فیلمی "ئه‌زموون" نوێنه‌ری عێراق له‌ ئۆسكاری 2023 چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكانی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ڵمانیا

 

فیلمی سینه‌مایی "ئه‌زموون" له‌ ده‌رهێنانی شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی و نوێنه‌ری عێراق له‌ ئاكادیمیای ئۆسكاری 2023، له‌ شاره‌كانی لۆس ئه‌نجیلێس و نیویۆرك له‌ ئه‌مه‌ریكا و به‌رلینی ئه‌ڵمانیا نمایش كرا.
فیلمی سینه‌مایی "ئه‌زموون" The Exam چواره‌مین فیلمی بڵندی سینه‌ماكاری كورد شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركییه‌، له‌ به‌رهه‌مهێنانی مه‌مه‌د ئه‌كتاش و به‌رهه‌می هاوبه‌شی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ئه‌ڵمانیا و قه‌ته‌ره‌.

فیلمه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ئاڤان جه‌مال یه‌كێك له‌ ئه‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م فیلمه‌، بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ ڕۆژی سێی كانوونی یه‌كه‌می 2022، له‌ شاری لۆس ئه‌نجیلێس و سێ رۆژ دواتر له‌ شاری نیویۆركی ئه‌مه‌ریكا نمایش كرا و له‌ هه‌شتی مانگیش له‌ به‌رلینی ئه‌ڵمانیا پێشكه‌ش كرا.

"ئه‌زموون" له‌ یه‌كه‌مین نمایشی جیهانیی خۆیدا له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی Crystal Globe  له‌ 55ه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی كاڕلۆڤی ڤاری، له‌ كۆماری چیك نمایش كرا و توانی خه‌ڵاتی فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕه‌خنه‌گرانی فیلم، پله‌ی یه‌كه‌می سینه‌مای دنیا به‌ده‌ست بێنێت.
ئه‌م فیلمه‌ كوردییه‌ له‌ درێژه‌ی به‌شدارییه‌ جیهانییه‌كانی خۆیدا، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی نێوده‌وڵه‌تی له‌ 37ه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "سانتا باڕباڕا" Santa Barbara  له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌سته‌به‌ر كرد، له‌ كۆمه‌ڵێك فێستیڤاڵی گرنگی تری جیهانیی به‌شداری كردووه‌ و خاوه‌نی ده‌یان خه‌ڵاتی جیهانییه‌.

له‌م فیلمه‌ سینه‌ماییه‌دا كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری به‌ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ چه‌ندان ئه‌كته‌ری گه‌نجی كوردستان ڕۆڵیان بینیوه‌، له‌وانه‌ ئاڤان جه‌ماڵ، ڤینا سالار، حوسێن حه‌سه‌ن، شوان عه‌تووف، هوشیار زێڕۆ نێروه‌یی، نیگار عوسمان، كاوه‌ قادر، عادل عه‌بدولڕه‌حمان، حه‌مه‌ڕه‌شید هه‌ره‌س و یانا توانا.



سەرچاوە: wishe- سلێمان تاشان