ن/ عەبدوڵا پەشێو
مخابن، نەک هەر خان و سوڵتان و پاشای تورکان، بەڵکوو زۆربەی کەسانی ئاسایی و ڕەمەکیشیان ناتوانن کورد بە هاوسەنگ و هاوشانی خۆیان ببینن و زمانەکەی بە هاوتای زمانی خۆیان بزانن. ئەوان کوردی خانەخوێ وەک مرۆڤێکی شاخاویی ساویلکەی هۆزەکی دەبینن و پێیان وایە، خوا هەر بۆ ئەوە دروستی کردووە خزمەتکار و پەردەدار و نۆکەر و مەیتەری ئەوان بێ. ئازایەتی و مێرخاسییەکەشی هەر بۆ ئەوەیە، قەڵەمرەویی تورکان پانوپۆڕتر بکا، لە ئەرمەنستانەوە تا یەمەن، لە قەوقازیشەوە تا ڕووسیا و بولگارستان و ئەولاتریش بۆیان بچێتە غەزا و گاورکوشتن! ئەم وێنەیەی کورد لە ماوەی نێزیکەی هەزار ساڵی داگیرکاری و فەرهوود و خوێنڕێژیدا لای زۆربەی دراوسێیانی تورک بۆتە فەرهەنگ.
***
شەڕی دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئەم حیزب و ئەو حیزب نییە، شەڕێک نییە لەگەڵ ئیدیۆلۆژیایەکی ناکۆک، بەڵکو شەڕێکی دەستەویەخەیە لەگەڵ خاک و گەل و سروشت و ژینگە، لەگەڵ شوێنەواری حەسەنکێڤ و زەیتوونی عەفرین و ڕەز و باخەکانی بادینان.
کوردەفۆبیا ئیدیۆلۆژیای تا ئەمڕۆی دەوڵەتی تورکە.
***
زمانی کوردی، کە پەرجۆی کردگارە و گەنجینەیەکی کەموێنەی مرۆڤایەتییە، لە قوتابخانە و پەرلەمان و دامودەزگاکانی وڵاتی ئەردۆگان قەدەغەیە. ملیۆنان زارۆی کورد لە قوتابخاناندا ناوێرن بە زمانی زگماک دەم بکەنەوە.
زمانی کوردی ئازاد نییە تا ئەو ڕۆژەی لە دەستووردا دانی پێدا دەنرێ و بە فەرمی دەبێتە زمانی پەروەردە و فەرمانگە و تەکنەلۆژیا و زانست و بیرکردنەوە. زمانێک تەنیا لە ناندین و سەرشۆرک و پەناوپێچی چایخانان شەرمنۆکانە قسەی پێ بکرێ، ناتوانێ خۆی لەبەر تەوژمی گڵۆبالیزم و سیاسەتی تواندنەوە بگرێ. ئەگەر زمانی کوردی، بە زووترین کات، هەمان ستاتوسی زمانی تورکی وەرنەگرێ، ئەمڕۆ نا سبەی، دەتوێتەوە و ئاکامی لە زمانی قیبتییەکانی میسر و هیندییە سوورەکانی ئەمەریکا باشتر نابێ.
کورد، پێش هەر شتێک، بە زمان لە ناکورد جیا دەکرێتەوە، سنووری نیشتمانەکەشی هەر بە شەقڵی زمان دەستنیشان دەکرێ. بابەتی زمان و گرینگییەکەی هەر پەیوەست نییە بە داگیرکەرانەوە، بەڵکوو پەیوەستیشە بە کەسایەتیی خاوەن زمانەوە، بەو حیزبە کوردی و نیمچەکوردییانەشەوە کە حیسابی قونکەپیازێک بۆ زمان ناکەن، بەناوی کۆمەڵێک دۆگمەی نەزۆکەوە خۆیان لە بەکارهێنانی دەدزنەوە و لە سەری ڕشت نین.
***
دوای جەنگی کەنداو کورد ببووە سەرباسی میدیاکان، بە ژمارەیەکی گەورە دەهاتە پێش چاو، کەس نەیدەتوانی خۆی لێ نەبان بکا. تورگوت ئۆزاڵ یەکەم دەسەڵاتداری تورک بوو کە ژمارە گەورەکەی بینی. ئەردۆغانی دوای ئۆزاڵیش، کە میراتێکی دەوڵەمەندی حوکمڕانیی بۆ مابۆوە، لەوە زیرەکتر بوو ئەو هەرێمە فیدڕاڵە نەبینێ، کە بە پشتەوانیی ڕۆژاوا لەبن لووتی قیت ببۆوە.
دەبوایە هەر ئەوە بکا کە کردی: لە جێیەک بۆت شل کا و لە دوو جێیانیش لێت توند کا...
