گۆڕانكاریی لەناوچەكە بەڕێوەیە، پێشبینی دەكرێت ئەم بەهارە، بەهاری كوردی بێت

 

 

سەرتیپ جەوهەر

لێدوانی جەعفەر مستەفا و وتەبێژی حكومەت، لەبری چارەسەر پشكۆی ناڕەزایەتی گەشاندەوە

خۆپێشاندانەكان، خۆپێشاندانی خەڵكە نەك ئۆپۆزسیۆن، ئۆپۆزسیۆنیش بەشێكە لەم بارودۆخە

چاوچیسكۆ خەڵكی كۆكردەوە تا هەڕەشەیان لێبكات، كەچی وتارەكەی تەواو نەكرد رایكرد

پێدەچێت خۆپێشاندانەكانی سلێمانی زیاتر تەشەنە بستێنێ، پێشبینی دەكرێت گۆڕانكاریی لەناوچەكە رووبدات و كوردستانیش بەدەرنەبێت لەوگۆڕانكارییانە، پێشبینی دەكرێت مانگی داهاتوو بەهاری كوردی بێت.

لێدوان و قسەی بەشێك لەبەرپرسانی كوردستان لەماوەی چەند رۆژی رابردوو لەبارەی مانگرتووان و خۆپێشاندەرانی سلێمانیی لەبری موساهەمەبكات لەدامركاندنەوەی ئەو توڕەییەی خەڵك، بووەهۆی گەشاندنەوەی پشكۆ و ئاگری دڵی خەڵك كە زوڵم و ستەمكاریی دەسەڵاتدارێتی كوردستان دایپۆشیوە، بەپێچەوانەوە توڕەیی و خەڵكی زیاتر كرد.

لێدوانی جەعفەر مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و وتەبێژی حكومەت لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانی ئەو دەربارانە دەچوو كە بەرلەرووخانی رژێمەكانیان بێمنەتانە لەبری داننان بەستەمكاریی و خراپی حوكمڕانیی، تۆمەتی خراپیان خستەپاڵ مانگرتوان و خۆپێشاندەران.

لە مێژووی نوێی گەلاندا نمونەی زۆر لەوشێوەیە هەبووە، ئەنجامەكەی زۆر خراپ بووە. ئەوەی جێی سەرنجە، هەموو ستەمكارەكان هەمان رێچكەی یەكتر دەگرن و لەبری چارەسەری كێشەو گرفتەكان و كەمكردنەوەی ستەمكارییەكانیان، غرور بەری چاویان بەرنادات و سود لەرابردووی خۆیان نابینن و سەرئەنجام لێكەوتەكانی زۆر خراپتر دەبێت لەوەی چاوەڕێی دەكەن.

لەوڵامی توڕەیی خەڵكدا، (نیكۆلای چاوچیسكۆ) لەكۆتایی ساڵی 1989 دا، دەیان هەزار هاوڵاتیی بەزۆر هێنایە شەقام و لەبەردەم كۆشكە گەورەكەی رایگرتن تا هەڕەشە لەخەڵكی مەزلومی وڵاتەكەی بكات، بەڵام دوای تەنها 10 خولەك هەر ئەو خەڵكەی ئەو بە زۆر هێنابوونیە سەرجادە لێی راپەڕین و پەلاماریاندا، ئیدی وتارەكەی بۆ تەواونەكراو رایكرد. دوای سێ‌ رۆژ دەستگیركراو لەدادگاییەكی چەند خولەكی بڕیاری گولەبارانكردنی درا.

ئەو مانگرتن و خۆپێشاندانانەی سلێمانیی، خۆپێشاندانی هەموو خەڵكی كوردستانە نەك ناوچەیەكی دیاریكراو. خۆپێشاندانی ئەو خەڵكەیە كە دەیان ساڵە لەچاوەڕوانیی باشتربوونی حوكمڕانین. خۆپێشاندانی ئەو خەڵكەیە كە بەبەرچاویانەوە رۆژانە سەدان تەنكەر نەوت دەڕوات و ملیۆنەها دۆلاری داهاتی سنورەكان نازانن بۆكوێ دەچێت. پەرلەمانەكەیان داخراوە و حكومەتەكەشیان بووە بە حكومەتی كەمینەیەكی دەستڕۆیشتوو، لەبری ژیاندنی خەڵك، دەست بۆ گیرفانی خەڵك دەبات و لەهەموو كون و قوژبنێكەوە پارە لەخەڵك وەردەگرێت.

خۆپێشاندانەكەی سلێمانیی، خۆپێشاندانی خەڵكە نەك هیچ هێزێكی ئۆپۆزسیۆن. ئەگەر دەسەڵات و دەسەڵاتداران بەردەوامبووبن لە ستەم و ستەمكارییان، بەداخەوە زۆربەی ئۆپۆزسیۆنیش هەوڵدان بووە بۆ لەخشتەبردن و خاپاندنی خەڵك بەدروشم و موزایەدەی بریقەدار، بگرە بەشێك بوون لە ئەجێندای بێئومێدكردنی خەڵك. ئۆپۆزسیۆن تائێستا خاوەنی ئەجێندایەكی سیاسی و نەخشەڕێیەكی روون نین، بۆیە خەڵك ئەگەر دەنگیشی پێدابن لەبەرخاتری ئەوان نەبووە، بەڵكو لەبێچارەیی بووە، تەنانەت حزبی ئۆپۆزسیۆن هەیە ئامادەنییە یەك هەواڵیش لەتەلفزیۆنەكەی لەسەر خۆپێشاندەران بڵاوبكاتەوە.

بە كورتیەكەی، فشاری بەرەو گۆڕانكاریی زۆر زیادیكردووە. ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیەنە ژێرباری گۆڕانكاریی دۆخەكە لەگرێژنە دەردەچێت. هەمیشە پێشوەختە خەڵكانێك پێشبینی و ئامۆژگاریی دەسەڵاتدارانیان كردووە، بەڵام ئاسان نییە گوێگرتنیان، چونكە ئەوان لەناو چواردیوارێكی قایم، یان لەبەرزاییەكن نازانن لەخوارەوە چی دەگوزەرێت، ئەوەندەیان دەربارو بەرژەوەندیخواز بەدەورەوەیە رێنادەن بەرچاویان ببینن، سەرئەنجام كارلەكار دەترازێت و ئەنجامی هەموو ستەمكارانیش ئەوەیە كە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.

سەرچاوە : هاوڵاتی