موعتەسەم ساڵەیی
تاوەكو ئێستا بنەڕەتی ناوی شاری كەركوك و مێژووی دامەزراندنی بەتەواوەتی ڕوون نەبۆتەوە. چەند نووسەر و مێژوونووسێكی بیانی و كورد لەبارەی ئەم شارە دێرینەوە بابەتی چڕوپڕیان تۆماركردووە كە مایەی تێڕامانن. بەتایبەتی مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی و تۆفیق وەهبی و دكتۆر جەمال ڕەشید و دكتۆر كەمال مەزهەر و عبدالرقیب یوسف لەسەرووی ئەو نووسەرە بەڕێزانەوە دێن. سەبارەت بەبنەڕەتی ناوی كەركوك مامۆستا تۆفیق وەهبی وەهای بۆدەچێت لە وشەی (كەر)ەوە وەرگیرابێت كە بە زمانی ئاشووری بە مانای (قەڵا) دێت. بەڕێز دكتۆر جەمال ڕەشیدیش وەهای تێدەگات كە گۆتیەكان كۆنترین دانیشتووانی شارەكەن و هەر ئەوانیش لەنێوان ساڵانی (3500 – 4500 پ. ز) قەڵای كەركوكیان بنیات نابێت. وەك لەلای هەمووانیش ئاشكراو ڕوونە پایتەختی گۆتیەكان (ئەرابخا) بووە، كە ئێستا پێی دەوترێت گەڕەكی (عەرەفە) و دەكەوێتە تەنیشتی ناوچەی باوەگوڕگوڕی نەوتییەوە. مێژوونووسی یۆنانی (پلۆتارخ 50 – 125 ز) كاتی خۆی سەردانیی ڕۆژهەڵاتی كردووە و ناوچەی (باوەگوڕگوڕ)ی بەناوی (كوركورا korkoura) تۆمار كردووە، كە ئەم شوێنەیش لەگەڵ ئەرابخا بەشێك لەناوچەی ساترابی میدییان پێكهێناوە. دكتۆر جەمال رەشید وەهای بۆدەچێت كە وشەی (كەركوك)ی ئێستا هەر لەو ناوە كۆنەوە سەریهەڵدابێت، لە پاشاندا پاشگری زاگرۆسی (ak-uk)ی وەرگرتبێت و بووبێت بە (كەركوك karkout) یاخود (korkour-uk) و دواتریش بووبێت بە (كەركوك). سۆمەرییەكان ناوی شارەكەیان بە (دیمتو كرخی شیلواخو) بردووە، بەمانای قەڵاو دیوار دێت. سلوكیەكانیش پێیان وتووە شاری (كرخ بیت سلوق) ساسانییەكانیش ناوچەی كەركوكیان ناوناوە (گەمەركان Gamarkan) . هەروەها سەرچاوە سریانییەكانیش ناوی كەركوك و دەوروبەریان نابوو (باپ گەرمە – Beth Garme). ئەوەی شایانی باسە ئەم دوو ناوە كۆنانە لە وشەی (گەرمیان)ی ئێستاوە زۆر نزیكن.. پاشتریش موسوڵمانەكان بەشاری كەركوكیان دەووت (كەرخینی)
گەر بڵێین كەم ناوچە و دەڤەر و شار لە سەرانسەری دنیا لەسەر گۆی زەوی هەن، كە بە قەد شاری كەركوك و دەوروبەری دەوڵەمەند و بەپیت و بەرەكەت بێت، بێگومان لەم بۆچوونەماندا هەرگیز زیادەڕۆییمان نەكردووە. خێروبێری شارەكە ئەوەندە زۆرە بەڕادەیەك بەهیچ كلۆجێك ناپێورێت. بۆ نموونە بەڕێژەیەیەكی زۆر یەدەگی نەوت و غازی جیهان لەم شارەدایە. لەڕووی پیشەسازییەوە بۆی هەیە سوود لە خاك و خۆڵی دەوروبەری شارەكە وەربگیرێت و، كارخانە و كۆمپانیای جۆراوجۆر بۆ دروستكردنی چینی و فەخفوری و سیرامیك دابمەزرێت .
