لەتیف فاتیح فەرەج
لەسەت ساڵی ڕابردودا هیچ دەرفەتێک هێندەی ئێستا بۆ کورد گونجاو نەبووە، نەدەرفەتی کۆماری مهاباد، نە دەرفەتی ڕاپەڕینی باشوری کوردستان، هیچ کاتێک هێندەی ئێستا لەڕووی نێو دەوڵەتیەوە کورد پشت و پەنای سیاسی و میلی نەبووە، چ لەهەرێمی کوردستان کورد لەدەرەوە پاڵپشت و پەنای گەورەی هەن وکەچی ئەوان ناتوانن هێزێکی تۆکمەو پێکەوەیی کوردەواریانەی دوور لەئایدۆلۆژیای حزبی دروست بکەن، چ لەڕۆژئاوا کەهەم لەڕووی پاڵپشتی سیاسی و دیبلۆماسی و سەربازیەوە بێکەس نیە، هەم لەڕووی میلی و جەماوەریشەوە لەدنیا پشتگیری فراوانی هەیە، ئێستا لەهەر کاتێک زیاتر کورد دەبێت پێکەوە بن، پێکەوەبوون بەو مانایەی دەکرێت جیاوازی ئایدۆلۆژی و بیرکردنەوەمان هەبێت، بەڵام ناکرێت ئازاری یەکتر نەبینین، لەهەموو دنیا گەلان لەکاتی پێویستا جیاوازیەکانی نێو خۆیان دەخەنە لاوەو لەخەمی گشتیدان، لە کاتی پێویستیدا چەپ و ڕاست و دینی و نادینی نامێنێت و هەموو پێکەوەن، ئەوەش ڕێگە ڕاستەکەیە.
ئێستا کوردستان لەبەردەم هەڕەشەو دەرفەتایە، لەدۆخی ئاوادا دەبێت ئاوەزمەندانی سیاسی بزانن چی دەکەن و چۆن، ناکرێت، ڕوولەهەڕەشەکان بن و پشت لەدەرفەتەکان، وەک ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بینیمان، لەکاتێکا دەوڵەتێکی زل و سەر بەناتۆ بەئاگرو ئاسن، دەیەوێت دەرفەتەکانمان لەڕۆژئاوای کوردستان لەنێو بەرێت، لەو کاتەدا بێ هۆیەکی بەرچاو سەرانی باشور ڕیز دەبەستن بۆ سەردانی ئەو دەوڵەتە، ئەوەش لەتەک ئاوەزدا نایەتەوە، مەگەر بەو جۆرەی بۆ سەرزەنشت و گلەیی بێت.
بەتایبەت چونی سەرۆکی حکومەت بۆ لای ئەو دەوڵەتەی لەیەک کاتا لەسێ پارچەی کوردستان شەڕی کورد دەکات و کار گەیشتوتە ئەوەی فڕگە دابخات و خەڵکی سڤیل بکوژێت، ئەو سەردانە پێچەوانەی دیبلۆماسیەتی پێکەوەیی و پێچەوانەی حوکمداریشە، سەرۆکی حکومەت بەرپرسیارە لە ژیان و چارەنوسی هەموو هاوڵاتیەکانی و بەرپرسە لەوەش لەهۆکاری دژایەتی دەوڵەتێک لەبەرانبەر فڕگەی شارێکی بەدوادا چون بکات و لەهۆکاری دژایەتی ئەو وڵاتە بەرانبەر شارێکی نیشتمانەکەی بانگی کونسڵی ئەو وڵاتە بکات و هۆکاری ئەو ڕقە بپرسێت، ئەمەش ئەلف و بێی سیاسەتە.
لەڕاستیدا ئێستا لەهەر کاتێک زیاتر پێویستمان بەهاوکاری کردنی یەکە، کۆبانی و سلێمانی و کەرکوک و سنەو هەولێرو ئامەد هەر یەک بەجۆرێک هەڕەشەیان لەسەرە، لەلایەکی دیکەشەوە دەرفەتی گەورە هەن بۆیە کاتی کارکردنە بەئاوەز، کورد لەبەردەم گۆڕانێکی ئەرێنی گرنگدان، ئەگەر خۆیان تێکی نەدەن.
سەرچاوە : خەندان