بەرزان حەمەسوور
تێگەیشتن لە ڕۆڵی چارەنووسساز و گرنگی گشت پارتەکانی کوردستان لە سازدانی هەڵبژاردنێکی ئازادو دادپەروەرانە لە کوردستان ، وە خۆگونجاندن تەک گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا..
لە جیهانێکی خێرا وپڕلە گۆڕانکاریدا، دیمەنی سیاسی کورد لە گۆڕەپانێکی سەرەکیدا تەریک وەستاوەوتەماشاکەرێکی بێهەست وبێکاردانەوەیە! چاوەڕێن کارەکان تەووببن ئنجا بێنە وێزەی کورد ..ئایا بۆ ڕێککەوتن یارمەتی یان بۆ شەڕوماڵوێرانی..!
هەرچۆن لەهەردوهەڵبژاردنەکانی تورکیا سەرانی هەرێم هیچ ڕۆڵێکیان نەبوولەسەر سەرو 40ملیۆن کورد لەباکوری نیشتمان ،تەنها تەماشاکەر بوون ،هەروەک هاوڵایتیەکی سەرشەقام سەیری ڕاپۆرتەکانی تەلفزیۆنەکان بوون ..
لەسەرجەنگی ئۆکرانیاو ڕووس بێهەڵوێستی وبێئاگایی سەرانی کورد تائەمکاتە درێژەی هەیە، هەرچەندە دۆست و دوژمنەکانمان ڕۆڵیان تێیدا هەیە ، بەڵام سەرۆکایەتی کورد بێنقەو بێهەڵوێستە .. سیاسەتی " دەست بەکڵاوەکەتەوەبگرە بانەیبا " ی هەڵبژاردووە
لەگەڵ تێپەڕبوونی هەڵبژاردنی یەک لەدوای یەک وبەرچاوی دەوڵەتە گەورەکان بەتایبەتی هەڵبژاربنی 6-9 ی مانگی یونی 2024 ی پەرلەمانی ئەوروپا هاتنە سەردەسەڵاتی ڕاست ڕەوەکانی ئەم ووڵاتانەی یەکگرتوی ئەوروپا پێک دێنن بێ گومان پەلهاویشتنەکانی ئەم گۆڕانکارییە سیاسییانە وکاریگەرییان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وکوردستان دەبێت ،پێویستە کورد خۆی ئامادەبکات بۆ دیدو ڕێککەوتن وگرێبەستە نوێکان !
بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەووردی شیکاری خۆی ئەنجام بدات ولەڕێگەی کوردانی تاراوگە ئاگاداری پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان و کاریگەریی ئەگەرییەکانیان بن.
پەیوەندیە دیبلۆماسیەکان لەسەر ئاستی حیزب حیزبێنە تێپەڕێ ولەڕێگەی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروستبکرێ و بەڵام لە نێو ئەم مامەڵە جیهانییەدا نابێت هەرگیز چاوپۆشی لەخەبات وئارەزو وە باوەڕی تاکی کوردی بۆدەوڵەتێکی سەربەخۆ کە ئازادی ویەکسانی ودەستەبەرکردنی مافەنەتەوەیی وکلتوریەکانی تیا دەستەبەربێت ، وابەستەبوونی هاووڵاتیانیان بۆ نیشتمان لە ئینتما وئەندامبوونی پارتێک زۆر بەرزو پیرۆزتربێت ...کوردبوون کوردایەتی بچوک نەکرێتەوە بۆ ئەندامبونی لەپارتێک یان خێڵێک یان ناوچەیەک !
ئەگەرهەربەم شێوەیەی ئەمڕۆ پارتایەتی ، وابەستەبوون بەپارتێکەوە تەنها پێوەربێت بۆدەستەبەرکردنی کاروخوێندن وپۆست ژیان وگوزەرانی باشتر ،ئەگەر خەمی سەرۆک پارتەکانی کوردستان کۆکردنەوەی زۆرترین گومرگ ،فرۆشتنی ماڵ وموڵکی گشتی و داهاتی نایاسایی وبچڕینی پۆستەباڵاکان بێت ،وە تەنها خەمیان مانەوەی خۆیان لەسەرکورسی و لەوپێناوەشدا ڕێککەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ داگیرکەران بۆشەڕی سوککردن وبچوککردنەوەی براکانیان بێت ..
