكهاتە جیاجیاكان.
دووەم / خۆئامادەكردنی پێشوەختە و زۆر باشی چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو، هەروەها گەشەدان و پێشخستنی نەخشەی سەربازیی ئەو هێزانە لەهەردوو ئاستی چەك و تفاق و كەلوپەلی سەربازیی ، لەگەڵ تۆكمەكردن و زیاتركردنی ژمارە و هێزی چەكداریی ، دواتر قۆستنەوەی ئەو ماوە ئارامییەی باڵی كێشابوو بەسەر ناوچەكانیاندا بۆ خۆئامادەكردن بۆ قۆناغی دواترو، چاوەڕوانیكردنی هاتنە پێشەوەی ژینگەیەکی له بارو بارودۆخێكی گونجاو بۆ هێرش و پەلاماردان ، كە ئەمەش زۆر بە ئاشكرا بە بەیاننامە و بڕیارەكانیاندا دەردەكەوت!
سێهەم / لاوازبوونی هێزە سەربازییەكانی بەشار ئەسەد لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەهۆی ئەو گەمارۆیەی بەسەریاندا سەپێنرا بوو، هەروەها ناڕەزایی و بێزاریی ئەو هاونیشتمانیانەی كە لەژێر قەڵەمڕەوی ئەو هێزانەدا دەژیان ، بەهۆی خراپی لەڕادەبەدەری باری ئابووریی و بژێویەوە كە ئەمەش هاندەرێكی تر بوو بۆ هەڵتەكاندن و شپرزەبوونی زیاتری ئەو هێزانە.
چوارەم / بە بنبەست گەیشتنی ئاسۆی سیاسیی و شكستهێنانی دەستپێشخەرییە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ ڕازی كردنی حكومەتەكەی ئەسەد بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی ئاشتیانەی قەیرانی سووریا ، كە دواترینیان ڕەتكردنەوەی دەستپێشخەرییەكەی حكومەتی توركیا بوو.
پێنجەم / سەرقاڵبوونی ڕووسیا ، هاوپەیمانە ستراتیژییەكەی بەشار ئەسەد بە شەڕی ئۆكرانیاوە و، گواستنەوەی بەشێكی زۆری هێزەكان و فڕۆكە جەنگییەكانی ڕووسیا بۆ بەرەكانی شەڕی ئۆكرانیا ، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوام بوونی پشتیوانیە سەربازییەكانی ئەمریكا و ئەوروپا بۆ ئۆكرانیا ، دیارترینیشیان بەكارهێنان و ئاڕاستەكردنی موشەكی پێشكەوتووی نەوعی بۆ نێو قوڵایی خاكی ڕووسیا!
شەشەم / لاوازبوونی توانا لۆجستی و سەربازییەكانی ئێران لە سوریادا بەهۆی كوژرانی زۆربەی زۆری سەركردە و ڕاوێژكارە سەربازییەكانی سوپای پاسداران لە سوریا و لوبنان ، بەهۆی هێرش و بۆردومانە چڕوپڕو بەردەوامەكانی تەلئەبیب بۆ سەر پێگە و بارەگا و خاڵە گرنگ و ستراتیژییەكانی ئەو هێزانە لەو دوو وڵاتە!
هەروەها پشت بەستنی زیاتری دیمەشق بە حیزبوڵڵا كە ئەویش خۆی بەشێكی زۆری سەركردەكان و هێزو توانا عەسكەرییەكانی لەدەستداوە و ماوەیەكی زۆری دەوێ بۆ گەڕاندنەوە و بنیاتنانەوەی جارێكی تری تواناكانی ڕابردووی!
ئەمە جگە لە نەهێشتن و پچڕاندنی ڕێگاو ڕێڕەوەسەرەكییەكانی نێوان سوریا و لوبنان بە ئامانجی ڕێگریكردن لە حیزبوڵڵا لە ناردنی هەر هێزێكی سەربازی كاریگەر بۆ نێو خاكی سووریا.
A a, [2024-12-02 7:10 PM]
حەوتەم / سنوورداركردنی جوڵەكانی ئێران و كۆت و بەندكردنی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد كە نەیانتوانی هیچ هەڵوێستێكی كردەیی لەبەرانبەر ڕووداوەكانی لوبنان و غەززە بنوێنن بەهۆی فشارە نێودەوڵەتی و هەڕەشە و پەلامەرە یەك لەدوای یەكەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو دوو وڵاتە!
