ئەو کوشتن و کارە ناخ هەژێنانەی سوریا چیمان پێ دەڵێن ؟

 

 
 
 
 
سەمەد محەمەد
 

 

 

لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەو ئاڵۆزیەکانی سوریا لەساڵی ۲۰۱۱ ، کۆمەڵێك گروپی توندڕەوی ئیسلامی هاتنە ناو روداو هاوکێشەکان ، کە بووە جێگای پسیارو نائومێدی زۆری ئەوانەی بە جدی و دڵسۆزی و دنیابینەکی سەردەمیانە ، هەوڵ و قوربانیان دەدا بۆ ئەوەی سوریا لە چنگی دەسەڵاتی خوێنڕێژو خۆسەپێنی بەعسیەکان قوتار بکەن و سوریایەکی دیموکرات و هی هەمووان بنیات بنێن .

 ئەو گروپانە هەر زوو ماهیەتیان بۆ هەمووان لایەك روون بۆوە ، کە ئەوان ئەوەندەی دەستی دەرەکی و تینووی دەسەڵات و جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی دیاریکراوی پڕ لە توندوتیژی و تەکفیرکردنی ئەوانی دیکەن ، هیچ ئەجندایەکی دیکەیان نیە کە خزمەت بە هاوڵاتیان بکات و سوریایەکی پڕشنگدار لە ئاسۆوە ببینن .

دوای کەوتنە خێراو چاوەڕواننکراوەکەی رژیمە دیکتاتۆرەکەی بەشار ئەسەد ، بەرەیەك بەناوی هەیئەی تەحریری شام ، دەسەڵاتیان کەوتە دەست و بێ گەڕانەوە بۆ پێکهاتە جیاوازەکان ، سەرۆکی وڵاتیان داناو و حکومەتێکی کاتیان پێکهێنا ، ناوبەناویش باس لە یەکپارچەیی و دەسەڵاتێکی ناوەندی و هەمووان پێویستە لە خزمەتی سوریایەکی بەهێز دابین ، سوریای بەهێزو یەکپارچە مانای حوکمی بێ قەیدو شەرتی هەیئەی شام و هاوئاوازەکانیان . ئەو هەنگاوانە ئاماژە بوون ، کە ئەو  دەسەڵاتدارانە سوریای هیلاك و وێران و بریندار ، زیاتر هیلاك و قەیراناوی و کار بۆ سەپاندنی جۆرێك لە حوکمڕانی دەکەن ، ئەو دەسەڵاتە نا دیموکراتە لە ئێستاوە دیارە مەحکومە بە فەشەل و کارەساتەکانی ئەو وڵاتە زیاتر دەکەن و بەیەکەوە ژیان و مافی مرۆڤ و مەدەنیەت دەبێتە خەونی شاعیرانە . 
  لەم چەند رۆژەی رابردوو لە کەناراوەکانی سوریا شەڕ لە نێوان گروپێکی چەکداری عەلەویەکان و هێزەکانی سەر بەدەسەڵاتی دیمەشق دروست بوو ، شەڕەکە تەشەنەی سەندو هێزەکانی سەر بە دەسەڵات کەوتنە پەلاماردانی خەڵکی سڤیل و ئەوانەی کردیان لە سوکایەتی و  کوشتنی تاک و کۆو   بە ئاشکرا بڵاوکردنەوەیان ، لە ئەنجامی کارەدڕندانەکانیان  هەموو ویژدان زیندوێکیان لەسەر ئاستی دنیا شۆك کردووە !! 

ئەو گروپەی تازە هاتووە سەر دەسەڵات ، لەو  ماوەیەدا هەموو هەوڵێکیان بۆ  ئەوە بوو  قەناعەت بە ناوخۆی سوریاو دنیای دەرەوە بێنێت ، کە ئەوان چی دیکە هێزە توندڕەوەکەی جاران نین و گۆڕانی زۆریان بەسەردا هاتووە !! ئەم چەند رۆژە دەمامکەکانیان بە تەواوی داماڵدراو ماهیەتە راستەقینەکەیان بۆ هەموو دنیا بە روون بۆوە.

بە گوێرەی زۆر ئاماژە ، گروپە توندڕەوەکان و دەسەڵاتدارانی دیمەشق ، داخی زۆرو رقی گەورەیان لە کوردانی رۆژئاوایە و بە بەربەستی سەرەکی دەزانن  لەبەردەم کۆنتڕۆڵکردنی هەموو سوریا ، بۆیە پێویستە کوردان لە هەموو کات هەشیارتر بن ، هاودەم لەگەڵ جوڵە سیاسی و دبلۆماسیەکان هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ هەر کارێکی نەخوازراو ، وە لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکان و ئازادیخوازانی سەرجەم سوریا پێوەندی و کاری هاوبەش پەرەی زیاتری پێبدەن و بییبەنە قۆناغێکی باڵاترو  پێداگری تەواو لەسەر مافەکانیان بکەن و نەهێڵت ئەو هێزە توندڕەوانە ئیرادەی خۆیان بە تەواوی فەرز بکەن ، ئەو روداوە ناخ هەژێنانەی ئەم دواییە ، هەموو دنیای بە ئاگا هێنایەوە لە نیازو ئامانجی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی دیمەشق ، پێدەچێت وڵاتانی کاریگەر لە سوریا بە هەستیاریەکی زیاتر لەگەڵ کەیسی سوریا هەڵس و کەوت بکەن و رای گشتی دنیاش لە بارترە بۆ پێداگری لەسەر مافی پێکهاتەکان لە دەستورو داهاتوی سوریا.

 کوردانی هەموو پارچەکان و هەندەرانیش ، پێویستە بە وردی چاودێری رەوتی روداوەکانی سوریا بکەن و بەرامبەر هەر جوڵەیەکی خراپ دەرهەق بە رۆژئاوا ، بە یارمەتی دان و چالاکی جۆراو جۆر پشتیوانی رۆژئاوای ئومێدبەخش بین .

سەرچاوە : خەندان