ئەوائەو سەرۆک پارتانە نەک لەبازنەیەکی بەتاڵدا دەسوڕێینەوە بەڵکو ئاگربەرئەدەنە گشت خەرمانەکە !
ڕاست نەکردنەوەی ئەمکارە دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پرۆسەی سیاسی هەبێت. ومایەو خایەی کورد بەوپارتانەشەوە لەدەست بچێت.
زەمینەی دوای گۆڕانکاریەکانی جیهانی و کاریگەرییە ناوخۆییەکانی زۆرجار دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانە لە وڵاتێک لەدوریشەوە شەپۆل دەنێرێت بۆ سەرانسەری جیهان و کاریگەری لەسەر سیاسەتە ئابوورییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سەقامگیری ناوچەکەی ئێمەش دەبێت.
بۆ گشت پارت وکوتلە سیاسییە کوردییەکان تێگەیشتن لەم دەرئەنجامانە تەنیا مەشقێک نییە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەڵکو پێویستییە بۆ پێگەی ستراتیجی. داینامیکی جیۆپۆلیتیکی، بەتایبەتی ئەو زلهێزانەی کە بەرژەوەندی تایبەتیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، لە ئەو ژینگەیە بەرجەستە دە بێت کە ناوچەی کوردی تێیدا کاردەکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە کاتێکدا ئەم ڕەچاوکردنە نێودەوڵەتیانە ڕەخنەگرانەن، بەڵام گشت پارتە کوردییەکان دەبێ سەرنجیان بەرەو ناوەوەش بێت. متمانە و سەرقاڵبوونی هاووڵاتیانی کورد، بناغەی هەر پرۆسەیەکی سیاسییە. نامۆکردنی دانیشتووان یان پشتگوێخستنی نیگەرانییەکانیان دەتوانێت ببێتە هۆی بێهیوایی و ناسەقامگیرییەکی بەرچاو، تێکدان،پاشان لەدەستچوون .
ئەمڕۆ لەگشت کاتێک زۆرتر پێویستە پەلە بکرێت بۆ ڕزگارکردنی چارەنووسی کوردستان لە دەستی خێڵ وسەرۆک خێڵ تاکە پارتێک یان سەرۆک پارتێک ..
دیمەنی سیاسی کورد لەم قۆناغە هەستیار ومۆلەقە لە جیهانێکی خێرا پەرەسەندوودا بە بەرگێکی نوێ وە دەرکەوێت..!
لەگەڵ تێپەڕبوونی هەڵبژاردنە بەرچاوەکانی ئەوروپا وە کارکردن بە سیستەمی نوێ و کاریگەرییەکانی دەرئەنجامەکان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێ پارتە کوردییەکان بە توندی ئاگاداری ئەم پێشهاتە نێودەوڵەتیانە و کاردانەوەی ئەگەرەکان زۆر بەهۆشیاری بمێننەوە.
چیتر پارتەکانی کوردستان لەسەرەوە نەڕواننە میللەت ،وەڕۆڵی خۆیان بگێڕن بۆهۆش وبیرو بڕیاری ژیرانەی میللەت گوێگرتن بۆ تێگەیشتنی میللەت ،چیترمیللەت بەکەم تەماشا نەکەن ، گشت کارەکانی دروستکردن وپێشخستنی دەوڵەت وخۆدروستکردنی کورد لەسەر ڕۆشنبیرکردنی تاکی کوردەوە هەڵدەچنرێ ودروست دەبێت نەک درۆکردن وبەلاڕێدا بردن گەوجاندن !
ئەم پاشخانە جیهانییەی ئەوروپای ئەمڕۆ سەرەداوی دەوڵەت ونەتەوەی بەئاگا یە ،سەروەی یاساو یەکسانی ودیموکراسی،مافی مرۆڤە بۆ هەموان..
دەبێت پارتەکانی کوردستان چاویان لە هاوکێشەی لەسەرەوە ڕوانین وتێکەڵاوی میللەت بێت ..ئەم وابەستەییە شێلگیرانەی هاوڵاتی کورد بێت بۆ نیشتمان بەچاوی سووک تەماشانەکرێت وچیتر یاری پێوە نەکرێت تا لە دەست نەچێت. .!
نەکردنی ئەو کارە دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆرچاوەڕوان نەکراویی لەسەر پرۆسەی سیاسی کوردبوون وکوردستان هەبێت.