براوه‌ی خه‌ڵاتی نووسیار بۆ كتێبی یه‌كه‌می 2022 ڕادەگه‌یه‌نرێت

له‌باره‌ی خولی سێیه‌می خه‌ڵاتی نووسیار بۆ كتێبی یه‌كه‌م 2022 زانیاری  نوێ ئاشكرا ده‌كرێ و بڕیارە بەمزووانە  براوه‌ی خه‌ڵاتی نووسیار بۆ كتێبی یه‌كه‌می 2022 رابگەیەنرێت.
چوارشه‌مە 27ی ته‌مووز، ئالان په‌ری ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری خه‌ڵاتی نووسیار بۆ كتێبی یه‌كه‌م 2022، به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، "ئه‌مساڵ كه‌ خولی سێیه‌می خه‌ڵاتی نووسیاره‌، به‌هۆی دووپاتكردنه‌وه‌ و سووربوونمان له‌سه‌ر كوالێتی و پێوه‌ره‌كانی خه‌ڵاتی نووسیار، ئه‌مساڵ خه‌ڵاتی نووسیار ته‌نیا بواری شیعر له‌ خۆ ده‌گرێ.

ڕوونی كرده‌وه‌، "دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی دیاریكراو بۆ وه‌رگرتنی به‌رهه‌مه‌كان، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌ چیرۆك و ڕۆمان گه‌یشتنه‌ ئێمه‌، له‌گه‌ڵ ستاندارد و خه‌ون و پلانی ئێمه‌ یه‌كی نه‌ده‌گرته‌وه‌، بۆیه‌ دوای ڕاوێژ به‌ لیژنه‌ی چیرۆك و ڕۆمان، بڕیار درا كه‌ ئه‌مساڵ خه‌ڵاته‌كه‌ ته‌نیا له‌ بواری شیعردا بێت."
"ئێمه‌ له‌ خه‌ڵاتی نووسیار بانگه‌شه‌ی ده‌نگی نوێی ئه‌ده‌بی كوردی ده‌كه‌ین، بۆیه‌ هیچ سازشێك ناكرێت و ده‌بێت تێكسته‌كه‌ ئاست و كوالێتی هه‌بێت، ئینجا بخرێته‌ چوارچێوه‌ی پێشبڕكێی خه‌ڵاته‌وه‌." ئالان په‌ری وای گوت.

ئاماژه‌ی دا، "به‌ هیواین له‌ ساڵانی داهاتوودا به‌رهه‌می چیرۆك و ڕۆمانی شایسته‌ و داهێنه‌رانه‌ وه‌ربگرین و وه‌ك براوه‌ی خه‌ڵاتی نووسیار چاپ و بڵاویان بكه‌ینه‌وه‌."

نووسیار خانه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌ و ئامانجی گه‌یاندنی ڕۆشنبیری و ئیشكردنه‌ له‌سه‌ر به‌ده‌رخستنی ڕۆشنبیری و دیدی جیاواز، له‌ 2020ه‌وه‌ ساڵانه‌ خه‌ڵاتی نووسیار بۆ كتێبی یه‌كه‌م، سێ ده‌نگی نوێی ئه‌ده‌بی كوردی خه‌ڵات ده‌كات له‌ بواری شیعر و چیرۆك و ڕۆمان. خه‌ڵاته‌كه‌ بریتییه‌ له‌ ئه‌ستۆگرتنی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌ براوه‌كان، له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا بڕوانامه‌ی نووسیار له‌گه‌ڵ دیاری پارچه‌ سیرامیكی نووسیار ده‌به‌خشرێت.

 

سەرچاوە: wishe