ئەزموونی من (1)

با دوو سێ دەقەیەک ئەزموونی خۆمت پێبڵێم،
ماوەی ساڵێکە لە کارگەیەکم و تیمێکی جوان و ناوازەم لەگەڵدایە کە بەشی ھەرە زۆری سەرکەوتنەکان ھی ئەوانە، رەنگە ھەمووان وابزانن من وەک بەڕێوەبەر مورتاحم و کێشەم نیە، بەڵام لەژێر فشارێکدام ئەوسەری دیار نیە لە زۆر ڕووەوە، تۆ بڵێ چۆن؟

1- نزیکەی 40-50 کارمەندمان ھەیە، گرنگترین شتێک بیکەین و کردبێتمان ئەوەیە کە ئەبێت ئەو 40-50 کارمەندە ھەموویان ئاسوودە و دڵخۆش بن، ئیشی زۆرمان کردوە لەم بوارەدا و ھێشتا ماویشیەتی، بەڵام گومانی تیا نیە تا کارمەند دڵخۆش نەبێت بەرھەمت باش نابێت. ئەمە لەم جیھەتەوە فشاری کارمەند و شوێنی کارمەندم لەسەرە.

2- لەژێر فشاری خاوەن کاردام کە چاوەڕوانی شتی باش و ئیشی باشە و لە کۆتایدا چاوەڕوانی قازانجی باشم لێ ئەکات، مافی خۆشیانە و سەرمایەیان خستوەتە کار و قازانجیان ئەوێت، ئەبێت لەم جیھەتەوە ئاگام لەوانیش بێت.

3- لەژێر فشاری کڕیار و بەڵێندەر و پرۆژەکاندام، ئەوانیش چاوەڕوانی خزمەتی باش و بەرھەمی باش و اھتمامی تایبەتن وەک کڕیار.

4- لەژێر فشاری رکابەرەکاندام و دەبێت بەردەوام بزانم چی دەکەن و چۆن ئیش دەکەن و ستراتیجیان چیە.

5- لەژێر فشاری خۆمدام کە ھەمیشە ھەوڵ ئەیەم شتەکان باشتر بن، پرۆسیجەری ئیش باش بێت، پلانی باشمان ھەبێت، مارکێتین و مبیعات باش بن، تێچوو کەم بکەینەوە، داھات زیاد بکەین، تیمی باش و بەتوانا دروست بکەین، ھتد.

ئەمە جگە لەوەی کاتێک ئەچیتە سەر پرۆژە و کارگەکە ھەست دەکەیت دەیان کێشە ھەیە و چۆن دەتوانیت ھەنگاو بە ھەنگاو چارەسەری بکەیت؟ چۆن ئەو ھەموو گۆڕانکاریە بەجۆرێک ئەنجام دەدەیت کەمترین کاردانەوە و بەرەنگاری ھەبێت. چۆن ئەم بالانسە ئەپارێزیت؟ بە چ ئاراستەیەکدا ھەنگاو ئەنێیت کە دژی ھیچ کام لەوانی تر نەبێت.

بۆیە گەر پێت وایە ئەرکی بەڕێوەبردن و مارکێتینگ ئاسانە و لە ژورێکدا بێخەم لێی دانیشتویت ھەڵەیەکی گەورەیە. تا ئەو ساتەی ئەتوانیت گۆڕانکاریەکی بچووک دروست بکەیت رۆحت ئەبێت بە ئاو... جا ھەموو ئەم قسانە لە خول و لای جەماعەتی تەنمیەی بەشەری ئاسانە، بەڵام لە واقیعدا و لە رووی پراکتیک و زانستیەوە کوڕ ئەوەیە کە بتوانێت لەو سەر ئەرزە و لە بازاڕدا جیاوازی دروست بکات و لەنێوان ئەو ھەموو فشار و قەرز و پارەخواردن و راگرتنی دڵی کڕیار و موەزەف و خاوەنکارەدا یاری بکات.

ئاسان نیە و رۆحی مەسەلەکەش توانای گفتوگۆ و پلاندانان و بڕیاردان و مارکێتینە...

کەواتە مارکێتین بریتیە لە توانای گفتوگۆ و دروستکردنی پەیوەندی و تێگەیشتن:

- لە کڕیار

- لە ڕکابەرەکان

- لە ھاوبەش و شەریکەکان و خاوەن بزنسەکە

- لەوانەی ھەر بەرژەوەندیەکیان لەو بزنسەدا ھەیە

- لە سوودەکانی ئەو کاڵا و خزمەتەی پێشکەشی دەکەیت.

پاشان ئاراستەکردنیان بەو شێوەیەی لە سوودی ھەموو لایەکدا بێت و ھەمووان دڵخۆش بن.

بەتەمام ئەمەش بکەم بە کۆرس، کورە پلانم زۆرە، ھەر نەشمتوانی بە کۆرس ئەیکەم بە کتێب و نامیلکەیەک.

بەھیوای سوود
ئاراس عمر