"ئه‌وه‌ی له‌بیرمه‌" چاپ كرا

كتێبی "ئه‌وه‌ی له‌بیرمه‌" كه‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی "ناهیده‌ شێخ سه‌لام"ـه‌، له‌ ماڵی وه‌فایی له‌ هه‌ولێر چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌.
كتێبه‌كه‌ له‌ نووسینی  "چیمه‌ن ساڵح"ـه‌ و خۆی له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌وه‌ بۆ "وشه‌"گوتی، ''ئه‌مه‌ یه‌كه‌م كتێبی منه‌، كه‌ ئه‌وكات من له‌ زاری ناهیده‌ی شێخ سه‌لام خۆیه‌وه‌ زانیارییه‌كانیم تۆمار كرد و دواتر له‌دووتوێی ئه‌م كتێبه‌دا بڵاوم كرده‌وه‌، تا ئێسته‌ ده‌یان كه‌س خوێندنه‌وه‌یان بۆ كردووه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر نووسیوه‌.

ئه‌و گوتی، ئافره‌تی كورد زۆر به‌ ده‌گمه‌ن بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆیان نووسیوه‌ته‌وه‌، ناهیده‌ی شێخ سه‌لامیش یه‌كێكه‌ له‌ ژنه‌ گرنگه‌گانی كوردستان، بۆیه‌ پێی باش بوو بیره‌وه‌رییه‌كانی چاپ بكات.

وه‌ك زیاتر خستیه‌ روو، ئه‌م كتێبه‌ ڕۆڵی گرنگی ئافره‌تی كورد پێشان ده‌دات له‌ ڕابردوو، ناهیده‌ شێخ سه‌لامیش یه‌كه‌م ژن بووه‌ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی له‌ ساڵانی په‌نجاكان، دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتیی ئافره‌تانی كوردستانه‌، هه‌روه‌ها چالاكی رۆشنبیری و سیاسی هه‌بووه‌، ناهیده‌ كچی شێخ سه‌لام و هاوسه‌ری نووری شاوێس بووه‌، هه‌مووی ئه‌وانه‌ی له‌ مێژووی خۆی و هاوسه‌ر و باوك و چه‌ند كه‌سێكی تر له‌ خێزانه‌كه‌ی رووی داوه‌، باسی كردووه‌ كه‌ گرنگییه‌كی زۆریان هه‌یه‌ بۆ مێژووی نوێی كورد.

ئه‌و به‌ گرنگی ده‌زانێت، ئافره‌تانیش بیره‌وه‌رییه‌كانیان بنووسنه‌وه‌، چونكه‌ مێژوو به‌ ته‌نیا هی پیاو نییه‌، به‌ڵكو هی ژن و پیاوه‌، به‌یه‌كه‌وه‌ مێژوو دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی پیاو پێشه‌نگتر بووه‌، بۆیه‌ زیاتر پیاوان بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆیان نووسیوه‌ته‌وه‌، بۆ نموونه‌ كه‌ باسی فه‌لسه‌فه‌ یان زانست و سیاسه‌ت ده‌كه‌ی، ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك ناوی پیاوت دێته‌ به‌رچاو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئافره‌تان به‌شداربوونه‌كانیان لاواز بووه‌، ئه‌وانی هه‌شبوون بیره‌وه‌ریان نه‌نووسراوه‌ته‌وه‌.

كتێبی "ئه‌وه‌ی له‌بیرمه‌"  له‌ كۆكردنه‌وه‌ و نووسینی  "چیمه‌ن ساڵح"ـه‌ و له‌ ماڵی وه‌فایی له‌ هه‌ولێر چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و ئێسته‌ له‌به‌ر دیدی خوێنه‌ردایه‌.

چیمه‌ن ساڵح نووسه‌ر و وه‌رگێڕ، تا ئێسته‌ چه‌ندان كتێبی چاپكراوی هه‌یه‌، له‌وانه‌، چۆن واده‌كه‌ی میدیا كارت بۆ بكات، رۆژنامه‌نووس له‌ به‌رامبه‌ر یاسادا، زاراوه‌كانی سیسته‌می نوێی جیهان، بۆڕییه‌ ئاوه‌كانی حوكمڕانی، جیهان له‌ گێژاودا كه‌ به‌زمانی ئینگلیزی نووسراوه‌، لەگەڵ وه‌رگێڕانی ڕۆمانی پاسكیلی كورد.

 

 

سەرچاوە: wishe- ئاسان محه‌مه‌د