مێژووی ئاوەدانكردنەوە
سەرچاوە مێژووییەكان و دانیشتوانی گوندی قەرەچێوار كۆكن لەسەر ئاوەدانكردنەوەی گوندەكەیان لە سەدەكانی 12 و 18 زاینی. بەهۆی بوونی چەند شوێنەوارێك لە ناوچەكەیان، مێژووی جێگیربوونی دانیشتوانی ئێستای قەرەچێوار بۆ زیاتر لە 200 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە لە جێگایەكی گوندەدا بەناوی بە قشڵاخی كۆن.
دانیشتوانی گوندەكە ئاماژە بە نیشتەجێبوونی هەردوو بنەماڵی حاجی قادر و حەمە زەلام دەكەن. سەبارەت بە ناولێنانی گوندی قەرەچێوار، دانیشتوانی گوندەكە دەڵێن لە دەوروبەری گوندەكە چوار گرد هەیە، چێوار بە واتای چوارچێوە دێت، قەرەش بەمانای رەش دێت، بە واتای چوار گردە رەشەكە هاتووە، دواتر بە هۆكاری گرفتەکانی ناوچەكە گۆڕاوە بۆ قەرەچێوار.
جوگرافیای قەرەچێوار
ئەم گوندە بە دووری شەش كیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەی قادركەرەمەوە دوورە، سنووری جوگرافی گوندەكە لە خۆرهەڵاتەوە قادركەرەم و چەمسورخاو، لە خۆرئاوایەوە هەریەك لە گوندەكانی ئالیاوە، گولەمەوە، لە باشوورییەوە گوندەكانی كۆرمۆر، مامە نیسكە-یە.
لایەنی كۆمەڵایەتی
گوندی قەرەچێوار خاوەنی دوو شوێنەوارە بە ناوەكانی خرابە و قەڵای گاوران، مێژووەكەی بۆ سەدەكانی 12 و 18 دەگەڕێتەوە، موڵكداریی ئەم گوندە دەگەڕێتەوە بۆ رەوانشاد شێخ عەبدولكەریمی قادر كەرەم، كوڕەكانی شێخ وەهاب و شێخ سەعید و شێخ جەعفەر و شێخ ئیبراهیم و شێخ محەمەد و براكانی شێخ حسێن و شێخ مستەفا و شێخ حەسەن كوڕانی عەبدولكەریم عەبدولقادر مەحمود ناسراو بە شێخ حەسەنی قەرەچێوار، ماوەیەكی زۆر لەم گوندە نیشتەجێ بووە، بۆیە گوندی قەرەچێوار لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق و ناوچەكە ناوی هەیە. خەڵكی گوندەكە دەڵێن لە قەرەچێوار ژنان رۆڵی دیار و بەرچاویان هەبووە، بە نموونە لە چلەكاندا ئاسیاوی نایلەخان هەبووە (نایلەی كچی شێخ عەبدولقادری گوللەنەبڕ بووە)، هەروەها سەلمەخان، ئەمە جگە لە دەیان ژنی دیكە.
لە گوندی قەرەچێوار گەلێك دەنگخۆش و هونەرمەند هەڵكەوتوون لەوانە هونەمەند سەعید مەلا ساڵح لەپێش ئەنفال چەندین گۆرانی بۆ تەلەفزیۆنی ئەوكاتەی كەركوك تۆمار كردووە، هەروەها دەنگخۆشەكانی تریش وەك محەمەد عاسە، حەسەن گوڵە و شێخ سەعید شێخ عەبدولكریم.
دڵشاد وەهاب شێخ عەبدولكەریم بەرزنجی دەڵێت «بەشێك لە كەسایەتییەكانی گوندی قەرەچێوار وەك شێخ حەسەنی شێخ محێدین، شێخ مەحمود شێخ محێدین، شێخ وەهاب، شێخ سەعید، شێخ جەعفەر، مەحمود رەشید زەنگەنە، بنەماڵەی مەحمود فەتاح زەنگەنە، مەلا ساڵح، محەمەد ساڵح قەرەچێوار، سابیر حەمە شەریف و حاجی سەعید»ن.
لە ساڵی 1970 بۆ یەكەمجار خوێندنگای سەرەتایی لە گوندی قەرەچێوار كرایەوە، یەكەم مامۆستاش هەردوو مامۆستا جەبار محەمەد شێخانی و یەڵماز ئیبراهیم بوو. بەپێی ئاماری ساڵی 1957 ژمارەی دانیشتوانی گوندەکە (109) كەس بوون، لە ساڵی 1988 پێش تاوانی ئەنفال ژمارەی خانووەكانی بریتی بووە لە 35 خانوو، ژمارەی خێزان 40 خێزان و ژمارەی دانیشتوانی 270كەس بوون.
دانیشتوانی گوندی قەرەچێوار لە كۆندا سەرقاڵی كاری كشتوكاڵی و ئاژڵداری بوون، بەهۆی بوونی ئاوی رووخان كە بەناو گوندەكەدا تێپەڕیوە، توانراوە سوودی زۆری لێ وەربگیرێت بەتایبەتی بۆ كاڵەك و شووتی و تەماتە و خەیار و مەرەزە و ... هتد، گوندی قەرەچێوار خاوەنی پێنج كانی بووە.
مێژووی تاوانەكانی جینۆساید
بۆ مێژوویەكی زۆر دوور ناگەڕێینەوە بەڵكو، دەگەڕێینەوە بۆ مێژووی بەعسییەكانی عیراق لە ساڵی 1963، حەرەس قەومییەكان لەكاتی پەلاماری بەشێك لە گوندەكاندا، هێرش دەكەنە سەر گوندی قەرەچێوار، دوای تاڵانكردنی دەیسووتێنن و هاووڵاتییەكی گوندەكە بە ناوی «تۆفیق ئەحمەد ئیبراهیم) شەهید دەكەن.
دانیشتوانی گوندی قەرەچێوار بەشداریی زۆربەی شۆڕشەكانی كوردستانیان كردووە، لەوانە شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بە رابەریەتی ی.ن.ك، لەم رێگەیەدا دەیان كەسیان دەبن بە پێشمەرگە و هێزی پیشتیوانی، بۆ نموونە «عەلی حەلاو قەرەچێواری» و شەهید «عەسكەر ئەلفە» فەرماندەی تیپی (59)ی حەمرین و چەندین كەسی دیكە.
شەهیدانی ئەم گوندە ژمارەیان زۆرن ژمارەیەك لەو شەهیدانە لەیەك خانەوادەن لەوانە «عەلی عەبدوڵڵا رەشید، باقی عەبدوڵڵا رەشید، فاتیحە عەبدوڵڵا رەشید، ئەركان عەبدوڵڵا رەشید) شەهید بوون، هەروەها سەید رەسوڵ و حەسەن رەسوڵ و ناسیح رەسوڵ شەهید دەبن.
وەك زۆربەی گوندەكانی كوردستان، لە ساڵی 1988 دانیشتوانەكەی بەر شاڵاوی ئەنفال دەكەون لە قۆناغی سێی ئەنفال دا، چواردە كەسیان لێ ئەنفال دەكرێت، بۆ ماوەی (15) ساڵ دانیشتوانەكەی راگوێزراون بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەكان، لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق، دووبارە دانیشتوانەكەی گەڕانەوە بۆ زێدی باب و باپیرانیان .
حەسەن مەلا