هەشتەم / بەرفراوانبوونی گەمارۆكان و تەشەنەسەندنی حاڵەتەكانی كوشتن كە گەلی سووریا لە باكووری خۆرئاوای ئەو وڵاتە ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبێتەوە ! جگە لە زۆربوون و كەڵەكەبوونی زیاتری ژمارەی ئاوارەكان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن بەهۆی ڕاكردنیان و ئاوارەبوونیان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو، كە ئەمەش فشارێكی زۆری لەسەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان لەو ناوچانەدا دروست كردبوو كە لەژێر كۆنتڕۆلی ئەواندایە ، ئەم هێرش و ئۆپەراسیۆنانە و كۆنتڕۆڵكردن و دەستبەسەرداگرتنی دەیان شارو شارۆچكە و ناوچەی بەرفراوان لەژێر چنگی هێزەكانی سوریا و هاوپەیمانەكانی هەوڵێك بوو بۆ بەرفراوانكردنی ناوچەكانی خۆیان!
نۆیەم / دوور نیە ( تۆفانی ئەقسا )ش جۆرێك لە ئیلهامی بەخشیبێتە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان ، بەوەی چەكدارەكانی ئەوانیش هیچیان كەمتر نیە لە چەكدارەكانی نێو غەززە و، دەتوانن هەنگاوی گەورە بهاون بەشێوەیەك ئاسەواری ستراتیژیی دروست بكات و، هەمووان ناچار بكات ملكەچی داواكارییەكانیان بن!
وەك دەردەكەوێ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە هێرشەكانیاندا سەرنجێكی زۆریان لەسەر ناوچە ستراتیژییەكان و فڕۆكەخانە سەربازییەكان و خاڵە بەرزو گرنگەكانە ، هەروەها ئەو ڕێگا سەرەكی و نێودەوڵەتیانەی كە شارە گرنگەكان پێكەوە دەبەستنەوە ، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە هێرشەكانیان لەڕووی ئامادەکاریی و نەخشە و ئامانج و ستراتیژەوە زۆر گەورە و فراوانتربن لەوەی چاوەڕوان دەكرێ!
لەلایەکی تریشەوە ئەو بەیاننامەیەی کە ( حکومەتی بەرەی ڕزگاریخواز )ی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکەو ژینگەسیاسیەکەی دەوروبەریان کرد ، پەیام و ئاماژەی گرنگی تێدابوو بۆڕای گشتی نێودەوڵەتیی و دەوڵەتە ئیقلیمیەکان کە گۆڕانکاریی گەورەو جەوهەریی لە تێڕوانین و گوتاری سیاسیی و جۆری مومارەسەو مامەڵەیاندا هاتوەتە کایەوە !
ئەو بڕگانەی کەلە بەشێکی بەیاننامەکەیاندا هاتبوو وەک :
( حکومەتی شکۆمەندو بەڕێزی عێراق ) ... (ئومێد خواستن بۆ بنیاتنانی پەیوەندی دوو قۆڵی لەگەڵ ڕوسەکان و ، تەماشاکرنیان وەک هابەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانیداهاتووی پرشنگداری سوریا ) هەنگاوو ئاماژەی ئەرێنین بۆ ئەوەی کە ئەو ستراتیژو سیاسەتەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێ لە داهاتوودا پیادەی بکەن زۆر جیاواز تر دەبێ لەودروشم و ئاراستەو بەرنامە سیاسیەی لە ڕابردوودا بەرزیان کردبوویەوەو پیادەیان دەکرد !!!
دەمەوێ بڵێم : ئەوەی ئێستاكە لە سوریا ڕوودەدات ماناو ئاماژەی تایبەتی لەخۆگرتووە ، كۆنتڕۆڵكردنی هەر شارو گوندو ناوچەیەك قیمەت و قورسایی و بایەخی خۆی هەیە ، مێژووی تایبەتی خۆی هەیە ، ڕووبارێك خوێن تێیدا ڕژاوە ، ئەو شارو ناوچانە تەنها ناوێك نین و بەس ، هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن : ناوچەكە بە ڕۆژانێكی سەختدا گوزەر دەكات ، نەخشەی سوریا بەرەو گۆڕانكاریی دەڕوات ، گۆڕانكارییەك كە دوور نیە بەدەر بێت لە هەموو لێکدانەوەو پێشبینی و پلان و نەخشە پێشتر داڕێژراوەكان!
ڕاستە لایەنە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەكان لەبەر بەیەكداچوونی بەرژەوەندییەكانیان سوودی زۆری لێ دەبینن ، بەڵام ئاوە ڕاوەستاو و پەنگخواردووی چەندین ساڵەی ناوچەكەش دەجوڵێنێ و كەشێكی نوێ و ژینگەیەكی جیاوازتر دەهێنێتە كایەوە!
سەرچاوە : سپی میدیا