ئایە ئەبومحەمەد جۆلانی پێشینە و پەیوەندیی گوماناویی لەگەڵ ئەمریکا هەبووە ؟!

 

 

 

 

نیاز سەعیدعەلی

ڕۆژی (٢٠٢٥/٥/١)، لەسیمینارێکدا لەئەمریکا؛ (ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوە)، لە(بالتیمۆر)، لەویلایەتی (ماریلاند)، بانگهێشتی (ڕۆبەرت فۆرد)ی دیبلۆماتکاری بەئەزموون و باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لەسووریا (٢٠١١ - ٢٠١٤)ی کرد، بۆ پێشکەشکردنی سیمینارێک بەناوونیشانی (شۆڕشگێڕەکان لەسووریا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، ئەی لەئێستادا چی؟) . 

لەو سیمینارەدا ئەو دیبلۆماتکارە؛ کە لەڕابردوودا چەندین پۆستی وەکو دیبلۆماتکار و باڵیۆزو ڕاوێژکاری سیاسیی لەکاروباری دەرەوەدا پێڕاسپێردراوە؛ بۆ یەکەم جار ئەو نهێنیەی درکاند و باسی لەڕۆڵ و بەشداری خۆی کرد، لەچۆنیەتیی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و ئامادەکردنی کەسایەتیی (ئەبومحەمەد جۆلانی - ئەحمەد شەرعی ئێستا)، لەسەرکردەیەکی سەربازی و جیهادیەوە؛ بۆ سەرکردەیەکی سیاسی و میانڕەو، هاوکات بۆ مەبەستی ئامادەکردنی ناوبراو، بۆ بوون بە جێگرەوەی (بەشار ئەسەد)ی سەرۆکی پێسووی سووریا و کارکردن بۆ سڕینەوەی ناوی لەناو لیستی تیرۆردا .
 

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەو پەخشبوونی چەند دیمەنێکی ڤیدیۆیی تۆمارکراوی ئەو سیمینارە، لەمیدیا و تۆڕەکانی سۆسیال میدیادا؛ سەرۆکایەتیی کۆمار لەسووریا لەڕاگەیەندراوێکدا، بایەخ و گرنگی و کاریگەریی قسەکانی ناوبراوی لەو سیمینارەدا؛ کەمکردەوە و نادیدەی کردو بەشێوازێکی جیاوازتر، باسی لەسەردانەکانی (ڕۆبەرت فۆرد)، بۆ شاری (ئیدلب) لەساڵی (٢٠٢٣) و دیداری لەگەڵ (جۆلانی) کرد. 
 

لێرەدا دوو پرسیار ڕووبەڕووی سەرۆکایەتی کۆمار ئەبێتەوە؛ ئایە ئەو دیبلۆماتکارە گەورەیەی ئەمریکا، ئەتوانێت بە بێ پرس و ڕاوێژ، بە بێ ئاگاداری و تیشکی سەوزی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی؛ کار بۆ دەرکردنی ناوی (جۆلانی)، لەلیستی تیرۆر و ئامادەکردنی بۆ جێگرتنەوەی (بەشار ئەسەد) بکات ؟
 

ئایە ئەو دیبلۆماتکارە گەورەیەی ئەمریکا؛ لەسەر چ بنەمایەک و بە چ گرێنتییەک، لەساڵی (٢٠٢٣)دا، دووجار سەردانی شاری (ئیدلب)ی پایتەختی حکومەتی ڕزگاریی تاکڕەوی (بەرەی ڕزگاریی شام) ئەکات و لەگەڵ (جۆلانی) کۆئەبێتەوە، لەکاتێکدا ناوبراو ناوی لەلیستی تیرۆری ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە و خەڵاتێک لەلایەن ئەمریکاوە، بە بڕی (١٠) ملیۆن دۆلار دیاریکراوە بۆ هەرکەسێک؛ ئەگەر بتوانێت بە پێدانی زانیاری، هاوکار بێت بۆ دەستگیرکردن، یان لەناوبردنی (جۆلانی)؟!

سەرچاوە : سپی میدیا