بەبەشداری هونەرمەندانی كورد و شارەكانی عێراق، پێشانگایەكی شێوەكاری لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو، تەواوی تابلۆكانی ناو پێشانگاكە گوزارشتی لە خەم و ئازارەكانی گەلی كورد و هەڵەبجە دەكرد.
ئەمڕۆ لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە، یەكەمین سیمپۆزیۆمی هونەریی كە پێشانگایی شێوەكاری بوو، بۆ ١٦ هونەرمەندی شێوەكاری كورد و عەرەب بەڕێوەچوو.
كۆمەڵێک هونەرمەندی عێراق و هەرێمی كوردستان بەشدارییان لە پێشانگاکەدا كردووە و سەرجەم تابلۆ نمایشکراوەکانیش گوزارشتیان لە ئازارەكانی هەڵەبجە و گەلی کورد دەکرد.
حیكمەت هندی، هونەرمەند و شێوەكار، کە خۆی بە چەند تابلۆیەک بەشدارە لە پێشانگاکەدا، بۆ ڕۆژنیوز وتی، “ئێمەی هونەرمەندان توانیومانە لەڕێگەی ڕەنگە جیاوازەكانەوە ئەو هەستە بۆ ئازاری هەڵەبجە دەرببڕین، چونكە هەڵەبجە شارێكی بریندارە و دەبێت هونەرمەندان لە ڕێگەی هونەرەوە ئازارەكانی كەمبكەنەوە، هونەر زمانی قسەكردنە”.
لای خۆشییەوە حەمەی حەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەشداریی لە كردنەوەی پێشانگاكەدا کردبوو، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا وتی:”لەگەڵ دروستبوونی کابینەی نوێی حكومەتی عێراق، دوو جار لەگەڵ وەزیری ڕۆشنبیریی عێراق كۆبونەوەمان كردووە، گلەییمان هەبووە لە كاری هاوبەشی هونەرمەندانی هەردوولا لە ڕابردوودا، بۆیە بڕیارمانداوە پێكەوە كاری هاوبەش بكەین”.\
سەرچاوە: rojnews