لە ئێوارەیەکی ئاوێزاندا بەگۆرانی و موزیک، بەئامادەبوونی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، یەکەمین کۆنسێرتی گروپی موزیکی خاک بەهاوکارى دەزگای میدیایی کوردسات بەڕێوەچوو.
لەو کۆنسێرتەدا کە ئێوارەى شەممە 5-11-2022، لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی بەئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆری هونەردۆست بەڕێوەچوو، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاک بەسازکردنی یەکەم کۆنسێرتی موزیک و گۆرانی، گروپی موزیکی خاکی بەئامادەبووان ناساند و بەپێشکەشکردنی ژمارەیەک بەرهەمی هونەری، سەرنجی ئامادەبوانیان راکێشا.
کۆنسێرتەکە بەپێشکەشکردنی بڕگەیەکی موزیکی پاڵپشت بە نمایشکردنی گەشتێکی ڤیدیۆیی بەنێو مێژوو و شارستانێتی و کلتور و نموونەی خاکی پیرۆزی کوردستان، لە دەرسیم و جولەمێرگ و کۆبانی و بەدلیس و قامیشلۆ و ئامەد و ئورمێ و هەورامان و هەموو شوێنێکی ئەم کوردستانە ئازیزە دەستيپێکرد.
دواتر و لەگەڵ پێشوازی گەرمی جەماوەری ئامادەبوودا، ئەندامانی گرووپەکە چەپکەگوڵ و سوپاس و پێزانینیان پێشکەشى خاتوو شاناز کرد بۆ سپۆنسەریکردنی کارەکانیان، بەتایبەت هاوکاریکردنیان بۆ سازکردنی ئەم ئیڤێنتە، پاشان چەندین گۆرانی پڕ هەست و جوانییان پێشکەشکرد.
سەرچاوە: knwe