کەوتنی ئەردۆغان

ئومێد قەرەداغی

لە دوای مستەفا کەمالەوە ، هیچ سەرۆکیکی تورکیا بەقەد ئەردۆغان مەترسی نەبوە لەسەر کورد، کەس بەقەد ئەو پرۆژەی سرینەوەی کوردی نەبوە ، کەسیش وەک ئەو زیندانەکانی پڕ نەکردوە لە رۆژنامەنووس، لە سیاسەتمەداری نارازی ، لە ئەکادیمیست و هەڵسوراوی مەدەنی ، لە مێژوی تورکیادا لە دوای مستەفا کەمالەوە کەس وەک ئەردۆغان نەیتوانیوە لە یەککاتدا سوپا و دادگا و میدیا و پەرلەمان و توانای ئابووری بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە و هەموو ئەمانەش بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی رەهای خۆی و دوژمنایەتی کورد و بزوتنەوە ئازادیخوازییەکەی ئاراستە بکات، بۆیە کەوتنی ئەردۆغان گرنگترین دەستکەوتی ئەم قۆناغەیە، کەمال بێت یان جەمال یان شەیتان، هەرگیز نیوەی ئەو دەسەڵاتەی نابێت ئەردۆغان هەیەتی ، هەرگیزیش نیوەی ئەو مەترسیەی نابێت کە ئەردۆغان لەسەر کورد هەیەتی

کەوتنی ئەردۆغان کەوتنی یەکێک لە مەترسیدارترین دیکتاتۆرەکانی رۆژهەڵاتە ، ئەم پیاوە مەترسیدارە ، لە یەککاتدا یاری بە کارتی ئایین و نەتەوە و گەشەی ئابووری و جوڵاندنی یادەوەری رابردوو ئەکات ، لە مێژووی تورکیادا کەس وەک ئەردۆغان یاری بە شعوری دینی نەکردوە ، رۆژێک پەنجەی رابیعە بەرزئەکاتەوە ، رۆژێکی دیکە ئەیاسۆفیا ئەکات بە مزگەوت ، ساتێکی تر ئەردۆغان وەک فاشیستیکی نەتەوەیی رەفتار ئەکات ، پەنجەی وەک هێمای گورگە بۆرەکان بەرز ئەکاتەوە ، یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت ئەکات بە دروشمی سەرەکی دەوڵەت ، رۆژێکی دیکە کەڵکەڵەی فروانخوازیی عوسمانی زیندوو ئەکات و و لە یەکاتدا لە سوریا و عێراق و لیبیا و ئازەربایحان و قەتەر و زۆر شوینی دنیا هێزی هەیە و شەر ئەکات یان ئامادەیە بۆ شەر، رۆژێکی دیکە سەرقاڵی بونیدنان و گەشەی ئابوورییە و پرۆژەی ستراتیژی پرد و تونێل و رێگاو پرۆژەی پیشەسازی قورسە ، بە بێ دوو دڵی هەموو ئەمانەش بۆ سەپاندنی دەسەلاتی خۆی و دوژمنایەتی کورد تەرخان ئەکات ، لەسەر ئەم رەفتارانەی نزیکترین هاورێکانی خۆی بەجێیانهێشت ، عەبدوڵا گویل و عەلی باباجان و داود ئۆغلۆ و زۆری تر ،تەنانەت ئەردۆغان دەیان هەزار لەو پیاوە ریشدار و ژنە باڵاپۆشە گولەنیانەی خستە زیندانەوە کە لەیەکەم سەنگەرەوە پشت و پەنای ئەردۆغان بوون بۆ گەیشتنی بەدەسەڵات

ئەم هەڵبژاردنە روداوێکی گرنگە ، کەوتنی ئەردۆغان سەردەمێکی زۆر تاریک کۆتایی دێت، هەرچەندە من باوەرم وایە ئەردۆغان بێ کێشە دەسەڵات رادەست ناکات ، ئەو هەژموونی بەسەر هەموو جومگەکانی دەوڵەتدا هەیە و ئەگەری زۆر هەیە دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکات ، بەڵام پێویستە بە هەموو کوردێک ، هەموو ئازادیخوازێک بەشدار بێت بۆ کۆتایهێنان بە سەردەمی تاریکی ، سەردەمی ئەردۆغان

 

سەرچاوە : ئێستا نیوز