گرووپێکی هەڵپەڕکێی کوردی شەش خەڵاتی فیستیڤاڵی فەرهەنگ و هونەری ئەرمینیای بەدەستهێنا

دەستەی هەڵپەڕکێی چالاکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەش خەڵاتی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فەرهەنگ و هونەر لە ئەرمینیا بەدەستهێنا.
رابەر کوردستان، هونەرمەند و گۆرانیبێژی دەستەی هەڵپەڕکێی چالاک، بە رووداوی راگەیاند، بەشانازییەوە دەستەی هەڵپەڕکێی چالاکی بانە لە فیستیڤاڵەکەدا بەشداربوو، هەروەها خۆی و هونەرمەندان کەریم ساڵحی و ئومید دەبباغی تێیدا بەشداربوون.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، شەوی رابردوو 17-7-2022 خەڵاتەکانی فیستیڤاڵ دابەشکران و دەستەی هەڵپەڕکێی چالاک زۆرترین خەڵاتی فیستیڤاڵی بەدەستهێنا و ئەم دەستکەوتە گرینگە پیرۆزی هەموو گەلی کورد بێت.

دەستەی هەڵپەڕکێی چالاک، خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەران بۆ پاراستنی فەرهەنگ و رەسەنایەتیی نەتەوەکان بەدەستهێنا، هەروەها پلەی دووەمی فیستیڤاڵ وەک باشترین گرووپی هەڵپەڕکێ و پلەی یەکەم وەک باشترین میوزیکی فیستیڤاڵ بۆ رابەر کوردستانی، کەریم ساڵحی و ئومید دەبباغی و دیپلۆمی شانازیی فیستیڤاڵی بەدەستهێنا.

خەڵاتی باشترین دەنگی فیستیڤاڵ و خەڵاتی مەزنی دەنگبێژیی فیستیڤاڵ بە رابەر کوردستانی بەخشرا.

ئومید زارعی هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کورستان، وەک ئەندامی لیژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵەکە بەشداربوو.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فەرهەنگ و هونەر، لە 15-17 تەممووزی 2022 لە شاری تساخکادزۆری ئەرمینیا، بە بەشداری 16 گرووپی چەندین وڵاتی جیهان بەڕێوەچوو.

 

سەرچاوە: rudaw