باشترە هەربەلۆژیک بیری لێبکەینەوە!

 

بەهرۆز حاجی

 

٭ هەموان ئەوەی لایەنگری یەکگرتووی ئیسلامی نەبێت،بەردەوام ئەوهێزەمان بەوە تۆمەتبارکردووە،خزمەت بەسیاسەت و ئەجێنداکانی تورکیا دەکات و هەڵوێستی نەک،نەبووە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا سەبارەت بە کوردستانی سوریا و عێراق،بەڵکو بەخزمەتکارو پیاوی ئەردۆگانمان زانیوە، ئەرێ خێرە تورکیا بەم دوو ڕۆژە دەنگی نەوەی نوێ بەرامبەر ئەو هەموو دۆستایەتیەی یەکگرتوو لەگەڵ ئەو وڵاتە بگۆڕێتەوە بەنەوەی نوێ، ئاخر یەکگرتوو کام هەڵوێستەی دژبەسیاسەتی تورکیا بووە،لەو هەمووساڵەی ڕابردوودا، بۆیە ناکرێت هەرچی وترا ئیدی ڕاستبێت و تاکی کورد هێندە خۆش باوەڕبێت هەر کاکەیەک دۆڕا،ئازارەکەی بەویتر کەمکاتەوە!

٭ خەڵکی کوردستان و هەندێک پارتیی سیاسی تری ساحەکە ترسمان لەوەهەبوو،ئێران بەحوکمی کاریگەری بەسەر بڕیارەکانی بەغدادا دیزاینی ئەنجامی هەڵبژاردنی کوردستان لەبەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانی کردبێت یان بکات،ئەرێ خێرە دوای ئەنجامەکان ئەوانەی پێیان وایە،لەبەرژەوەندی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و پارتی دیموکراتیی کوردستان دەستکاری ئەنجام کراوە،تورکیا ئەمەی کردبێت،لەکاتێکدا لای هەمووان ڕوونە کە بەغداد کاریگەری  ئێرانی چەندە لەسەرە،کە لەبەرامبەردا تورکیا دەستەوەسانە ،باشە چۆن دەبێت دەنگی پارتیی بەنزیکەی دوو هێندەی  یەکێتیی دۆستی نزیک ئێران و دەستکاری بکرێت و لەولاشەوە دەنگی کۆمەڵی ئیسلامی کە ئەویش دۆستی نزیکی ئێرانە،بەوشێوە بەرچاوە داببەزێنرێت؟!

٭ وەلێ ئەوەی ڕاستیبێت،دەنگدەری نەوەی نوێ چاوەڕوانی کورسی زۆر زیاتری لەنەوەی نوێ دەکرد وئەوەشی دەنگی پێدابێت بەئومێدێکی زۆر گەورە و بەئامانجی گۆڕینی نەخشەی سیاسی و حوکمڕانی هەرێمەکە چۆتە پێش،نەک چەند کورسیەک کە لەئاستی چاوەڕوانی خودی حیزبەکەش و دەنگدەرەکانیشیدا نەبووە،بۆیە گەر قەراربێت  ئەوەی دەکرێت گومان لەئەنجامی دەنگەکانی بکات خودی نەوەی نوێیە نەک چەندهێزێکی تازە دروستکراو.

٭بەڵێ ئیدی بەتایبەت لەوهێزانەی کەپێیان وایە کەساختەکارییەکە هێندە گەورە کراوە،پێویستە ئەنجامەکە هەر لەبۆڵە بۆڵ و بەدواداچون نەهێڵنەوە،بەڵکو گەر بەڕاست خەمخۆری دەنگدەرو پرۆسەکەن،دەبێت کورسیەکانیان چۆڵ بکەن و نەچنە پەڕلەمان،ئاخر  ئەوان لەئێستاوە،نەتوانن مافی دەنگدەرەکانیان بپارێزن ئەی سبەی بەو چوارکورسیەوە چیان پێدەکرێت، یاخود چۆن جورئەت دەکەن،ساڵی داهاتوو داوا لەخەڵک بکەن متمانە بەو کۆمسیۆنە بکەن کە دەنگیان بۆ پەڕلەمانی عێراق هەمان سیناریۆ نابێت،بۆیە یان دەبێت بێدەنگ بن،یاخود کۆی پرۆسەکە ڕەتبکەنەوەو هاوشانی خەڵک بن،لەشەقام و بەموچەی سێ مانگ جارێک ڕازی بن ،نەک خۆیان بچنە پەڕلەمان و مووچەی هەشت ملیۆنی وەربگرن.

سەرچاوە : سپی میدیا