كاتی خۆی مێژوونووسی گریكی (هیرۆدۆت) وتویەتی (وڵاتی میسر بەخشندەی ڕووباری نیلە) بەو مانایەی كە ئەو ڕووبارە بۆتە هۆی ئاوەدانكردنەوە و سەرچاوەی ژیان لە وڵاتی میسردا. گەر ئەو ڕووبارە لەو وڵاتەدا نەبووایە ئەوا بێ سێ و دوو ئێستا وڵاتێك بەناوی میسرەوە نەدەبوو، بەڵكو لەوێدا ناوچەیەكی پان و بەرینی بیابانی بێ گیان دەهاتە ئاراوە.. ئێمە مافی خۆمانە نەك بەتەنیا بە یەك تاقە ڕووبارەوە، بەڵكو بە چەندین سەرچاوە ئاوییەوە لە شاری كەركوكدا شانازی بكەین. ئەوەتا لە رۆژئاوای شاری كەركوكدا زێی خواروو شارۆچكەی پردێ دەبڕێت و بەرەو قەزای دووبز شۆڕ دەبێتەوە تاوەكو دەگاتە قەزای حەویجە و لە پاشاندا تێكەڵ بە ڕووباری دیجلە دەبێت. لەسەرووی شارۆچكەی دووبزەوە پرۆژەی ئاودێری كەركوك لەسەر ئاوی زێ سەرچاوە دەگرێت و دەتووانێت ناوچەیەكی پان و بەرینی زۆر ئاودێر بكات و بژێوی بهێنێتە كایەوە. بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا بەپێی پێویست لەڕووی كشتوكاڵییەوە سوودی تەواو لەو پرۆژەیە وەرنەگیراوە. هەروەها ئاوی خڕی خاسەیش شاری كەركوك دەبڕێت، بۆی هەیە سوود لە ئاوەكەی وەربگیرێت و بەربەستی تۆكمە و پڕ بایەخ لەسەری دابمەزرێت. ئەوانەی سەردانی وڵاتی ئوردونیان كردووە، دەگێڕنەوە و دەڵێن كە چۆمی ئوردون (غور الاردن) كە ئێستا بۆتە مایەی كێشە و ململانێ لەنێوان ئیسرائیل و ئوردوندا، لە ڕاستیدا ئەو چۆمە هیچی لە خاسەی لای خۆمان زیاتر نییە.. گەر ڕووی خۆمان بەرەو رۆژهەڵاتی خوارووی پارێزگای كەركوك وەرگێڕا، ئەوا چاومان بە چۆمی رۆخانە دەكەوێت كە بەناوچەی داقوقدا ڕەتدەبێت. لە خوارتریش چۆمی (ئاوەسپی) شارۆچكەی دووزخورماتو دەبڕێت. سەرەنجام لە خوارڕا هەر سێ چۆمی خاسە و ڕۆخانە و ئاوەسپی یەكدەگرنەوە و دەریاچەی (عوزێم) پێكدەهێنن.. جگە لەم پێنج سەرچاوە ئاوییە گرنگەی پارێزگای كەركوك، دەتووانین بەدەیان جۆگەلە ئاو و كارێز و بە هەزاران كانیاو لە گوند و لادێكانی شاری كەركوكدا بەدی بكەین. سەرەڕای زۆریی سەرچاوە ئاوییەكان لە شارەكەدا، بەڵام بەباشی بۆ كاروباری كشتوكاڵی نەخراونەتەكار. تاوەكو ئێستا بۆ نموونە میوە و دۆشاوی تەماتە لە وڵاتانی دەوروبەرەوە بەتایبەتی لە ئێران و توركیاوە بۆ بازاڕەكانمان دەهێنین. لەلایەكی تریشەوە دانیشتووانی شارەكە بەدەستی كەم ئاویی پاك و خاوێنی خواردنەوەوە ناڵاندوویانە. ئەم كێشەیەیش تازە و نوێ نییە و بگرە هەر لە سەردەمانی كۆنەوە سەرچاوەی گرتووە. دەوترێت لەسەردەمی پاشایەتیدا جارێكیان شافەیسەڵ ڕوو دەكاتە شاری كەركوك و لەگەڵ پیاوە ناسراوەكانی شارەكەدا كۆدەبێتەوە، لەبارەی كێشە و كەم و كوڕییەكانەوە پرسیاریان ئاراستە دەكات ؟ ئەوەبوو مەلایەكی ناسراوی ئەو سەردەمەیش بە خۆڕسكیەكی زۆرەوە دێتە وەڵام و دەڵێت: (یا پاشا كركوك عتشانە..!) بەو واتایەی : گەورەم كەركوك تینوویەتی و دانیشتوانی شارەكە كێشەی كەم ئاوییان هەیە..! زەوی و زار و كەش و هەوای پارێزگاكە شیاو و لەبارە بۆ ئاژەڵداری و بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و گەنم و جۆ و سەوزە و میوەی جۆراو جۆر. بەڵام سەرەڕای هەمووی دەبینرێت دەوروبەری شارەكە ڕووتەنی و بێ سەوزایی و بێ دارو دەوەنە. بەزۆری دڕك و داڵ و عاگوڵ و پێكوڵە لە هەموو شوێنێكدا ڕواون..! بۆی هەیە هەموو زەوی و زاری شارەكە بە سەوزایی و دار و دەوەن ئاوەدان بكرێتەوە. وەك زانراوە لە چەند ناوچەیەكی شارەكەدا و بەتایبەتی لەنێو چەمەكانی ژوورویدا داری گوێز و بەڕوو دەڕوێن. كە بەڕووەكی كوێستانی و شاخاوی دەناسرێن. لە خواروی شارەكەیشدا داری خورما و زەیتون و ترشەمەنی دەڕوێن كە بەڕووەكی بیابانی و پێدەشتی دەناسرێن.. بۆیە پارێزگاكە چەندین شێوە و ڕواڵەتی تۆبۆگرافی دەگرێتەخۆی وەكو چیا و گرد و بیابان و پێدەشتی و چەم و ڕووبار و كارێز و ناعور و كانیاو... چەندین ناوچەی شیاو و لەبار هەن تاوەكو دەستی چاكسازییان پێبگات و بكرێن بە زۆزان و شوێنی گەشت و گوزار وەكو ناوچەكانی نومرە هەشت لە شارۆچكەی دووبز و دەووروبەری شارۆچكەی پردێ و یاروەلی و چەمی گۆران و سەرخاسەی ژووروو خاڵۆ بازیانی و شیوەسوورو تەق تەق و... هتد .
بەعسییەكان نەك بە تەنیا دوژمنی مرۆڤ بوون، بەڵكو دوژمنی سەرسەختی سروشت و سەوزایی و ئاوەدانیش بوون. لە خوارووی وڵات و ناوچە شیعە نشینەكاندا چەندین ملیۆن دارخورمایان بڕییەوە. هەروەها لە دەووروبەری شاری كەركوك و تێكڕای كوردستانیشدا گوند و لادێكانیان ڕووخاند، دار و دەوەن و چەم و باخیان سووتاند و ئاوی كانیاویان كوێر كردەوە. بەڵام وەكو دەوترێت دار و دەوەنی كوردستان بەتایبەتی داری بەڕوو گوێز وەكو میللەتی كورد خۆڕاگرن. پاش سووتاندنیشیان بۆ جارێكی تر سەرلەنوێ دەڕوێنەوە. دەتوانین بڵێین كەم باخ و ڕەز و قەدپاڵی شاخ و كەژەكانی كوردستان هەن كە بۆ چەند جارێك لەلایەن بەعسییەكانەوە نەسووتابێتن. بەڵام خۆشبەختانە سەریان هەڵداوەتەوە و بۆ جارێكی تر سەوز بوونەتەوە. لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابوردوودا شەوێك لە گوندێكی بناری ڕیزە چیاكانی ڕۆژهەڵاتی دەربەندی بازیان بووم لە باكوری ڕۆژهەڵاتی شارۆچكەی چەمچەماڵ. لە كاتێكی درەنگانی شەودا بەعسییەكان ئاگریان لە دار و دەوەنی قەد چیاكە بەرداو، بەو تاریكە شەوە گڕ و بڵێسەی ئاگر لە هەموو لایەكەوە بەرزبووەوە. كابرایەكی گوندنشینی خاوەن ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتم بینی كە فرمێسك لە چاوانی دادەباری و زۆر بە كەساسی زەبوونییەوە دەیوت: هەرچەند تەماشای قەدپاڵی ئەو چیا گڕ گرتووە دەكەم، وەها هەست دەكەم كە كەللەسەری خۆم گڕی گرتووە و دەسووتێت..!
سەرچاوە: kirkuktv