با کۆتایی بەم دیاردە نەشیاوە بهێنێن..

 

 

د. سەعید عەلی محمد

 لە ڕابردوودا ( تایبەتمەندیی ) بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی کەلتوورو ڕۆشنبیری کۆمەڵگەی کوردەواری بوو ، ماڵەکان بەچەندین دیواری بەرزو قایم دروست دەکران و پەرژین دەکران ، دانیشتنەکان زۆر بە ئاگایی و وریایی یەوە ئەنجام دەدران ، چیرۆک و قسەو باسەکان لە سنووری خێزان دەرنەدەچوون ... ئەوکات ئێمە دەمانزانی چی بکەین بۆ ئەوەی ژیانمان تەنها بۆ خۆمان بمێنێتەوە ، دەمانزانی ئەو باس و خواسانە کەدەکرێت بوترێن جیابکەینەوە لەو باس و خواسانەی کە دەبێت نەوترێن و بپارێزرێن ، ئەو قسانە جیابکەینەوە کە تایبەتن بە خۆمان لەگەڵ ئەو قسانەی کەدەکرێت کەسانی تریش بیانزانن .. بەڵام سەرنج بدەن لەم ڕۆژگارەدا گۆڕانکاریی گەورە ڕووی داوە ، گۆڕانکاریەکی زۆر قوڵ و خێراو شۆکهێنەر کە هەرگیز پێشتر پێشبینی نەکراوەو لەگەڵیدا ڕانەهاتووین ! ئێستا لەگەڵ گەشەکردنی تەکنۆلۆژیاو بەرفراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئێمە چوینەتە نێو چەرخ و سەردەمی ( خۆئاشکراکردن و خۆواڵاکردنی ڕەها ) ، بەجۆرێک هەموو نهێنی و وردەکاریەکانی ژیانی ڕۆژانەمان بۆ کۆمەڵگەو دەوروبەر باس دەکرێت و نمایش دەکرێت :  ژەمی بەیانیان ، بۆنەکان ، ئاهەنگەکان ،  بەخششەکان ، چاوپێکەوتنەکان ، سەردانەکان ، تەنانەت ساتەکانی خەفەتمان و پەژارەمان ، سەعادەت و ئاسوودەییشمان ! هیچ سنوورێکی ڕوون و دیاریکراو لە نێوان ( تایبەت ) و (گشتی) دا بوونی نەماوە ، وەک بڵێین ئێمە ئیتر دیواری ماڵەکانمان بە شاشە ڕووناکەکان گۆڕیوەتەوە ، لەو شاشانەوە تەماشای هەموان دەکەین و ڕێگەش بەهەموان دەدەین بەبێ مۆڵەت وەرگرتن بێنە ژورەوەو بێنە لامان ! تەنانەت پەیوەندیە خێزانیەکانیشمان هیچ پیرۆزیی و تایبەتمەندیەکیان تێدا نەماوە ، یەکێک چیرۆکی جیابوونەوەی لەگەڵ هاوسەرەکەی دەگێڕێتەوەو بڵاو دەکاتەوە ،  وردەکاری پەیوەندیە سۆزداریەکانی بێ پەردە باس دەکات ، یەکێکی تر بەدرێژی باسی گەشت و سەفەرو هاتن و ڕۆشتن و پەیوەندیە خێزانی و سەردانە کۆمەڵایەتیەکانی دەکات و ، پەردە لەسەر نهێنیە هەستیارەکانی ژیانی لادەدات ... ئەمانە هەمووی لە پێناو چی ؟! دەزانن لە پێناو چی ؟ وەڵام : تەنها لە پێناو ( ناوبانگ) دەرکردن !! بەڵام ئایا ئەنجام چیە ؟! ئەنجام : ئەم کەسانە دەبنە ( بەناوبانگەکانی سۆشیال میدیا ) ، بەڵام بەچ نرخێک ؟!! ئەو نهێنی و تایبەتمەندیانەی کە زۆر هەستیار بوون و قودسییەتێکی بێ ئەندازەیان هەبوو ئێستا زۆر بە هەرزان لە بازاڕی تەماشاکەران و بیسەراندا دەفرۆشرێنەوە! ئەڵبەتە مەبەست بە ( تایبەتمەندیی) گۆشەگیریی نیە ، بەڵکو مەبەست پێی ئەوەیە : کێ هەڵبژێرین بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە هاتنە نێو ژیانمان و زانینی تایبەتمەندیەکانمان ؟ چۆن بەشدار بێت ؟ لە چیدا بەشدار بێت.....؟ دیارە ئەمەش نەریتێکی کۆن نیە ، بەڵکو ئەمە بەهاو نرخێکی مرۆییە کە هاوسەنگی ناوخۆیی مرۆڤەکان دەپارێزێت و ، پەیوەندیەکانیشمان لە کاڵ بوونەوە ڕزگار  دەکات ،  پانتاییەکی تایبەتیش بۆ گەشە کردن  بە ئارامی و ئومێد و ئاسوودەیی بە مرۆڤەکان دەهێنێتە کایەوە.. گومانی تێدا نیە نەمانی ( تایبەتمەندیی ) لەم ڕۆژگارەدا کاریگەریی نەرێنی بێ ئەندازەی لەسەر خێزانەکان ، لەسەر پەروەردەکردنی مناڵان ، لەسەر بنیاتنانی پەیوەندی تۆکمەو سەرکەوتوو لە نێوان تاکەکان دروست کردووە .. وای لێهاتووە ئێمە بەرەو ئاقارێک دەڕۆین هەموو بوارێکی ژیانی ئێمە شایەن و گونجاوو ڕێگە پێدراو بێت هەموانی تێدا بەشدار بکرێت و کۆمێنتی لەسەر بدرێت و تەوسیفی جۆراو جۆری بۆ بکرێت ! تا ئەو ڕادەیەی گرفت و ناکۆکیە خێزانیەکانیش بەردەست بن بۆ نیقاش و قسەلەسەرکردن و ببنە ناوەڕۆکی گفتۆگۆی گشتی ! ئەم دیاردەیە سەرلێشێواوی و شڵەژانی منداڵانیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت کاتێک دەبینن وردەکاریەکانی ژیانیان وەک زنجیرە درامایەکی ڕۆژانە لە بەردەم جەماوەرێکی بێ بەزەییدا نمایش دەکرێن! ئێمە ( کرانەوە ) ڕەتناکەینەوە ، بانگەوازیش بۆ ( گۆشەگیریی) ناکەین ، بەڵکو داوای  (هاوسەنگی) دەکەین ، داوای ئەوە دەکەین نرخ و قورسایی و قودسییەت بۆ ( تایبەتمەندیی) بگێڕینەوە ، دەبێت ئەوە بزانین هەندێک ئان و سات هەن تەنها لەسایەی سێبەردا گوڵ دەکەن نەک لە ژێر ڕۆشنایی سەکۆ و سایت و پەیج و هات و هاوارو جەنجاڵی ژمارەکان .. لەبیرمان نەچێت ئەوەی ئەمڕۆ بڵاو دەکرێتەوە سبەینێ دەبێتە ئەرشیفی ژیان و پارێزراوە بۆ مێژوو ! بیهێننە بەرچاوی خۆتان گەنجێک خۆی لەبەردەم  بینەران و بیسەران و جەماوەردا  دەکاتە گاڵتەجاری ، ئەم گەنجە هەستی چۆن دەبێت کاتێک دادەمەزرێت و دەبێتە فەرمانبەر ؟ دوای چەندین ساڵ کۆمەڵگە چۆن تەماشای دەکات و پێناسەی دەکات؟ چی لەبارەیەوە دەوترێت کاتێک کەسێک دەچێتە داخوازی کچەکەی ؟ یان کاتێک خۆی دەچێتە داخوازی کچێک.....
 ئەوکات خەڵک دەڵێن : ئەمە فڵانی کوڕی فڵان نەبوو ؟ فڵان شت و فڵان شتی دەکرد؟!! یان ئەو کچەی کە ڕاهاتووە ڕۆژانە هەموو پەنهانی و مەجرەیاتی ژیانی تایبەتی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بۆ خەڵک دەخاتە ڕوو و باس دەکات!! لەڕاستیدا هەر کارێک ، هەر جوڵەو هەڵسوکەوتێک ئەمڕۆ ئەنجامی دەدەین سبەینێ دەبێتە گەنجینەی نێو بانکی ژیان و مێژوومان... بەدڵنیاییەوە دوور بێت یان نزیک ڕۆژێک دێت کە دەبێت ئەو گەنجینە لێی سەرف بکرێت و لێی دەربهێنرێت ! کەواتە با ئەو رەسید و گەنجینەیە شتێک بێت شانازی پێوە بکەین ، نەک شتێک بێت خەجاڵەتی و پەشیمانیمان بۆ بەجێبهێڵێت ، چونکە ئەو شتە هەر بەدوامانەوە دەمێنێتەوە ، بەدوای خۆمان و منداڵەکانمان و نەوەکانی دوای خۆمانەوە هەر بەردەوام دەبێت ! 

سەرچاوە : سپی میدیا