ئیسلامییەکان‌و بازرگانییکردن بەخوێن‌و کوشتن،(غەزە) بە نمونە

 

بارزان شێخ عوسمان

 

بە درێژایی هەفتاو هەفت ساڵەی دەوڵەتی ئیسراییل ،  هێزە عەرەبییەکانی فەڵەستین و  نیشتمانی عەرەب چ بە هات وهاوار و ریزکردنی رستە و وشەی ئینشایی و وروژێنەری ناسیۆنالیستیی و ئاینیی ،چ بە رفاندنی فڕۆکە و بە بارمتەکردنی خەڵکی مەدەنیی یا بە هێرش و پەلاماری خۆکوژیی و سەربازیی ، لە مەینەتیی زیاتر بۆ گەلی فەڵەستین و مەسەلە رەواکەی   و لەدەستدانی  جوگرافیای زیاتر هیچ دەستکەوتێکیان  نەبوە .  

بۆ راڤە کردنی ئەو پەرەگرافەی سەرەوە سەدان کتێب و هەزاران سەعات  سیمینار و گفتوگۆ لەبەر دەستدان ،بۆیە راستەوخۆ دێمە سەر قومارەکەی تۆفانی الاقصی کەی حماس و سەرەزلەکانی تێرۆر لە یحیی سینوار تا هەنیە  بگرە تا محمد زەیف و ئەوانیتر کە   هەفت سەد و بیست رۆژە زیاترە  خوێنی لەبەر دەچۆڕێت و  هەزاران مرۆڤ  بە کوشتن دران ،سەدان هەزار مناڵ و ژن و بەساڵاچوی تیادا برسیی و بێ دەرەتان کردوە . 
 

حماس کە بۆ لاواز کردنی رێکخراوی رزگاریی فەڵەستین و هێزە چەپەکانی فەڵەستین دروست کرا  ،  هیچ باکی  بەو کارەساتانە نییە کە بەسەر خەڵکی بێ دیفاعی کەرتی غەزەدا دێت ، چونکە ئەویش و تەواوی هێزە ئیسلامییەکان ، خێر و بەناوبانگ بونیان  لەو  تیجارەتی خوێنڕشتن و برسیی بونەدا دەبینن . 
 

هەر زو لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ وەك رۆژی روناك ئەوە دەبینرا کە  ئیسراییل بە لەدەستدانی  دوهەزار کەس   و ٢٥٠ بارمتەکراوەکەی ، بە بێ بەزەییانە و رەچاونەکردنی هیچ قانون ورێسایەك تۆڵە دەکاتەوە وەک ئێستا دەیبینین ، کەچی مونەزیر و موفەکیر و قەڵەم بەدەستانی ئیسلامییەکانی کورد تەنانەت هەندێکی تریش پەلامار دانەکەیان بە نمونەیەکی باڵای مقاوەمەتە بەچۆك هێنەرەکەی ئیسلامیی و گۆڕانێکی چۆنایەتیی لەقەڵەم دا . بەڵێ  ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەو گۆڕانەیە کە فەڵەستینییەکانی کەرتی غەزەی بەو دەردە بردوە ، هیچ مرۆڤێك کە مانای مرۆڤایەتی بزانێت حەزی پێ ناکات ، مەگەر حماس و هاو ئاوازەکانی  کە داوای زیاتری کوشتن و برسییکردن دەکەن تا بازاڕی  هەڕاجکردنی خوێنی ئەو خەڵکەیان باشتر بسوڕێت . 
 

ئەوەتا ئیسلامییەکانی لەمەڕ خۆمان لە هەرێمی کوردستان وەك چۆن حەمساوییەکانی غەزە سەرباری خوێن رشتن چاویان بڕیوەتە دو لەت نان و کیسەیەك خۆراکی خەڵك ، لە کوردستانیش وەك لە وتارەکانی کاک عەلی محمود لە سپی میدیا و بەڕێز د.امیر حسێن  لە وێستگە نیوزدا بینیم  ئیسلامییەکان  بە کۆمەك کۆکردنەوە  و باربۆ کردن  بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ  خەڵک فریو دەدەن هەندێکیشیان چاویان بڕیوەتە  ئەو دو پولەی کە خانەنشین و موچە خۆران دوای نەوەد رۆژ  وەریدەگرن .
 

