یه‌شار که‌مال 70 ساڵ به‌تورکی چیرۆکی کوردی گێڕایه‌وه

"ئه‌گه‌ر یه‌کێک کتێبه‌کانم بخوێنێته‌وه‌ ناتوانێت بکوژ بێت، خوێنه‌ره‌کانم ده‌بێت دژی جه‌نگ بن، ده‌بێت ڕوبه‌ڕوی به‌که‌م سه‌یرکردنی ئینسان بن بۆ ئینسانێکی تر، نابێت هیچ که‌سێک به‌چاوێکی نزم سه‌یری یه‌کێکی دیکه‌ بکات‌و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی بدات، ده‌بێت رێگریی بکرێت له‌حکومه‌ت‌و ده‌وڵه‌ته‌کان که‌ هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌ده‌ن". 


ئه‌مه‌ ئه‌و وشانه‌بو که‌ یه‌شار که‌مال ئاراسته‌ی خوێنه‌رانی کرد له‌مانگی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 2014دا له‌زانکۆی بیک له‌ئه‌سته‌نبوڵ کاتێک ئه‌و زانکۆیه‌ بڕوانامه‌ی فه‌خریی به‌خشییه‌ ئه‌و نوسه‌ره‌.
یه‌شار که‌مال ناوێک نییه‌ پێویستی به‌ناساندن بێت. ئه‌و، هه‌رچه‌نده‌ کوردبو، به‌ڵام به‌تورکیی ده‌ینوسی، له‌ماوه‌ی ژیانیدا زیاد له‌20 رۆمانی بڵاوکردونه‌ته‌وه‌و رۆمانه‌کانی بۆ زۆربەی زمانە زیندوەکانی جیهانیی وه‌رگێڕدراون‌. 
بۆ نوسینه‌کانی، چه‌ندین خه‌ڵاتی وه‌رگرتوه‌، له‌گرنگترینیان خه‌ڵاتی ئاشتیی بو له‌ئه‌ڵمانیا.
یه‌شار که‌مال که‌ به‌یه‌کێک له‌به‌ناوبانگترین قه‌ڵه‌مه‌کانی ئه‌ده‌بیاتی مۆدێرنی تورکیا داده‌نرێت، له‌ساڵی 1923 له‌گوندێکی کوردستانی باکور له‌دایک ده‌بێت.
له‌ته‌مه‌نێکی لاوییه‌وه‌ ده‌ست ده‌کات به‌خوێندنه‌وه‌ی ‌نوسه‌ره‌ ناودا‌ره‌کانی وه‌ک، زۆلا، مۆلێر، تۆلستۆی، چیخۆف، گۆگۆڵ‌و شکسپیر. 
له‌ساڵی 1946 کاتێک ده‌که‌وێته‌ ‌نوسینی چیرۆک‌و رۆمان، یه‌شار ڕوبه‌ڕوی ئه‌و پرسیاره‌ بوه‌وه‌، "به‌ چ زمانێک بنوسم؟" دۆخی ئه‌و کاته‌ی وڵاتی تورکیا، ئه‌و نوسه‌ره‌ کورده‌ی ناچار کرد که‌ به‌زمانی دایکی کتێبه‌کانی نه‌نوسێت.
هه‌رچه‌نده‌ به‌تورکیی ده‌ینوسی، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر دۆزی کورد له‌تورکیادا بێ ده‌نگ نه‌بوه‌.
له‌ساڵی 1995 یه‌شار که‌مال له‌وتارێکیدا له‌ژێر ناونیشانی "کێڵگه‌کانی مردن" که‌ له‌گۆڤارێکی ئه‌ڵمانیدا بڵاویکرده‌وه‌، باسی له‌هه‌مو زوڵمه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورک‌و خه‌مه‌کانی کورد ده‌کرد له‌و کاته‌دا. ئه‌و وتاره‌ له‌ناوه‌نده‌کانی رۆشنبیریی ئه‌ڵمانیی‌و کوردیی‌و تورکییدا، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی زۆری به‌دوای خۆیداهێنا. 
له‌و کاته‌دا یه‌شار که‌مال له‌وتاره‌که‌یدا نوسیبوی 
"به‌بێ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد به‌رێگایه‌کی ئاشتیانه، ‌هیچ ئومێدێک بۆ تورکیایه‌کی دیموکراتی نییه‌". وا له‌دوای زیاد له‌20 ساڵ له‌و وتاره‌، هه‌موان له‌و هه‌قیقه‌ته‌ گه‌ییشتون.
هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ر ئه‌و وتاره‌ ده‌وڵه‌تی تورک یه‌شاریان تۆمه‌تبارکرد به‌به‌زاندنی هێڵی سوری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام به‌هۆی بونی پشتگییرییه‌کی به‌رچاو له‌ناو نوسه‌رانی جیهاندا بۆ ئه‌و نوسه‌ره‌، ده‌وڵه‌ت نه‌یتوانی هیچ شتێکی به‌رامبه‌ر بکات.
 یه‌شار که‌مال ساڵی 2015 له‌ته‌مه‌نی 91 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، به‌ڵام وه‌ک هه‌ر نوسه‌رو داهێنه‌رێکی دیکه‌، ئه‌و به‌یه‌کجاری نامرێت‌،به‌ڵکو کتێب‌و کاره‌کته‌ری رۆمانه‌کانی بۆ زه‌مه‌نێکی زۆر دورتر له‌ژیاندا ده‌یهێڵنه‌وه‌.

سەرچاوە : گۆڤاری ئاوێنە