بازرگانی لەسەرەوە ناکرێت،ئەشێ دابەزیت بۆبازار..

  بەرزان حەمەسوور

 

دەوترێت هاوبەشە ئەوروپییەکان ڕابردوویەکی کۆلۆنیالیزمیان هەیە و مەرج بۆ ئۆفەرەکانیان لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و دیموکراتیزەکردندا دادەنێن.  ئەنقەرەش هەمان شتە بەشێوازێکی جیاواز  کە لە ڕاستیدا زۆر خراپترە، چونکە سەرۆکی تورکی ئەردۆغان نایشارێتەوە کەئەوبەدوای  نوێکردنەوەی خەوی سەرکەوتنەکانی  ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا دەگەڕێت و پلانی هەیە بۆ گەیشتن بەوخەوە..!


ئەمڕۆکەهەندێک هەڵوێست و توخمی کردەوەکانی تورکیا پێچەوانەی پرەنسیپ و بەهاکانی یەکێتی ئەوروپان، “تورکیا گرنگییەکی کەم نیشان دەدات” بۆ پرسەکانی وەک مافی مرۆڤ، ئازادییە مەدەنییەکان و دامەزراوە دیموکراسیەکان.لەبەرامبەردا دەمارگیری نەتەوەپەرستانە وتوندرەوی هەڵوێستی توندی ئاینی زۆرلەستاندارتە ئەوروپیەکان بەرزترە.

هاوسەنگی نێوان بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکان و بەهاکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی تەحەدای گەورەیە کە زۆرێک لە وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەتایبەتی لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ئەوروپا و تورکیادا.

 

تورکیا بە گۆڕانکاری سیاسی و ئابووری گرنگدا تێدەپەڕێت کە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و هاوبەشە ئەوروپییەکان هەیە. سەرەڕای خواستی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان، پرسەکانی وەک مافی مرۆڤ، ئازادییە مەدەنییەکان و دامەزراوە دیموکراسیەکان جێگەی نیگەرانی وڵاتانی ئەوروپایە.
وەلەگەڵ دراوسێ ئیقلیمیەکانی وەک اسرائیل وئێران وسعودیە کێشەی چاوەڕوان نەکراوی سیاسی ئاڵۆز بەڕێوەیە دژبە درێژبوونەوەی دەسەڵاتی تورکی لەکوردستان وعێراق !

لەلایەکی ترەوە ئەردۆغان ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی سەربازی وبازرگانی خۆی بەچواردەوردا نمایش دەکات.. بە دیدگاو هەڵسوکەوتێکی زەق  بۆ قۆرخکردنی دەسەڵاتەکان وسەرکردایەتیەکی  تاک ونواندنی زەبرەزەنگ لەمدیو ئەودیوی سنوور، کاریگەری دەسەڵاتی میلیتاری تورکی پشێوی زۆری  لە ناوچەکەدا دروستکردووە ،ئەمکارە لەگەڵ بەرژەوەندی ڕۆژئاوایەکناگرێتەوە، هەرئەمەشە بۆتە هۆی دروستبوونی گرژی لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکان. 
ئەم جیاوازییانە لە ئاراستەی سیاسی و ئابووریدا ڕەنگە ببێتە ڕێگر لە هاوکاریی دوولایەنە و گەیشتن بە جێبەجێکردنی تاکۆتایی ڕێککەوتنەکان و دەستپێشخەری هاوبەشی  قورس بکات، هەرگیز بازرگانی یەک لایەنەو لەسەرەوە ناکرێت،ئەشێ دابەزیتە بازارو دان وسان،کڕیاروفرۆشیار هەبن ، بەعەقڵی سەربازی لەدوورەوە موشەک هاویشتن وتۆب باران ڕێککەوتن ومامەڵەی بازرگانی ئەنجام نادرێت.

بەگشتی هەڵسەنگاندنی فاکتەری جیۆگرافی وجیۆپۆڵەتیکی ناچەکە و زمانی دیالۆگ وپاراستنی گفتوگۆی کراوە لەگەڵ پارتە بەهێزەکانی ناوچەکە و دروستکردنی متمانە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا زۆر گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی هاوکاری بنیاتنەر و بەردەوام کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکان بکات و بەهاکانی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی ویەکسانی بپارێزێت کە هەوێنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییە تەندروست و بەردەوامەکانن.