ئاخر ئەوە کرۆك ناخ و ماهیەتی حزبە ئیسلامییەکانە کە هەمیشە فرسەت تەڵەبانە هەل دەقۆزنەوە  بۆ  تیجارەتەکەیان  تا مەیلی خەڵك بۆ ئیسلامێك رابکێشن کە هەمو کەس  دەزانێت سەرچاوەکەی لە کوێوەیە ، ئەو نەهامەتییە و ئەو مناڵانەی غەزە ، کە  ئەوان خەڵکی سادە و بێ ئاگای پێ دەخەڵەتێنن ، جیاوازە لەو مەینەتیانەی مناڵان و ژنان و بێدفاعەکانی تری  ئەو غەزەیەی  خەڵکی هوشیار و بە ئاگا و مرۆڤ دۆست دەیبینن . 
 

ئیسلامییەکان  بە هەستێکی  ئیخوانیی و داعشیی و لقەکانی تریانەوە  سەرنجی خەڵك رادەکێشن ،  بەو دڵرەقییەوە تیجارەت بە مناڵانی غەزە دەکەن کە حماس هاوسونفی خۆیانە ، نەك  بە گیانی مرۆڤ دۆستیی یا موسڵمانێتیی ، دەی باشە بۆچی داوای کۆمەك بۆ مناڵانی کۆبانی ، شەنگال  ناکەن  هەر لەبەر ئەوەی ئەوان قوربانیی  دەستی مامۆستا و هاوەڵەکانی  حماسن ؟!.
 

بەراستیی ئەو باندە ئیسلامییانەی دۆست و برای حماس زۆر فێڵبازانە  ختوکەی هەستی خەڵکی سادە دەدەن ،  یەکێکیان دەیوت کە ئەو مناڵانەی غەزە دەبینم خۆم پێ ناگیرێت !، ئەی بۆچی لە ئاست ماڵ و مناڵی خۆتدا  بێ دەنگیت کە پارەت پێ نییە داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێ بکەیت ، ئەی بۆچی لە ئاست  نەهامەتیی سەدان هەزار مناڵ و ژندا  فزە ناکەیت کە بەهۆی پیسبونی ژینگە  و دوکەڵی پاڵاوتگە بێ فلتەرەکان و کەمبونەوەی ئاوی پاکژ لە ئەنجامی ئەو هەمو سیتی و شوقانە توشی شێر پەنجە و چەندین نەخۆشیی تر بون ؟!. 
 

ئەو غەزە وێران و تارمایی مردوە، تێرۆریستانی حماس لێی بەرپرسیارن،  کە هەرگیز بۆ جارێکیش  ئەو تاجیرانەی خوێنڕشتنی لەمەڕ خۆمان  خۆیان لەقەرەی نادەن !. ئەوە حماسە کە  هەمیشە   پەیامی خوێنڕشتن زاخاوی مێشکی نەك هەر غەزەییەکان بەڵکو تەواوی  ناوچەکە دەدات ، کە سەرەنجام ئیسراییل قازانجی لێ دەکات و  بەرنامە و پلانەکانی خۆی زیاتر جێبەجێ دەکات .
 

هەر لەو روانگەیەشەوەیە کە  جیهانی شارستانیی لەگەڵ هاوسۆزیی بۆ مناڵانی غەزە و  سەرکۆنەکردنی ئیسراییل و داوای راگرتنی جەنگەکە، بەردەوام حەماسیش وەك تێرۆریست  دەناسن داوا دەکەن، غەزەی دوای جەنگ بێ حماس بێت ، کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەب بە هەمان شێوە داوای دورکەوتنەوەی حماس دەکات .

کەواتە  کۆمەك کردنی مناڵانی غەزە تەنیا و تەنیا بەو داوایە دێتە دی کە  جیهان دوپاتی دەکاتەوە ئەویش کۆتایی حماس و  هەمو چەکدارە خوێن  رێژ و مافیاکانی هاوبیچمی دورکەوتنەوەیانە لە مەیدانەکە ، نەك   خەم و مەینەتییەکانیان تیجارەتی پێوە بکرێت و لە شوێنێکی وەك هەرێمی کوررستان ئەو دوپولەی دەستی خانەنشینان و موچە خۆران  بدزرێت و بکرێتە خەڵات بۆ سەرەزلەکانی تێرۆری حماس !.

سەرچاوە  سپی میدیا