هونەرمەند ئەیوب عەلی، کۆنسێرتێک بۆ هۆگرانی لە هەولێر سازدەکات و گوڵبژێرێک لە بەرهەمە کۆن و نوێیەکانی پێشکێش دەکات.
ریمۆند عەبوود، رێکخەری کۆنسێرتەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 9:00ـی شەوی ئەمڕۆ 29ـی تشرینی دووەمی 2022، کۆنسێرتێک بۆ هونەرمەند ئەیوب عەلی سازدەکەن.
کۆنسێرتەکە پێشتر بەهۆی رووداوی تەقینەوەکەی شاری سلێمانی و گیان لەدەستدانی 15 کەس و برینداربوونی 12 کەس، لەلایەن ئەیوب عەلی و رێکخەرانی کۆنسێرتەکە دواخرا.
ئەیوب عەلی، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی رووداوی تەقینەوەکەی شاری سلێمانی لە 17ـی تشرینی دووەمی 2022، لەگەڵ رێکخەرانی کۆنسێرتەکە بڕیاریاندا کۆنسێرتەکە بۆ کاتێکی دیکە دوابخەن. هەروەها هاوخەمی خۆی بۆ ئەو رووداوە و گیان لەدەستدانی و برینداربوونی ئەندامانی یەک ماڵبات دەربڕی.
بڕیاربوو کۆنسێرتەکە لە 22 تشرینی دووەمی 2022 سازبکات، بەڵام بەهۆی ئەو رووداوە بۆ 29 مانگ دواخرا.
هونەرمەند ئەیوب عەلی ماوەیەکە بە سەردانێک لە باشووری کوردستانە بۆ ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی هونەری و لە 13 تشرینی یەکەمی 2022، پەیمانگە هونەرە جوانەکانی هەولێر، رێوڕەسمێکی رێزلێنانی بۆ سازکرد و خەڵاتی رێزلێنانی پەیمانگەی پێبەخشرا.
ئەیوب عەلی لە 1973 لە سەنگاو لە دایکبووە، لە 1998 بڕواننامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری میکانیک لە زانکۆی سەلاحەدین وەرگرتووە، لە قۆناغی زانکۆدا چالاکییەکانی لەبواری میوزیک و گۆرانی دەستپێکرد، لە ساڵانی 1995- 1998 لە رادیۆ کوردییەکان گۆرانی تۆمارکردووە، لە 1999 کوردستانی جێھێشت و لە بەریتانیا نیشتەجێبووە.
ئەیوب عەلی خاوەن حەوت ئەلبوومی گۆرانییە، 'دڵم مەشکێنە' لە 2003، 'خەمێکی بێ کۆتایی' لە 2004، 'ماڵئاوایی' لە 2006، 'مۆم' لە 2009، 'ئەلبوومێکی بێ ناونیشان' لە 2011، 'بێ سنوور' لە 2014 و 'پەیکەر' لە 2021.
جگە لە ئەلبووم چەند گۆرانییەکی تاکی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە 'کوردم' لە 2015، 'تریفەی پێکەنین' لە 2015، 'بەڵێ عاشقم' لە 2019 کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا و 'نامەکانت' لە 2020، نوێترین بەرهەمیشی، ڤیدیۆکلیپێکە بەناوی 'چۆڵەکە' کە لە 20ـی ئابی 2022 بڵاوکرایەوە.
سەرچاوە: rudaw- پەسار فایەق