باوەڕ ناکەم، لەناو دۆست و دوژمندا، هیچ حوکمدارێک هێندەی ئەردۆگان کورد و ئەقڵییەتی خێڵەکیی کورد بناسێ. جا ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان نەرمیی نواندبێ ئەوا، جگە لە شەقی ڕۆژگار، بۆ لەخشتەبردنی بەرەبابە مێشکپووچەکان بووە، تا پەڕوباڵیان بکا، وەک تەیرێکی ماقوول نیشانی دنیایان بدا و بەشێنەیی، وەستایانە و شێلگیرانە ئابووریی باشووریان لەبن دەست دەربێنێ و ئەو دەرفەتە دەگمەنە لەبار ببا، کە وەدەست هاتبوو.
ئەردۆگان پشوودرێژانە سەرانی پارتخێڵەکانی لە فەرمانڕەوای دیفاکتۆی باشووری کوردستان و عیراقی دوای ٢٠٠٣ وە کردە سواڵکەری بەر دەرگەی هەمووان.
***
ڕاستە گۆڕانی هەندێک دەموچاو یەکسەر سیستەمی وەحشییانەی ( یەک خاک، یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا) هەڵناتەکێنێ، بەڵام هەر کێ بێتە جێی ئەردۆگان ناتوانێ هێندەی ئەو ڕووقایم بێ: لەسەر کورسیی ناتۆ دانیشێ و لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ پووتین و ئاخوندەکانی ئێران سێ قوونی ناو دەرپێیەک بێ. کەس وەک ئەردۆگان بۆی ناچێتە سەر نەوت و گاز بۆ ڕووسیا بفرۆشێ و دڕۆنی بەیرەقداریش پێشکەشی ئۆکرانیا بکا!
***
تورکیای ئەردۆگان دوو چەکی کارای لەبن دەستە: پانئیسلامیزم و پانتورکیزم. یەکەمیان، کە چەکی دینە، درۆزنانە و بە ناهەق، بەڵام لێزانانە، دژی کورد و نەیارانی خۆی بەکاری دێنی، دووەمیان، کە پانتورکیزمە، چەکی هاوبەشی هەموو فەرمانڕەوایانی تورکە، دارەڕای سیستەمی دەوڵەتە. ئەوەی دوو جۆر چەک بەکار دێنێ ترسناکترە لەوەی یەکێکیان...
***
لەم هەلومەرجەی باکووردا گرنگترین شت بۆ من ئەوەیە، حیزبە کوردی و نیمچەکوردییەکان، پێش هەر شتێک، پێ لەسەر ستاتوسی فەرمیی زمانی کوردی دابگرن و ڕێ لە سیاسەتی تواندنەوەی بگرن. لەناوبردنی زمانی کوردی، کە سەدەیەکە کاری لەسەر دەکرێ، یەکسانە بە سڕینەوەی کورد و باکووری نیشتمانمان.
عەبدوڵڵا پەشێو
07/05/2023
هۆزەکی: خێڵەکی، عەشیرەتی
پەردەدار: خزمەتکاری ماڵەگەوران، کە هەڵدانەوە و دادانەوەی پەردەی پێ سپێردراوە.
مەیتەر: خزمەتکاری وڵاخان
قووڵاژۆ: قووڵهاژۆ، بەقووڵی ڕۆچوو، شتێک بە کووری بە زەویدا چووبێتە خوار.
فۆبیا (گریکی): ترس و گومان و دڵەڕاوکێی سەرانسەرگر لەکەسێک، دیاردەیەک، یان شتێک، وەک کوردەفۆبیا (ترس و گومان لو کورد) و رووسەفۆبیا (ترس و گومان لە ڕووس) و ئیسلامەفۆبیا (ترس و گومان لە ئیسلام و موسوڵمانان). وشەی "فۆبیا" پتر وەک پاشگر بەکار دێ.
ناندین: ناندێن، متبەق، ئاشپەزخانە، شوێنی نان و خۆراک. لە زمانی کوردیدا زۆرجار "نان" بە مانای خۆراک بەکار دێ. جار هەیە خواردنێکی باشت خواردووە، کەچی دەڵێی "نانم خواردووە".
سەرشۆرک: حەمام، دووش، جێی بچووکی خۆشوشتن. دەستشۆرک (شوێنی دەستشوشتن)، جلشۆرک(شوێنی جلشوشتن)، بەڵام ئەو کەسەی یان ئەو ئامێرەی جل دەشوا (جلشۆر، جلکشۆر)ە.
شەقڵ: شقڵ، نیشان، مۆرک (جاران خەرمان شەقڵ دەکرا تا خاوەن ئاگاداری هەر دزی و دەستکارییەک بێ.)
دۆگمە: وشکە باوەڕێکی جێگیر، کە بێ بەڵگە و بنچینە بێ و بچووکترین مشتومڕیش هەڵنەگرێ.
ستاتوس(لاتینی): باری قانوونیی کەسێک یان شتێک.
سەرچاوە : ژیان