100 ساڵ بەسەر پەیماننامەیەکی شووم بۆ دۆزی كورد تێپەڕدەبێت كە ناسراوە بەپەیماننامەی لۆزان، پێویستە بەرلەوەی باسی ئامانجەكانی پەیماننامەكەمە بكەین، بگەڕێینەوە بۆ باسكردن لە پەیماننامەیەكی تر بەر لە لۆزان، ئەویش پەیماننامەی سێڤرە.
براوەكانی جەنگی یەکەمی جیهان بڕیاری دابەشكردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانییان دا. ئەو پەیماننامەیە هەلی بۆ گەلی كورد رەخساند داوای مافی خۆی و قەوارەیەكی سەربەخۆ بكات، بەڵام بەرلەوەی كە بڕواتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەبار برا.
لەو پەیماننامەیەدا توركەكان دەستبەرداری ئەو خاكە بوون كە دەستیان بەسەردا گرتبوو. كە بەشێك لەو خاكە بریتیبوو لە خاكی كوردستان، كە بەپێی مادەكانی (62.63.64) دەرفەت بە كورد درا قەوارەیەكی سەربەخۆ بۆخۆی دروست بكات.
هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەکە
شارەزایانی مێژوو كۆمەڵێك هۆكار باس دەكەن، بەڵام هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی سەرەكیترین هۆكار بۆ كۆتاییهاتنی پەیماننامە سێڤر، دەوڵەتی توركیا بوو كە هەموو هەوڵێكی خستەگەڕ بۆ رازیكردنی دەوڵەتانی زلهێزی ئەوكاتە بە تایبەتی براوەكانی جەنگی یەکەمی جیهان، بۆئەوەی لانیكەم ئەو مادانە هەڵوەشێنرێنەوە كە تایبەتن بەوەی كەمە نەتەوایەتییەكان نەگەن بە مافی خۆیان لە سەرووی هەموویانەوە گەلی كورد، كە توركیا لە هەموان زیاتر بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانی. چونكە خاكێكی زۆری كوردستانی گەورە دەكەوتە ژێر دەسەڵاتی توركەكانەوە. دواجار پاش هەوڵێكی زۆر توانیان سەركەوتوو بن لەوەی كە زلهێزەكان رازی بكەن پەیماننامەیەكی نوێ بهێننە ئاراوە كە ناسرا بە پەیماننامەی لۆزان.
جیاواز لە گوشارەكانی توركیا، زلهێزەكانیش گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی پەیماننامەی سێڤر بەرژەوەندییەكانیان دەستەبەر ناكات و لە داهاتوودا رۆڵیان لە ناوچەكە بە تەواویی لاواز دەکات، بۆیە كەوتنە ژێر كاریگەریی گوشارەكانی توركیاوە.
ئیمزاكردنی پەیماننامەی لۆزان
پەیماننامەی لۆزان خەونی كوردی بۆ دروستكردنی قەوارەیەكی سەربەخۆ لەبار برد. توركیا سەركەوتووترین لایەنی ناو پەیماننامەكە بوو كە لە رۆژی 24/7/1923 لە شاری لۆزانی سویسرا ئیمزا كرا.
هۆکاری ئەوەش كە دەڵێین توركیا سەركەوتووترین لایەن بوو، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە رێكەوتنامەی سێڤردا خاكی ئەوكاتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی پارچە پارچە كرابوو. بۆیە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن مستەفا كەمال-ەوە شەڕێكی گەورەی بۆ گێڕانەوەی خاكی لەدەستچووی توركەكان بەرپاكرد و توانی بەشێكی زۆر لەو خاكە بگەڕێنێتەوە، هەربۆیە ئەمەش وایكرد وڵاتانی براوەی جەنگی یەکەمی جیهان مل بۆ داواكانی توركیا بدەن و پەیماننامەیەكی نوێ ئیمزا بكەن. هەرچەندە لە پەیماننامەی لۆزاندا توركیا بەڵێنی ئەوەی دا رێز لە مافی سەرجەم كەمە نەتەوایەتییەكان بگرێت لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا، بەڵام ئەمە تەنیا لەسەر كاغەز مایەوە.
یەكێك لەو گەلانەی كەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی توركەكانەوە، كورد بوو. بەڵام لە هیچ بڕگەیەكی پەیماننامەکە باسی زامنكردنی مافەكانی گەلی كورد نەكراوە، بگرە لەدوای پەیماننامەکە، توركەكان رووبەڕووی هەموو ئەوانە بوونەوە كە باسیان لە دەستەبەركردنی مافەكانی كورد دەكرد لەژێر دەسەڵاتی مستەفا كەمال ئەتاتوركدا.
