تەمەنی هەریەك لە ئێمە بەشێوەیەكی ئاسایی بەرەو هەڵكشان دەچێت، ئەوە مرۆڤ خۆیەتی گەورەیی بەتەمەنی دەبەخشێت، راستە دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیان هۆكارێكی گرنگن بۆ بەردەوامی و بەرەوپێش چوونی تەمەن و تەنانەت مسۆگەربوونی ژیانێكی خۆش، بەڵام زۆر گرنگە مرۆڤ ئەو تەمەنە كەمەی كە هەیەتی و دەژی خۆی بێت و بتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێت و گەورەیی بە تەمەن و ژیانی خۆی بدات.
تۆ خۆت وەك هەسارەیەك نمایش بكە و خولگەیەك بۆ خۆت بنیات بنێ، چونكە هەمیشە ئەوانەی لە خولگەی خۆیاندا دەسووڕێنەوە دەزانن بەدەوری چیدا دەسووڕێنەوە، سووڕانەوە لە خولگەی خۆتدا زۆر نایابترە لە سووڕانەوە لە خولگەی ئەوانی تردا، ئەوانەی خۆیان خەونیان هەیە و هەوڵی بەدیهێنانی دەدەن گەورەترین لەوانەی لەهەوڵی بەدیهێنانی خەونی كەسانی ترەوەن و خۆیان بێ خەون و ئامانجن، گەورەیی ئەوەیە بەرەو خولگەی مرۆڤ بوون و مرۆڤایەتی بچیت و ئامانجی مەزنت هەبێت.
تۆ خۆت دەرفەتەكانت دروست بكە، چاوەڕێ مەكە كەسانی تر دەرفەتت بۆ دروست بكەن، بەدروست كردنی كەسایەتی خۆت گەورەیت پیشانی ئەوانی تر بدە، ئەوانەی ناتوانن ئیدارەی ژیانی خۆیان بدەن هەرگیز ناتوانن ئیدارەی كۆمەڵگەكەیان بدەن و ناتوانن ببنە كەسانی گەورە، چونكە گەورەكان ئەوانەن كە دەتوانن دیدگای تایبەتی خۆیان هەبێت و بەتێڕوانینی خۆیان ببنە سەركردەی خۆیان و پێشەوا و پێشڕەوی كۆمەڵگە بكەن، كەسانی گەورە دەزانن چۆن نەخشەی گەورەبوونی ژیانیان دەكێشن.
كەسانی گەورە ئەوانەن متمانەیان بەخۆیان هەیە، خۆیان دەزانن كێن و چیان دەوێت، بەرچاویان روونە و بەپلانەوە تێدەكۆشن، گرنگە لەژیان دا بزانیت دەبیت بەكێ، گرنگ نییە خەڵكی چۆن لێت دەڕوانن و چیت پێدەڵێن، گرنگ ئەوەیە تۆ چۆن گەورەیی خۆت لەكۆمەڵگە دا دەسەلمێنیت و چی بەوانی تر دەبەخشیت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە چۆن دەتوانیت لە ژیان دا ببیت بەو كەسەی هەمیشە ئەوانی تر چاوەڕێی كاری گەرەت لێ بكەن و هەمیشە خاڵێكی گەش بیت بە ئاسۆی ژیانەوە.
سەرچاوە : کوودستانی نوێ