ئێمە كێین‌ و فەلسەفە چۆن دەمانبینێت؟

امیرة جمال

و: ئیسماعیل کودە

ئایا مرۆڤ هەر لە لەدایكبوونییەوە، تا مردنی وەك خۆی دەمێنێتەوە، یان شوناسی مرۆڤ مایەی گۆڕان‌ و رووشان‌ و دەستكارییكردنە، تا ئەو مۆركە بە جێگیری لە مرۆڤدا بمێنێتەوە، كە لەو ماوەیەدا تەنها ناوەكەیەتی؟ لەوانەیە شوناسی مرۆڤایەتییمان رووبەڕووی پرسیارە فەلسەفییەكانمان لەبارەی بوونمان ببێتەوە، بەڕاستی ئێمە كێین؟ لەوانەیە ئەو پرسیارە یەكێك بێت لەو پرسیارە دیارانەی، كە فەیلەسوفان بیروبۆچوونی جیاوازیان لەبارەی وەڵامدانەوەی هەبێت، لە راستیشدا هەر لەسەرەتای لەدایكبوونی فەلسەفە لە خۆرهەڵات ‌و خۆرئاوادا، ئەو پرسیارە هەبووە كە دەڵێت: شوناسی مرۆڤایەتی چییە؟

شوناسی مرۆڤایەتی چییە؟
شوناسی مرۆڤایەتی بە شێوەیەكی سادە و بەگشتی پەیوەندیی بە پێناسەكردنی شتەكانەوە هەیە لەرێگەی «نەفسەوە»، بەو مانایەی شوناسەكە شتەكان جیادەكاتەوە و وایان لێدەكات لە پڕۆسەی بوونماندا دەگمەن بن، بەڵام بابەتەكە بەو شێوەیە سانا نییە، چونكە شتەكان دەگۆڕێن‌ و لە دۆخی خۆیاندا نامێننەوە، لەبەرئەوەشی كاتێك بە كردەوە دەگۆڕێن، دەبنە شتێكی تەواو جیاواز لەو دۆخەی پێشتر تێیدابووە، بۆیەش پێناسەی فەیلەسوفەکان بۆ چەمكی «شوناسی مرۆڤایەتی» لە فەیلەسوفێكەوە بۆ یەكێكی دیكە جیاواز دەبێت، لێرەدا باسێكی خێرا لەبارەی گوتەی فەیلەسوفەکان لەبارەی شوناس دەخەینەڕوو.

گۆتفرێد لایبنتز
فەیلەسوفی ئەڵمانی «گۆتفرێد لایبنتز» لە سەدەی 17 دا، كاتێك لەگەڵ فەیلەسوفەکانی ئەو سەردەمە گفتوگۆ دەكات ‌و پرسیار لەبارەی چۆنیەتی گونجانی شوناسی كەسی  لەگەڵ ئەو كارەی دەیكات، یان بۆ نموونە كە دەڵێت پیشەی نوژدار چۆن بە تەواوی لەگەڵ شوناسی كەسێتیەكەی دێتەوە؟ یان، ئایا هەموو ئەوەی مرۆڤ بە هۆی بارودۆخی كارەكەی، یان ژینگەی دەوروبەری دەیكات لەگەڵ شوناسی كەسێتییەكەی یەگدەگرێتەوە؟  «گۆتفرێد» لەرێگەی ئەو پرسیارانەی سەرەوە تەماشای «شوناس» دەكات‌ و  تیۆرەكەی لە بواری فەلسەفەزانی بەو شێوەیەی خوارەوە رووندەكاتەوە.
بەڵام فەیلەسوفە هاوچەرخەكان رایەكی دیكەیان لەو بارەیەوە هەیە، نموونەش بەو پەیكەرە دروستكراوانە دێننەوە كە وەك بەڵگەی جیاواز بۆ تیۆرەكەیان لەبارەی «هاوشێوەیی شوناس» بەكاریدەهێنن. ئەو پەیكەرە لە قوڕ دروستكراوانەش بەپێی بۆچوونی «گۆتفرێد» هەمان ئەو تایبەتمەندیانەیان هەیە‌ و بە وەرگرتنیشەوە هەمان شوناسیان هەیە، بەڵام شوناسی قوڕەكە‌ و شوناسی پەیكەرە دروستكراوەكە هەمان تایبەتمەندیان نییە، چونكە دۆخی پەیكەرەكە، یان لەكاتی شكاندنی پەیكەرەكە، شوناسەكە شێوەی دیكە وەردەگرێت، لەو دۆخەدا شوناسی قوڕەكە رووكاری روونی هەیە، بەڵام شوناسی پەیكەرەكە بەتەواوی گۆڕاوە و بووە بە شوناسێكی خاوەن تایبەتمەندی دیكە، بۆیە لێرەدا جیاوازی لەنێوان تایبەتمەندییە بنەڕەتیەكان‌ و جەوهەرییەكان، یان تایبەتمەندییە نا جەوهەرییەكان بەدەردەكەوێت.

تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکان
تایبەتمەندییە بنەڕەتی، یان جەوهەرییەكان بەشێوەیەكی ساكار، بەردی بناغەی ئەو شتەیە كە شتەكانی لەشێوەی كۆتاییدا پێدەبینین، بەڵام تایبەتمەندییە نا جەوهەرییەكان، ئەو تایبەتمەندییانەن كە دەكرێ شتەكە، یان مرۆڤ بەدەستی بێنێت‌ و لەدەستیشی بدات، لێرەشدا كارێكی ئاسانە كە تایبەتمەندییە ناجەوهەرییەكان ‌و تایبەتمەندییە بنەڕتیی ‌و جەوهەرییەكان دیاری بكرێن، چونكە تایبەتمەندییە ناجەوهەرییەكان، تایبەتمەندییە بنەڕەتیەكان رەتناكەنەوە، بۆ نموونە مرۆڤ بەبێ دەست‌و پێش هەر وەك مرۆڤ دەمێنێتەوە، بۆیە هیچ گیروگازێك لە تایبەتمەندییە نا جەوهەرییەكاندا نییە، بەڵكو گیروگازەكە خۆی لە دیارییكردنی شوناسی تایبەتمەندییە بنەڕەتیەكان دەبینێتەوە، لێرەشدا ئەو پرسیارە دێتەپێشەوە كە دەڵێت: ئایا تایبەتمەندییە بنەڕەتی ‌و جەوهەرییەكان چین؟

تیۆرە فەلسەفیەكان لە بارەی شوناسی كەسێتی
ئایا مرۆڤ تەنها بە لەدەستدانی ئەو تایبەتمەندییە بنەڕەتیانەی لە پێكهاتنی شوناسەكەسدا بەشدارن، شوناسە مرۆییەكەی دەگۆڕێت؟ گفتوگۆیەكە لە نێوان فەیلەسوفەکاندا شتێكی روونە، چونكە زۆربەیان وای لێكدەدەنەوە كە مرۆڤ لە دۆخی گۆڕانی بەردوام دایە، بۆیە بە تێپەڕینی كات‌ دەكرێت زۆر لە تایبەتمەندییەكانی بگۆڕێن، یان بیانگۆڕێت، بەڵام رای هەندێكیان ئاماژە بەوە دەدات، هەموو ئەو گۆڕان ‌و وەڕگۆڕانانەی شوناسی مرۆڤ پەیوەندی دیاریكراوی وایان بەیەكەوە هەیە، كە ناكرێت بەشێوەی بەرجەستە و مادییانە شرۆڤە بكرێن. زۆر تیۆریش لەبارەی ئەو پرسیارەوە هەیە كە ئێمە كێین؟.
بەڵام زانست دژ بەو تیۆرەیەیە كە پێشتر باس كرا، ئەگەرچی ئێمە لە لەدایكبوونەوە تا مردن لەنێو هەمان جەستەداین، بەڵام تایبەتمەندییەكانی یەك جەستە لە گۆڕانی بەردەوام دایە، بۆ نموونە خانە سوورەكانی خوێن‌ و هەروەها خانەكانی پێست بەردەوام لە گۆڕاندان، بۆیە مەرج نییە ئەو جەستەیەی مرۆڤی پێی لەدایك بووە، هەمان ئەو جەستە بێت‌ و هەمان تایبەتمەندی سەرەتاشی هەبێت.

