ئەنوەر قەرەداغی: بەپێی دەرفەت كۆنسێرتەكەی گرووپی كیژان دەبەینە شارەكانی تریش

هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی كە یەك لە پێشەنگەكانی موزیك و میلۆدیی كوردییە، لە دیمانەیەكی "وشە"دا كە لە بەشی دەزگاكە بە درێژیی بڵاو كراوەتەوە، ئاماژە بە ئەو كۆنسێرتە دەكات كە بەمدواایی لە هەولێر پێشكەش كرا، ئەو دەڵێ بەپێی دەرفەت لە شارەكانی تریشدا هەمان كۆنسرێت پێشكەش دەكەین.

لەبارەی كۆنسێرتەكەوە قەرەداغی روونی كردەوە، ئێمە وەك پلان داماننابوو لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان و دەرەوەش ئەو كۆنسێرتە ساز بكەین، بەڵام بەداخەوە سازدانی ئەم جۆرە كۆنسێرتانە پێوەندیی بە بودجە هەیە، دەبێ سپۆنسەرێك هەبێت كارەكە فەراهەم بكات، چونكە 33 كچ لە شوێنێك بۆ شوێنێكی تر خەرجییەكی زۆری دەوێت و بەڕاستیش لە توانای ئێمەدا نییە،.

زیاتر گوتوویەتی، لە شوێنێكی وەك شاری سلێمانی رەنگە خۆیشم بتوانم چارەسەرێكی بكەم و كێشە نەبێت، بەڵام بۆ شارێكی تر بڕۆی خەرجیی زیاتری دەوێت و ئیدارەكردنیشیان قورستریشە.

دواتریش گەشبینییەكی تری لەبارەی كۆنسێرتەكە دا و گوتوویەتی، بەڵام ئێمە لە بەرنامەماندا هەیە و یەكەم هەنگاومان بەرەو هەولێر بوو، دووەمینیشمان بەپێی دەرفەت بەرەو دهۆك و سۆران و ڕاپەڕین و كەركووك و شارەكانی تر دەبێت.

 

سەرچاوە: ووشە