كه‌ركووك.. یادی 41 ساڵه‌ی كۆچی دوایی عه‌لی مه‌ردان ده‌كرێته‌وه‌

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سه‌رله‌به‌یانیی یادی 41 ساڵی پاشای مه‌قام عه‌لی مه‌ردان له‌ كه‌ركووك بكرێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ناوه‌ندی عه‌لی مه‌ردان بۆ مه‌قام به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌و رێوڕه‌سمه‌دا چه‌ند وتارێك له‌باره‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێن و وه‌ك رێزێك له‌ به‌رانبه‌ر به‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك راده‌وه‌ستن.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 24ی ته‌مووز، ناوه‌ندی عه‌لی مه‌ردان بۆ مه‌قام له‌ كه‌ركووك، یادی 41 ساڵی مامۆستای مه‌قام به‌گشتی و مه‌قامی كوردی به‌تایبه‌ت ده‌كاته‌وه‌، بڕیاره‌ له‌ سه‌عات 10ی سه‌رله‌به‌یانی له‌ سه‌نته‌ری رۆشنبیریی كه‌ركووك رێوڕه‌سمه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت.

هونه‌رمه‌ند نووره‌دین جاف كه‌ به‌رپرسی ناوه‌ندی عه‌لی مه‌ردان بۆ مه‌قامه‌، بۆ "وشه‌" گوتی، شانازین كه‌ ساڵانه‌ یادی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌مڕۆیش كه‌ یادی 41 ساڵی كۆچی دوایی عه‌لی مه‌ردانه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ وه‌ك شانازییه‌ك یادی ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌ رێوڕه‌سمه‌دا چه‌ندان وتارێك پێشكه‌ش ده‌كرێن كه‌ له‌لایه‌ن ناوه‌ندی عه‌لی مه‌دان بۆ مه‌قام و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك ئاماده‌ كراون.

جاف به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ دووپاتی كرده‌وه‌، جێی داخه‌ كه‌ ده‌بوو وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی هه‌رێم ساڵانه‌ ئه‌گه‌ر فێستیڤاڵیش نه‌بوایه‌، به‌لای كه‌مه‌وه‌ له‌ ئاهه‌نگێكی شایسته‌دا یادی عه‌لی مه‌ردانی له‌ كه‌ركووك بكردایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ و ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ی په‌راوێز خستووه‌، له‌ كاتێكدا هه‌موو ده‌زانن ئه‌و هونه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ی عه‌لی مه‌ردان پێشكه‌شی هونه‌ری كوردیی كردووه‌، بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین قوتابخانه‌.

جاف زیاتر گوتی، مایه‌ی شه‌رمه‌ بۆ وه‌زیری رۆشنبیری و ئه‌و راوێژكارانه‌ی له‌و وه‌زاره‌ته‌ كار ده‌كه‌ن، كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك عه‌لی مه‌ردانیان له‌ بیر ده‌چێت یان فه‌رامۆشی ده‌كه‌ن، به‌لای ئێمه‌وه‌ وه‌ك هونه‌رمه‌ندان له‌ كه‌ركووك، سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه‌ ته‌نانه‌ت یه‌ك كه‌سیش له‌و وه‌زاره‌ته‌، ئه‌و یاده‌ی له‌ بیر نه‌بووه‌.

"ئه‌وه‌ی تا ئێسته‌یش ئێمه‌ وه‌ك ناوه‌ندی عه‌لی مه‌ردان بۆ مه‌قام له‌ كه‌ركووكدا ساڵانه‌ كردوومانه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان له‌ ده‌ست هاتووه‌ كه‌ به‌ رێز و شانازییه‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ی عه‌لی مه‌ردان رابوه‌ستین و سڵاو بۆ رۆحی بنێرین، خۆزگه‌ بۆ ساڵانی داهاتوو ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ یادی عه‌لی مه‌ردان له‌ بیر خۆیان نه‌به‌نه‌وه‌". نووره‌دین جاف وای گوت.

عه‌لی مه‌ردان كه‌ گۆرانیبێژ و مه‌قامبێژێكی گه‌وره‌ی كورده‌، له‌ ساڵی 1904 له‌ دایك بووه‌ و له‌ 24ی ته‌مووزی 1981 له‌ به‌غدا كۆچی دوایی كردووه‌، دواتر ته‌رمه‌كه‌ی هێنراوه‌ته‌ كه‌ركووك و له‌ گۆڕستانی شێح محێدین به‌خاك سپێراوه‌.

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ زۆربه‌ی مه‌قامه‌ عێراقی و كوردییه‌كانی تۆمار كردووه‌ كه‌ ده‌یان مه‌قام ده‌بن، جیاله‌وه‌ی چه‌ندان قوتابیی له‌و بواره‌دا په‌روه‌رده‌ كردووه‌ كه‌ دواتر وه‌ك هونه‌رمه‌ندی باڵای هونه‌ری كوردی ده‌ركه‌وتوون، نموونه‌یان حوسێن عه‌لی و خه‌لیل موراد وه‌ندی و زۆری تر. تا ئێسته‌یش زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ بواری گۆرانیدا، لاسایی رێچكه‌كه‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌ یان گۆرانییه‌كانی به‌شێوه‌ی مۆدێرن نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

 

سەرچاوە: wishe