جۆن لۆك
بەڵام بۆچوونی «جۆن لۆك»ی فەیلەسوفی «ئەزموونگەر» تەواو لەو بۆچوونەی پێشوو جیاوازە، ئەو پێی وانییە تایبەتمەندییە بنەڕەتیی ‌و جەوهەرییەكان لە جەستەی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن، بەو مانایەی «جۆن لۆك» تەواو دژ بە تیۆری جەستەیە، بۆچوونەكەشی ئەوەیە، ئەوەی بە كردەوە شوناسی كەسێتی پێكدەهێنێت هەموو ئەو شتانەن كە نا مادیین، لەو بارەیەشەوە ئاماژە بە هوشیاری مرۆڤ دەكات، بە پێی تێڕوانینی «لۆك» مرۆڤ بە درێژایی قۆناغەكانی تەنها یەك هوشیاری بەدەست ناهێنێت، بەڵكو زیاتر لە هوشیارییەك وەردەگرێت، دواتریش «لۆك» گەشە بە تیۆری یادەوەری دەدات ‌و وای دەبینێت هەر شەوێك كە مرۆڤ دەخەوێت، بیر لەوە دەكاتەوە كە ژیانی شەوی رابردووی چۆن بووەو..هتد، لەو سونگەیەشەوە «تیۆری یادەوەری» هاتۆتە كایەوە، كە تا ئێستاش فەلسەفەیەكی مۆدێرنە و بە رژدی لەبەرچاو دەگیرێت.

تیۆری یادەوەری 
شوناسی مرۆڤ بەپێی تپەڕینی كات دروست دەبێت ‌و بەهۆی پەیوەندیی لەگەڵ ئەو یادەوەرییانەی كە هەست لە ساتی جیاوازدا تۆماریان دەكات، لە دۆخی بەردەوامدا دەبێت، تاوەكو لە كۆتاییدا ئەو یادەوەرییانە بە یەكتریەوە پەیوەستدار ببنەوە.
ئایا ئەو كاتەی مرۆڤ یادگەكەی لەدەست دەدات، چی روو دەدات؟ یان ئێمە بەر لە بیركەوتنەوەی یادەوەرییەكانمان چی بووین، ئایا لەو دۆخانەدا بێ شوناسی كەسێتی بووین؟ ئەم بۆچوونەش یەكێك لەو ناڕەزایەتییە گەورانە بوو بەرامبەر بە «تیۆری یادەوەری»‌و بە یەكەوە بەستنەوەی یادەوەرییەكان، لەبەرئەوەی زۆر لە «تیۆری جەستە» جیاواز نییە، چونكە دواجار مرۆڤ لە رێگەی جەستەیەوە هوشیارییەكەی بەدەستدێنێت‌ و یادەوەرییەكانی تۆمار دەكات.

دەرەنجام
لە كۆتاییدا مرۆڤ ژیانی خۆی لەسەر ژینگەی دەوروبەری ‌و بەبێ هیچ بەڵێنێك بونیاد دەنێت‌ و بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت كە هەمان كەسە بەبێ هیچ گۆڕانێك، لەسەر ئەو بنەمایەش پەیوەندییەكانی دروست دەبن‌ و بازنەی ژیانی فراوان دەبێتەوە، ئەو كاتەش بەرێوەبەرەكەت بەڵێنت پێدەدات كە كارێكت پێبدات، چونكە لەسەر هەمان ئەو میتۆدە بەردەوامیت كە ئێستا كاری پێدەكەیت، هەروەها پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانیشمان لەسەر ئەو بنەمایە دروست دەبن‌ و پێكدێن، كە ئێستا لەسەری دەڕۆین.
بەڵام ئەگەر ئەوەی پێشوو گۆڕا‌و هەندێك كەس نەیانتوانی لەسەر بەڵێنەكەیان بن‌ و پارێزگاری لە شوناسی خۆیان بكەن، ئەو كاتە چی روودەدات؟  لەبەر ئەو پرسیارەیە شوناسی كەسێتی، بە كردەوە بابەتێكی سەرەکییە بۆ چۆنیەتی بڕیاردان لەبارەی شێوازی ئەو ژیانەی دواتر دەمانەوێت بەرجەستەی بكەین، تا ئێستاش فەلسەفە لە كردنەوەی گرێوگۆڵ‌ و گرێكوێرەی نادیاریی شوناسی كەسێتی بەردەوامە.

سەرچاوە: کوردستانی نوێ