لەگەرمیان بەپێشانگایەکی فۆتۆگرافی بەناونیشانی ژن، ژیان، ئازادی کرایەوە

پێشانگایەکی فۆتۆگرافی، بە وێنەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و وێنەی ژینا ئەمینیی کرایەوە و پشتیوانی بۆ ناڕەزایەتیەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوپاتکرایەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، لەشارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر و ڕێکخراوی چاند وهونەری ژن لەباشور، پێشانگایەکی فۆتۆگرافیان کردەوە.

لەپێشانگاکەدا، چەندین وێنەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و وێنەی ژینا ئەمینی و شەهید ناگیهان ئاکار و شەهیدانی دیکەش ژن، نمایشکران.

سوهام مەحمود، وەک ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە وتەیەکدا ڕایگەیاند:  شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بەدەستی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران لەسەر لەچککردن، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەئێران وجیهان دروستکرد و ئەمە یەکەمجار نیە ژن بەو شێوە دڕندانە بکوژرێن و لەجیهاندا ڕۆژانە ژنان دەکوژرێن و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی سەرمایەداری و عەقڵی پیاوسالاری.

وتیشی: سیستەمی سەرمایەداری  بەگشتی قەیرانی زۆر گەورە دروست دەکات، لەڕووی ئابوری، سیاسی، ئاینی، کۆمەڵایەتیەوە، ئەتوانین بڵێین ئەم هەموو قەیرانە بۆ کۆماری ئێرانیش هەروایە، بەتایبەتی لەڕووی ئابوری و کۆمەڵایەتی.

ئاماژەی بەوەشدا، لەکۆمەڵگای ئێران و بەتایبەت کورد بەفکری ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان زۆر گۆڕانکاری دروستکرد، بەتایبەت دروشمی ژن ژیان ئازادی، بۆ زیاتر لەمانگێکە کاریگەرییەکانیمان پیشان دەدات.

 

سەرچاوە: rojnews