پەیماننامەی لۆزان راستییەكی گەورەی دەرخست هەموو ئەو دەوڵەتانەی باسیان لە ئازادیی گەلان و دیموكراسی و مافی مرۆڤ دەكرد، راستگۆ نەبوون، ئەو دەستەواژانە تەنیا دروشم بوون بۆئەوەی یاری بە سایكۆلۆژیای گەلانی ژێردەستە بكەن و بۆ خۆشیان بگەن بە ئامانجەكانیان.
دۆزی كورد دوای 100 ساڵ لە پەیماننامەی لۆزان
دوای 103 ساڵ لە پەیماننامەی سێڤر و 100 ساڵ لە پەیماننامەی لۆزان، دۆزی كورد هەر بە ناڕوونی ماوەتەوە تا ئەم ساتەش كورد بە شێوەیەكی گشتی نەگەیشتووە بە مافە رەواكانی خۆی، جگە لەوەی لە باشووری كوردستان قەوارەیەكی نیمچە سەربەخۆ لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا چێکردووە، لە بەشەكانی تر كە خاكی كوردیان بەسەردا دابەشكراوە گەلی كورد نەگەیشتووە بە هیچکام لە مافە رەواكانی خۆی. هەرچەندە لە رۆژئاڤای كوردستانیش دوای هاتنە ئارای گرژییەكانی ناوخۆی سوریاوە، كورد تاڕادەیەك دووركەوتۆتەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق، بەڵام نەیانتوانیوە قەوارەیەکی دروست بكات، بەڵكو تەنیا وەك هێزێكی سەربازیی هەوپەیمان لە جەنگی دژبە تیرۆری داعش لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
زۆرێك لە شارەزایانی دۆزی كورد باس لەوە دەكەن کە هۆکاری نەگەیشتنی کورد بە مافەكانی ناكۆكیی ناوخۆیانە، راستە ئەمە هۆكارێكی گەورە بووە، بەڵام وڵاتانی زلهێزی ناوچەکە و جیهانیش، نەیانهێشتووە كورد بگاتە مافەكانی خۆی. چونكە دروستكردنی دەوڵەتێكی گەورەی كورد كە هەموو خاكی كوردستانی گەورە بگرێتەوە بە مەترسی گەورە زانراوە بۆسەر خۆیان كە ناتوانن كۆنترۆڵی ناوچەكە بكەن. بۆیە زیاتر كوردیان وەك چەكێك بەكارهێناوە بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكانیان، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار لە رابردوودا هۆز و تیرەكانی كوردیان دژبە یەكتری بەكارهێناوە.
هەوڵیانداوە هەمیشە نائارامیی لە نێوان كورددا لەئارادابێت و كاریان لەسەر تۆخكردنەوەی دووبەرەكی و رق و كینە كردووە لە نێویاندا.
بەداخەوە دوای 100 ساڵ لە پەیماننامەی لۆزان تائێستا كورد لە دۆخێكی نائارامدایە و یەكێكە لەو گەلانەی بەدرێژایی 100 ساڵی رابردوو مافەكانی زەوت دەكرێت.
ئێستاش هەوڵ هەیە قەوارەی باشووری كوردستانیش لاوازتر بکرێت. بۆ ئەو مەبەستەش نەیارانی كورد وەك هەمیشە بۆئەوەی بگەنە مەرامەكانیان، كار لەسەر گرفتە ناخۆییەكانی كورد دەكەن و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە ئەگەر قەوارەی هەرێمی كوردستانیش نەڕوخێنن، وای لێبكەن بەتەواویی لاواز ببێت و بیخەنە ژێر گوشار و مەرجەکانی خۆیانەوە.
بۆیە جێی داخە دوای 100 ساڵ، هێشتا ئێمە هەر لە هەمان بازنەدا دەخولێینەوە و بیری تەسكی حزبابەتی و خۆ بەگەورەزانی لایەنێك بەسەر لایەنەکانی تردا، هەرێمی بەرەو ئایندەیەکی نادیار بردووە.
جێی خۆیەتی لایەنەكان پەند لەوە وەربگرن كە 100 ساڵە دووبەرەكی ناوخۆیی كورد هیچی بەدەست نەهێناوە، ئەگەر ئەو كەلتورە درێژەی هەبێت، تاكە بەشی ئازادكراوی خاكی كوردستانیش كە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید هاتۆتە ئاراوە، بە هەمان شێوەی پەیماننامەی سێڤر پەیماننامەیەكی نوێ كۆتایی بەم قەوارەیەش بهێنێت.
سەرچاوە : کوردستانی نوێ